ستاڤرۆف کریمز، کونسوڵی یۆنان لە هەولێر سەردانی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی کرد و لەلایەن سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور و ئازاد شمقار ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژوور پێشوازی لێکرا.
لە کۆبونەوەیەکدا سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی باسی لە باردۆخی ئابوری و وەبەرهێنان کرد لە شاری سلێمانی و رایگەیاند ”سلێمانی لەبواری پیشەسازیدا لەسەر ئاستی عێراق پێشەنگە، لە ئێستاشدا گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ دەدەین بۆ ئەم مەبەستە بەشی راوێژکاری کشتوکاڵیمان کردۆتەوە کە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی جوتیاران و ئەو بازرگانانەی لە بواری کشتوکاڵدا و پەلەوەر و ئاژەڵداری کاردەکەن و بەشەکە چەندین روپێوی بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ڕەوشی کشتوکاڵ ئەنجامداوە لەگەڵ کردنەوەی خولی بەهێزکردن بۆ ئەندازیارانی کشتوکاڵی”.
لای خۆشیەوە ستاڤرۆف کریمز، کونسوڵی یۆنان رایگەیاند ”دەمانەوێت گرنگی بە وەبەرهێنان بدەین لە شاری سلێمانی بە تایبەتی لە بواری پیشەسازی کشتوکاڵیدا، لەبەر ئەوەی یۆنان لەم بوارەدا سەرکەوتنی گەورەی بە دەستهێناوە و زەوی و کەشوهەوای کوردستانیش زۆر لەبارە بۆ کشتوکاڵ کردن و خاکی کوردستان زۆر بەپیتە، هانی کۆمپانیاکانی یۆنان دەدەین لەم بوارەدا وەبەرهێنان بکەن”.
ئاماژەی بەوەشدا، لەسەرەتای ساڵی داهاتودا پيشەنگایەکی کشتوکاڵی لە وڵاتی یۆنان دەکرێتەوە و بازرگانانی شاری سلێمانی کە لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن لەرێگەی بەشی پەیوەندییەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە دەتوانن بەشدار بن.