کۆبوونەوەیەکی باڵای ئابووری لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

عەلی عەللاوی وەزیری دارایی ئەمڕۆ یەکشەممە ئاشکرایکرد، کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی و لە بەغداد و لەم نزیکانە بەرێوەدەچن، ئەوەشی خستەڕوو “کە بارودۆخی دارایی زۆر باشە”.

وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێكدا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، “کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی و چەندین دامەزراوەی سەرەكی تر لە واشنتن سەركەوتوو بوو”، ئەوەشی وت،”ئێمە گەیشتووینەتە چەند رێککەوتنێک، کە گرنگترینیان پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازییە”.

وتیشی، “لە بەغداد کۆبونەوەیەک بەم نزیکانە بەڕێوەدەچێت ئەوەش لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی، کە لە دوای جەژنی ڕەمەزانەوە دەبێت و پێویستە بە شێوەیەکی تەکنیکی و ڕاوێژکاری پشتیوانی لێبکرێت، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی تواناکانی حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت و پرۆژەی چاکسازی بەردەوام بێت”.

وەزیری دارایی ئەوەشی وت، “ئەو پشتیوانییە لە دەرەوەی چەمکی چاکسازییە بۆ کەرتی گشتی و دەمانەوێت پشتیوانی حکومەت کەمبکەینەوە بەتایبەتی بۆ ئەو کەرتانەی کە دەتوانن بەبێ پشتیوانی حکومەت بەرەوپێش بچن”، هەروەها عەللاوی وتیشی، “ئێمە ڕێککەوتنێکی ستراتیژیمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە بەتایبەتی لایەنی ئابووری کە ئێستا دەمانەوێت ئەنجامی بدەین”.