ئا: زریان محەمەد
گەزۆو لوقم بەکوالێتی بەرز لەلایەن کارگەیەکەوە لەشاری سلێمانی بەرهەم دەهێنرێتو هەناردەی دەرەوەی وڵاتی دەکاتو لەناوخۆو شارەکانی خواروی عێراق خواستی زۆری لەسەرە.
ڕێبوار ڕەفیق، خاوەنی کارگەی شیرینی ژیر لەشاری سلێمانی دەربارەی کارگەکەیو بەرهەمەکانی بۆ “ڕۆژنامەی بازرگانیو پیشەسازی” وتی “کارگەی شیرینی ژیر تایبەتە بە بەرهەم هێنانی گەزۆو هەمو جۆرێکی لوقمو سجوقو کونجیو لەبزینە، کە لەچەند بەشێکدا خۆی دەبینیتەوە، بەشێکمان تایبەتە بەلەبزینەو گەزۆو کونجی، بەشێکیان تایبەتە بەلوقم دروستکردن، بەشێکی تر تایبەت بەدروستکردنی سجوق، بەشێکیشمان تایبەتە بەپێچانەوەو فرۆشتن”.
وتیشی “لەکارگەکەماندا زیاتر لە ٥٠ جۆر لوقم دروست دەکەینو هەموو جۆرە گەزۆیەک دروست دەکەین بەفستقو گوێزو سجوق پێنج جۆر دروست دەکەین، گەزۆکەمان بێ شەکرەو چەند جۆرێکی لوقمان هەیە بێ شەکرەو چەند جۆرێکمان هەیە لەمیوەی وشک دروست دەکرێتو سجوقەکەمان بێ شەکرە، چونکە ئەو جۆرانەی بێ شەکرن خواستو داواکاری زۆری لەسەرە، نەک هەر لەناوخۆدا بەڵکو لەهەموو جیهاندا زۆرتر بەکاردێتو داواکاری لەسەرە”.
لەبارەی بەرهەمهێنانی کارگەکەیان وتی “کارگەکەمان زۆرتر لەسەر داواکاری کاردەکات، ئەو کەسانەی پێویستیان بەجۆرێک لەشیرینی دەبێت داوامان لێدەکەنو بەپێی داواکاریەکانیان بۆیان بەرهەم دەهێنین، لەو جۆرانەی پێویستیانە، بەڵام توانای کارگەکەمان لەرۆژێکدا سێ تۆن دەتوانێت دروستبکاتو توانامان هەیە بەرهەمهێنان زیاتر بکەین کە دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ پڕکردنەوەی بازاڕ”.
ئاماژەی بەوەش دا “فرۆشتنی بەرهەمەکانمان لەناوخۆدا لەتەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستانو شارو شارۆچکەکان بڵاوکردۆتەوەو لەشارەکانی خواروی عێراق بریکاری تایبەت بەخۆمانمان هەیەو لەتەواوی شارەکاندا دابەش دەکرێتو بەشێوەی تەندروست هەڵدەگیرێتو ڕەوانە دەکرێت بۆ هەموو شارەکانی عێراق”.
ئەوەشی ڕاگەیاند “کارگەی ژیر بریکاری تایبەتی هەیە لەئیمارات کە دابەشکردنو بڵاوکردنەوەی لەو وڵاتەدا فراوانە، بەرهەمی شیرینیەکانمان دەڕوات بۆ هەموو وڵاتە ئەوروپیەکان، خاوەن مارکێتە کوردەکان کە لەئەوروپاوە دێنەوە بۆ سلێمانی لەم بەرهەمانەی ئێمە دەبەنەوەو لەوێ دەیفرۆشن، بەڵام تا ئێستا نەمانتوانیوە وەکالەت لەو وڵاتانە بدەین”.
دەربارەی بەبازاڕکردنو کێبڕکێ لەگەڵ بەرهەمی دەرەکی، رێبوار وتی “بەرهەمەکانی ئێمە لەڕووی کوالێتیو جۆری شیرینیەکەی توانیویەتی کێبڕکێیەکی زۆر باش بکات چونکە لەڕووی شرینیەوە تەواو سروشتیە، کەمترین بڕی شەکری تێدا بەکاردێتو دروستکردنەکەی تازەیەو بەتازەیی دەخرێتە بازارەو هیچ مادەیەکی پاریزگاریکردنی تێناکرێتو کارگەکەمان لەکۆتیهاتنی وەرگرتنی بڕوانامەی ئایزۆدایەو هەموو کەسێک ڕاستەوخۆ دەتوانێت سەردانی کارگەکەمان بکاتو بەرهەمەکانمانی دەستکەوێتو تاقیبکاتەوەو لەشێوازی دروستکردنەکە دڵنیا بێت کە بەکوالێتی بەرزو بەسەلامەتی خۆراکی دروستی دەکەین، کەسی تایبەتمان هەیە بەپشکنینی شیرینیەکانو تاقیگەی خۆمانمان هەیە بۆ پشکنینی بەرهەمەکانمان”.
لەبارەی کێشەو گرفتەکانیانەوە، ئەو وتی “لەئێستادا ئێمە کارگەکەمان لەسەر زەویەک دروستکردووە لەسەر ڕێگای ئەشکەوتی هەزارمێردە، نزیک گوندی عەواڵ کە تا ئێستا ئێمە کارەبای نیشتیمانیمان پێنەدراوە بەهۆی ئەو کێشانەی لەزەویەکاندا هەیە، هەر بەمۆلیدە کاردەکەین، کە ئەمەش خەرجیەکی زۆری خستۆتە سەرشانمانو دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخ لەسەر بەرهەمەکانمان، بۆیە هیوادارین حکومەت بەخەمخۆرانە ئاوڕ لەو کێشانە بداتەوە کە هەمانە، تا بتوانین بەرهەمی زیاترو کاری زیاترمان هەبێت”.
خاوەنی کارگەی شیرینی ژیر جەختیکردەوە لەکارگەکەیاندا توانیویانە دەرفەتی کارکردن بۆ زیاتر لە ٦٥ کەس بڕەخسێننو جۆری کوالێتی بەرهەمەکەیان بەراورد بە بەرهەمی هاوردەکراوە زۆر بەرزەولەهەموو ڕویەکەوە گونجاوە بۆ بەکارهێنان .