ئا: رێژەن سەردار
لێکەوتەی روداوەکانی پاش سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی‌و جەنگی داعشەوە كە لەكۆتایی ساڵی 2010وە دەستیپێکرد، وایكرد چەندین وڵات بەدەست قەیرانی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتییەوە بناڵێنن، سەرباری ئەمەش دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەساڵی 2019وەو بڵاوبونەوەی بەتەواوی وڵاتانی جیهاندا باری سەرشانی ئەم وڵاتانەی زیاتر قورس كرد، ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی هەرەس هێنانی ئابوری چەند وڵاتێک، سەرهنجامیش بەهای دراوی زۆرێك لەوڵاتان بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان‌و عێراقدا، تووشی دابەزینێكی زۆر بوون كە لەمێژووی ئەو وڵاتانەدا هاوشێوەی نەبووە.
سەبارەت بەكاریگەری ئەم ڕووداوانە بۆ سەر ئابووری هەرێمی كوردستان، یوسف شه‌ریف، ئابووریناس به‌رۆژنامه‌ی “بازرگانی‌و پیشه‌سازی” راگه‌یاند ‘هەموو گۆڕانكارییەكی ئابووی كە لەو وڵاتانەدا ڕوودەدەن كە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەرمان چونكە عێراق‌و هەرێمی كوردستان بۆ دابین كردنی زۆربەی پێداویستییە ناوخۆییەكان پشت بەهاوردەی دەرەكی دەبەستن، پێویستە كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی زانستی شرۆڤەو ڕێبەری ئەو كارەسات و قەیرانانە بكەن لەسەر وڵات، چونكە دەتوانرێت بەشێك لەو قەیرانە ئابوریانەی لەو وڵاتانەدا ڕوودەدەن وەك دەرفەت سەیر بكرێن بەشێكیشی وەك كارەسات‌و زیان بۆ سەر ئابووری هەرێم. ئەو وتی “بەنموونە دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتانە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی كاڵاكانیان، سەرەنجامیش ڕێژەی هاوردە زیاد دەكات‌و بەرهەمە ناوخۆییە هاوشێوەكانیشمان ناتوانن كێبڕكێی ئەم نرخە هەرزانە بكەن‌و دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بەكارگەو ئەو بەرهەمە ناوخۆییانەی كە هەمانە، ئەمەش ئایندەیەكی خراپی دەبێت بۆ بەرهەمی ناوخۆییمان كە لەئێستاشدا ئەم دیاردەیە بەدی دەكرێت، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی زانستیانە ئیدارەی ئەم بابەتە بكات‌و ڕێنمای نوێ دەربكات بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییە هاوشێوەكان. بەدیوێكی تردا دەتوانین وەك دەرفەت سود لەو دابەزینی نرخە وەربگرین كە لەو وڵاتانەدا ڕوودەدەن بۆ هاوردەو هێنانی ئەو كەرەستەی سەرەتاییانەی پێویستن بۆ كارگەكانمانو ئامێر‌و هێزی كاری شارەزا كە هاوشێوەیان لەوڵاتەكەماندا نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی بەرهەمی ناوخۆیمان”.
بەڵام دکتۆر یونس عه‌لی ئه‌حمه‌د، مامۆستای زانکۆی سلێمانی سەبارەت بەكاریگەرییەكانی دابەزینی بەهای دراوی بیانی لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان پێیوایە له‌سه‌ر ئاستی جیهان سه‌رجه‌م هاوڵاتیان کاریگه‌رن بهفاکتهرەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ريمی کوردستان خاوه‌نی دراويکی سه‌ربه‌خۆ نیه‌و دراوی عێراقی به‌کاردێت، دراوی عێراقیش کاریگه‌ره به‌سێ جۆری دیکه‌ی دراو، دۆلار زۆر کاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر دراوی عێراقی، دواتر دراوی چینی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بهڕيژهیهکی به‌رچاو ساڵانه کاڵاو شتومه‌ک له‌چینه‌وه هاورده‌ی کوردستان ده‌کرێت، دراوی وڵاتانی دراوسێش کاریگه‌ری له‌سه‌ر دیناری عێراقی هه‌یه، که پيشتر سوریا‌و تورکیا‌و ئێران بوو، به‌ڵام ئێستا سوریا به‌هۆی جه‌نگه‌وه ئابوورییه‌که‌ی زۆر لاواز بووه، ناتوانرێت پشت به‌هاورده‌کردن ببه‌سترێت له‌سوریاوه، زیاتر تورکیا‌و ئێرانه، له‌و دوو وڵاته هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک ڕووبدات ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ری له‌سه‌ر عێراق‌و کوردستان ده‌بێت، به‌تایبه‌تی گۆڕانکاری له‌نرخی دراو، ئەو وتی “ئابووری هه‌رێمی کوردستان پێده‌وترێت ئابووری بچوک یاخود کراوه واتا به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی پشت ده‌به‌ستێت به‌هاورده‌کردن له‌وڵاتانه‌وه، ئه‌و هاوردهکردنانهش یاخود به‌دۆلاره یان به‌دراوی ئه‌و وڵاتانه ده‌کرێت، له‌به‌رئه‌مه هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک له‌ئابووری ئه‌و وڵاتانه ڕووبدات ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر هاورده‌کردنی کوردستان وه‌کو قه‌باره‌و ئه‌و کاڵایانه‌ی که هاورده‌ی ده‌که‌ین، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی بژێوی خه‌ڵک، له‌به‌رئه‌وه‌ی میلله‌تی ئێمه به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی دهاتی له‌ڕێگه‌ی موچه‌وه ده‌ستده‌که‌وێت، موچه‌ش ڕه‌چاوی ئه‌وه ناکات چ گۆڕانکارییه‌ک له‌دراوی وڵاتان ڕووده‌دات، ته‌نها باسی ئابوورییه‌کی تەندروست ده‌کات له‌ناوخۆدا، بۆیه گۆڕانکاری له‌به‌های دراو کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر قه‌باره‌ی هاورده‌کردنمان له‌گه‌ڵ کواليتیو نرخی ئه‌و کاڵایانه‌ی که هاورده‌ی کوردستان ده‌کرێت، هه‌ندێک جار بارگرانی دروست ده‌کات هه‌ندێک جاریش ده‌بێته سوود بۆ هاوڵاتیان به‌و مه‌رجه‌ی که بازرگانه‌کانمان ئه‌و کاڵاو شتومه‌کانه بهێنن که کوالێتی به‌رزه‌و نرخی گونجاوه”.
وتیشی “دراوی چینی یان ئێرانی‌و تورکی ئه‌گه‌ر به‌رز ببنه‌وه هاوڵاتیان لای ئێمه زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین، له‌به‌رئه‌وه‌ی نرخی ئه‌و شتومه‌کو خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌و وڵاتهنهوه هاورده‌ی ده‌که‌ین گران ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نرخی دراوه‌که‌یان داببه‌زێت ئێمه سودمه‌ند ده‌بین به‌و مه‌رجه‌ی بازرگانه‌کان هه‌له‌که نه‌قۆزنه‌وه که ئه‌مه‌ش دوو جۆره، جۆرێکیان شهرعیو یاساییه بازرگانان مافی خۆیانه شتومه‌ک و خزمه‌تگوزاری هاورده بکهنو به‌و نرخه بیفرۆشن که خزمه‌تی ئیشه‌که‌یان ده‌کات، به‌ڵام جۆرێکی تری هه‌ل قۆستنه‌وه هه‌یه ناشهرعیو نایاسایییه که دراوی وڵاتان داده‌به‌زێت، بازرگانه‌که ئاماده نیه نرخی کاڵاکه داببه‌زێنێت به‌ڵکو له‌سه‌ر نرخه کۆنه‌که ده‌ڕوات، دیارده‌یه‌کی ناشرین هه‌یه لای ئێمه له‌کوردستان که نرخی کاڵایه‌ک زیاد ده‌کات سه‌رجه‌م فرۆشیاران نرخه‌که‌ی زیاد ده‌که‌ن، به‌ڵام که نرخه‌که‌ی داده‌به‌زێت به‌ئاسانی نرخی دانابه‌زێت، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر نرخی گاز یان بەنزین 100 دینار زیاد بکات کرێی گواستنه‌وه 5 بۆ 10 هه‌زار زیاد ده‌کات، له‌م کاته‌شدا هاوڵاتیانی کوردستان هه‌ست به‌و سووده ناکات ئه‌گه‌ر دراوه‌کانیش داببه‌زێت”.
دکتۆر یونس ئاماژە بەوەش دەکات کە دابه‌زینی به‌های دراو کاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌می ناوخۆش ده‌بێت، ئەو وتی “ئه‌گه‌ر کارگه‌کانی کوردستان ئامێره‌کان بکڕن قازانج ده‌که‌ن چونکه نرخه‌که‌ی داده‌به‌زێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کارگه‌کان دابه‌شکار بن شتومه‌ک بهێننو بیفرۆشنه‌وه کارگه‌کان زیان دهکهنو ڕوبه‌رووی داخستن ده‌بنه‌وه ده‌ڵێن ناتوانین رکەبەری به‌رهه‌می ده‌ره‌کی بکه‌ین، ئێستا له‌ئێران ئه‌م حاڵه‌ته هه‌یه زۆرێک له‌کارگه‌کان له‌کار کهوتونو ده‌ڵێن ناتوانین کێبرکێ به‌رهه‌می چینی بکه‌ین، کارگه‌کانی کوردستانیش وایه ته‌نها ئه‌گه‌ر پێداویستی خاو‌و ئامێر بهێنن سوودمه‌ند ده‌بن له‌به‌رئه‌وه‌ی تێچوی به‌رهه‌مهێنان که‌م دهبێتهوهخ نرخه‌کان داده‌به‌زن”.
وتیشی “زۆرجار بازرگانان باس له‌وه ده‌که‌ن به‌هۆی ناجێگریی ڕه‌وشی ئابوری کوردستانه‌وه شتومه‌ک به‌قه‌باره‌یه‌کی زۆر هاورده ده‌که‌ن، به‌شی چه‌ند مانگێک کاڵا ده‌هێنن، له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌ک نرخه‌کانی گران بێت نه‌ک رێگه نه‌بێت وای لێدێت ئه‌و بازرگانه به‌شی دوو ساڵ کاڵا ده‌هێنێت، هه‌رچه‌نده دۆلار‌و لیره‌و تمه‌ن بگۆڕێت ئه‌م کاریگه‌ری له‌سه‌ر نابێت، چونکه پيشتر هاورده‌ی کردوه، ئاماده نییه کاڵاکانی به‌زیان بفرۆشێت، بۆیه زۆر جار دابه‌زینی دراو هه‌ستی پێناکرێت”.