ئا: رێژەن سەردار
کچێک پاش ئەوەی بەشی کشتوکاڵی داپۆشراو لەزانکۆی سلێمانی تەواو دەکات، لە نهۆمێکی ماڵەکەی خۆیان پرۆژەیەکی قارچکی سەدەفی دادەمەزرێنێت، ئەو ئاماژە بەوە دەکات بەرھەمەکەی پاکو سروشتییە ھیچ جۆرە سەمادو خۆڵو دەرمانێکیش لەبەرھەمھێنانیدا بەکارنایەتو دەڵێت “بەرھەمەکانم خواستێکی باشی لەسەرە، ھەر کاتێک دەینێرم بۆ دوکاندارەکان ھەر ئەو ڕۆژە تەواو دەبێت”.
شەیما ئەحمەد، خاوەنی پرۆژەی قارچکی سەدەفی بەرۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” رایگەیاند “دوای ئەوەی کە بەشی کشتوکاڵی داپۆشراوم تەواو کرد، ھەوڵمدا پرۆژەیەکو تاقیکردنەوەیەکی کشتوکاڵی بکەم کە لەپسپۆڕیەکەی خۆمەوە نزیک بێت، پڕۆژەی قارچکی سەدەفیم دامەزراند، ھۆکاری دەستکردنیشم بەم کارە ئەوە بوو دوای تەواوکردنی زانکۆ بێکار بووم، ھەوڵمدا ببمە خاوەنکاری خۆم، جیا لەوەش حەزو خولیایەکی زۆرم ھەیە بۆ کارەکەم، لەو کاتەوەی خوێندکاری زانکۆ بووم، لێکۆڵینەوەو بەدواداچونم بۆ پرۆژەکە کردوە، ھەوڵم داوە دەستپێبکەم، خۆشبەختانە گەیشتم پێیو لەئێستادا کار دەکەمو زۆر خۆشحاڵیشمو متمانەشم بەخۆمە کە لەم کارەدا سەرکەوتوو بووم”.
شەیما ئەوە رون دەکاتەوە کە بڕی بەرھەمھێنان لە پرۆژەکەیدا پەیوەستە بەکەشوھەواوە، ئەو وتی “ھەتا کەشوھەوا گونجاو بێت، بڕی بەرھەم زیاد دەکات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەو پرۆژەیەی من دامناوە بەھۆی ئەوەی کارەکەم لەئێستادا زۆر گەورە نیە، نزیکەی ٨٠ کیلۆ قارچک بەرھەم دەھێنم لەماوەی مانگێکدا، بەمەرجێک کەشوھەوا گونجاو بێت، بڕی بەرھەمھێنان مانگانە دەگۆڕێت”.
وتیشی “ئەم زستانە کاتی بەفرو ئەو بەستەڵەکەی بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەسەرەتای ئەمساڵدا کوردستانی گرتەوە، زیان بەر پرۆژەکەم کەوتو بەشێکی زۆر لەبەرھەمەکەی لەناو برد، لەبەرئەوەی ئامێری پێوستم نەبوو بتوانم بەرهەمەکەم بپارێزمو کۆنترۆڵی کەشوھەوایەکی بەوجۆرەی پێبکەم”.
بەرهەمهێنانی قارچک پێویستی بەكەشو هەوایەکی لەبارە كە پلەی گەرمییەكەی لەنێوان ٢٥ تاوەكو ٢٧ سەدیدا بێت لەدو هەفتەی یەکەمی بەرهەمهێنانیداو دواتر دەبێت پلەی گەرمییەكەی بۆ ١٩ پلە دابەزێندرێت، پێگەیشتنی قارچکیش لەموەی ٢٢ رۆژ تا ٣٥ رۆژدا دەبێت.
شەیما ئاماژە بەوەش دەکات کە لەڕووی نرخەوە بەرھەمەکانی ھاوشێوەی نرخی بەرھەمەکانی دیکەی بازاڕە، بەڵام لەڕووی کوالێتیەوە جیاوازە، ئەو وتی “بەرهەمەکەم کوالێتیەکەی زۆر بەرزەو بەرھەمێکی پاکو سروشتییەو بەبێ بەکارھێنانی خۆڵو سەماد بەرهەم دێتو ھیچ جۆرە دەرمانێک لە بەرھەمھێنانیدا بەکارنایەت، هەربۆیە لەلایەن ھاوڵاتیانو بەقاڵەکانەوە خواستێکی باشی لەسەرە، ھەر کاتێک بەرھەمەکان دەنێرم بۆ دوکاندارەکان ھەر ئەو ڕۆژە تەواو دەبێت، دوبارە داوای دەکەنەوەو ناو دەنوسن تاکو کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکە ئاگاداریان بکەمەوەو بێن بیکڕنەوە، بەگشتی ھاوڵاتیان لەسلێمانیو کەرکوکو ھەولێر دێنو دەیکڕن، بەڵام بەداخەوە من خۆم گەیاندنم نیە بۆ شارەکان”.
وتیشی “بەداخەوە لەلایەن حکومەتو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هیچ هاوکارییەکو ئاسانکارییەکم بۆ نەکراوە، تەنھا دەستخۆشیم لێکراوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵو شارەوانیەوە بەبێ ئەوەی ھیچ جۆرە ھاوکارییەکم بکەن کە بتوانم پڕۆژەکەم گەورە بکەمو ھەلی کاری زیاتر بڕەخسێنم، سەرەڕای ئەمەش پرۆژەکەم سەرکەوتووە، ھیوادارم ھاوکارم بن لە فراوان کردنی”.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پڕکردنەوەی پێداویستەکانی بازاڕ لەلایەن پرۆژەی بچوکو تاکەکەسیەوە رۆژ بەڕۆژ روو لەزیادبونەو خانمان ڕۆڵی بەرچاو دەبینن لەپشتبەستن بەکاری خۆیانو ئەنجامدانی پرۆژەی بچوکو تاکەکەسی، بەتایبەتی ئەو کچانەی خوێندنی زانکۆو پەیمانگاکان تەواو دەکەن، ئێستا رێژەیەکی بەرچاو لەزۆربەی کارو پیشەکان ژنانن.
شەیما باس لەوە دەکات پڕۆژەی قارچکی سەدەفییەکەی ھەلی کاری بۆ ٥ گەنج ڕەخساندوەو خێزانەکەشی ھاوکارین لەبەڕێوەبردنی پڕۆژەکەدا، ئەو وتی “زۆر گرنگە خانمان خاوەن ئیشو کاری خۆیان بن ھاوشانی پیاوان لەدەرەوەی ماڵ کار بکەن، پێوستە خانمان ھەوڵبدەن بەگوێرەی بەھرەو تواناکانی خۆیان کار بکەنو حەزو خولیاکانیان بەدیبھێنن، دڵنیام دەتوانن کاری ناوازە بکەن”.
قارچک یەکێکە لەو خۆراکانەی لەکوردستاندا خواستی لەسەرەو ساڵ بەساڵیش رێژەی بەرهەمهێنانی زیاتر دەبێت، لە١٠ ساڵی رابردودا چەندین كارگەی بەرهەمهێنانی قارچك لەهەرێمی كوردستان دامەزراون. ئەمەش وایکردوە ئەو قارچکەی لەهەرێمی کوردستان بەرهەمدێت، زۆر لەپێویستی ناوخۆ زیاتر بێت، ئێستا بەشێکی بەرجاو لەبەرهەمی کارگەکانی قارچک هەناردەی شارەکانی ناوەڕاستو خوارووی عێراق دەکرێت.
شەیما جەغت لەوە دەکات کە جۆری بەرهەمەکەی زۆر جیاوازە لەو بەرهەمانەی دەخرێنە بازاڕەوە، بەو پێیەی بەرھەمێکی پاکو تەواو سروشتییە، هەچەندە رێژەیەکی کەمی لێبەرهەم دێت، بەڵام لەبازاڕدا نامێنێتەوە، ئەو وتی “بەرھەمەکانم تەنھا لەناو قەزای بازیانو سلێمانی دەفرۆشم، بەداخەوە گەیاندنم نیە، ئەگینا لەشارەکانی تریش خواستی لەسەرەو خۆیان دێن دەیکڕنو دەیبەن”.
ویشی “ھەموو پرۆژەیەک کێشەو گرفتی ھەیە، ئیشەکەی منیش بەدەر نیە لەکێشەو گرفتەکان، یەکێک لەکێشەکانم ئەوەیە شوێنی پێوستم نیە بۆ فراوانکردنی پڕۆژەکەم، دووەمیش خۆم تەنھامو کەس ھاوکاری نەکردوم، بەمەرجێک تەنانەت لەناوەڕاستو خواروی عێراقیش چەندین قەرزی کشتوکاڵیو ھاوکاریو ئاسانکاری بۆ خاوەن پرۆژەکان دەکرێت، بەڵام من لێرە لەسلێمانی شارەوانیو کشتوکاڵیش ھیچ جۆرە ھاوکاریو ئاسانکارییەکیان بۆ نەکردوم، کێشەیەکی تری پڕۆژە کشتوکاڵیەکان بریتیە لەکەشوھەوا، کە لەناکاو دەگۆڕێتو زیانی زۆر لەبەرھەمەکانمان دەدات لەبەرئەوەی ھیچ جۆرە ئامێرێک نیە تاکو بەکاریبھێنین بۆ ڕێکخستنی کەشوھەواو ئاودان”.