“کوردستان دەیەوێت ببێتە پێشەنگی عێراق لەبەرهەمهێنانی ماسیدا”

ئا:زریان محەمەد

داوادەکرێت سامانی ماسی لەهەرێمی کوردستان گرنگی زیاتری پێبدرێت‌و ببێتە پێشەنگ لەبەرهەمهێنانی ماسیدا وەک یەکێک لەسەرچاوەکانی داهات بۆ خەڵکی کوردستان‌و ڕێکخستنەوەی تەواو لەم کەرتەدا ئەنجام بدرێت، ئەمە لەکاێکدایە لەباشورو ناوەڕاستی عێراق بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران حەوزەکانی ماسی پڕ کراونەتەوە.

سەلاح مەجید رەسوڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی لەهەرێمی کوردستان دەربارەی ڕەوشی سامانی ماسی لەهەرێمی کوردستان بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” رایگەیاند “پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی لەم چەند ساڵەی دوایدا زیادیان کردوەو بەردەوامیش لەزیادبوندان، لەبەر ئەوەی زەمینەی گونجاو ڕەخساوە بۆ گەشەکردنی ئەم کەرتە، لەئێستادا بەپێی ئامارە نافەرمیەکان 4000 حەوزی بەخێوکردنی ماسی هەیە لەکوردستاندا”.

راشیگەیاند “پاش ئەوەی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی ماسی (حەوزەکان) لەباشورو ناوەڕاستی عێراق بەهۆی جێبەجێ کردنی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدڕالەوە پڕ کراونەتەوە بەبیانوی نەبوونی ئاو، نایەکسانی لەدابەشکردنی ئاو بەمەبەستی ئاودێری کشتوکاڵی، ‎ئەمە لەکاتێکدایە کە خەڵکی ئەم ناوچەیە خواستیکی زۆریان هەیە بۆ خواردنی ماسی، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە بازاڕێکی گەرمی بەرهەمی ماسی بۆ تەواوی ناوچەکانی عێراق، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە پێشەنگ لەبەرهەمهێنانی ماسیدا وەک یەکێک لەسەرچاوەکانی داهات بۆ خەڵکی کوردستان پێویستە ڕێکخستنەوەی تەواو لەم کەرتەدا ئەنجام بدرێت”.

ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆکى کۆمەڵەى نیشتمانى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی لەعێراق رایگەیاندوە “بەهۆى بڕیارێکى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو، نرخى ماسی بەرزبووەتەوەو پێشبینیدەکرێت بگاتە 15 هەزار دینارو ئەگەر دۆخەکە وابڕوات پڕۆژەکانمان دەگوازینەوە بۆ هەرێمى کوردستان، بەوپێیەى ئاوى روبارەکانى زۆرەو یاساکانیشیان جیاوازە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى”.
 
راشیگەیاندووە “بەهۆى بڕیارێکى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بۆ رووخاندنى حەوزەکانى بەخێوکردنى ماسی کە لەسەر رووبارەکان دروستکراون، نرخى یەک کیلۆ ماسی بەرزبووەتەوە بۆ 10 هەزار دینارو پێشبینیدەکرێت تاوەکو دوا مۆڵەتى لادانى ئەو حەوزانە، نرخەکەى بگاتە 15 هەراز دینار”.
 
بەگوێرەى بڕیارەکەى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق، دەبێت تاوەکو سەرەتای مانگی تەمموزى ئەمساڵی 2023 سەرجەم ئەو حەوزانەى ماسی لەشارەکانى نێوەڕاست‌و باشوورى عێراق لابدرێن کە لەسەر رووبارەکان دروستکراون، لەبەرئەوەی ئەو حەوزانە زیان بەسامانی ئاو دەگەیەنن لەناوەڕاست‌و باشوری عێراقدا.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاودەبنەوە پێشتر ئەو حەوزانە لەنوەڕاست‌و باشوری عێراق ساڵانە نزیکەى یەک ملیۆن تۆن بەرهەمى ماسییان هەبووە، ئێستا بەهۆى رێکارەکانى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو، بۆ 400 هەزار تۆن کەمبووەتەوە.
 
وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق دەیەوێت لەڕێگەی ئەم رێکارو بڕیارەوە چارەسەری کەمبوونەوەى ئاوى هەردوو رووبارى دیجلەو فورات بکات‌و بڕى پێویست بەشارەکانى باشور بگات کە بەهۆى گلدانەوەىی لەحەوزەکانى ماسی‌و بەتایبەتی ئەو حەوزانەی زیادەڕۆیین کەمتر دەگات.
 
 

لەبارەی ڕێکخستنەوەی سامانی ماسی لەکوردستان ، سەلاح مەجید رەسوڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی لەهەرێمی کوردستان وتی “پێویستە ڕوپێویەکی تەواو بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی بەخیوکردن لەهەرێمی کوردستاندا ئەنجامبدرێت بۆ زانینی ئاستی بەرهەمهێنان لەکوردستانداو هانی سەرمایەداران بدرێت ڕووبکەنە ئەم کەرتەو پڕۆژەی گەورەو ستراتیجی دروستبکەن‌و کار بکرێت بۆ دۆزینەوەی بازاڕ لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی حەوزەکان بەدرێژایی وەرزەکانی پایزو زستان کە بەرهەمی خۆماڵی زیاد لەپێویستی ناوخۆیە”.

وتیشی” پێویستمان بەدروستکردنی بازاری هاوچەرخی ماسی هەیە بەتایبەتی لەو ناوچانەی بەرهەمی ماسییان تێدایەو گرنگیدان بەسیستەمی مۆدرێن لەبەرهەمهێنانی ماسیدا بەتایبەتی داخراوو پێویستە کار بکرێت بۆ پێگەیاندنی کادری پراکتیکی‌و پسپۆری سامانی ماسی چونکە پێویستە هاوتەریب لەگەڵ گەشەی ئەم کەرتەدا کادری مەیدانی بەتوانا پێبگەیەنین”.

سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی ئاماژەی بەوەشدا پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان گرنگی زیاتر بەکردنەوەی خولی ڕێنمایی بەردەوام بدەن بۆ خاوەن پڕۆژەکانی بەخێوکردن بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوونیان بەزانستی بەخێوکردنی ماسی‌و زاڵبوون بەسەر کێشەو گرفتەکانی بەرهەمهێنان. لەبەرئەوەی لەئێستادا بەشێکی زۆری هاوڵاتیان خواستیان لەسەر خواردنی ماسی زیادی کردووە، بەمەش پڕۆژەی حەوزی ماسی زیادی کردووەو خاوەن پرۆژەکانیش لەبەرهەمهێنانی ماسی بەردەوامن.