کارگەیەکی بەرهەم هێنانی دەرگا لەپارێزگای سلێمانی بەشداری لە پێشانگایەکی ووڵآتی بەریتانیا دەکات
کۆمپانیای کەی دۆر کە خاوەنی گەورەترین کارگەی بەرهەم هێنانی دەرگایە لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە دەڤەری ڕاپەڕین بەشداریکردووە لە پێشانگای (FIT SHO 2025) پیشەسازی تایبەت بە دەرگا و پەنجەرە و کەرەستە بیناسازیەکان لەووڵآتی بەریتانیا.
ڕەوا ڕەسوڵ حمد، بەڕێوەبەری کۆمپانیا کەی دۆر لە ووڵاتی بەریتانیاوە بە ماڵپەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕاگەیاند: ئێمە وەک کۆمپانیای کەی دۆر شانازی دەکەین بە بەشداریکردنمان لەم پیشانگا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەدا، کە بتوانین تیایدا ئەزموونێکی پیشەسازی پێشەنگی عێراقی پیشانی جیھان بدەین کە سەرەتا لە شاری ڕانیەوە دەستیپێکرد، پاشان کارەکانمان فراوانتربوو تاکو سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی بگرێتەوە، ئێستاش کارەکانمان بەرەو ئەوروپا فراوانتر دەبێت.
راشیگەیاند: ئامانجی بەشداریکردنمان لەم پیشانگایەدا ئەوەیە کە تیشک بخەینە سەر کوالیتی دەرگاکانمان، کە بە تەواوی لە ناوخودی کارگەکەماندا دروست دەکرێن – ھەر لە کەرەستەی خاوەوە تاکو بەرهەمی کۆتایی- ھەروەھا بۆ دەرخستن و ڕەنگدانەوەی توانای پیشەسازیی عێراقی بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمێک کە کێبڕکێی بەرھەمە جیهانیەکان بکات، لە ڕووی دیزاین و ، کوالیتی و نرخەوە.
لەبارەی خواستی بەرهەمی کۆمپانیای کەی دۆر ڕەوا رەسوڵ دەڵێت: سەردانکەران و بازرگانان لەپیشانگاکەدا بۆبەشی کۆمپانیاکەمان لەئاستێکی زۆرنایابدابوو، زۆرێک لە بازرگانان و دابەشکاران سەرسامی خۆیان دەربڕی لە ئاستی بەرزیی بەرهەمەکان و تەکنەلۆژیا بەکارهێنراوەکان، وە لەم پیشانگایەدا چەندین داواکاریی ڕاستەوخۆمان پێگەیشتووە بۆ گرێبەست لەگەڵ چەندین دامەزراوە و دەزگایی دابەشکردن لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی و باکووری ئەفریقا بۆگەیاندنی بەرھەمەکانمان بەوناچانە.
ئاماژەی بەوەشدا، گرنگیپێدانێکی تایبەت بە دەرگاکانمان ھەیە لەلایەن سەردانیکارانەوە، چونکە بەرھەمەکانمان بە شێوازێکی تایبەت دروستکراون بۆ ئەوەی لەگەڵ خواست وسەلیقەی بازاڕەکانی ئەوروپادا بگونجێن.
خاوەنی کارگەی کەی دۆر بەگرنگەوە باس لە بەشداریکردن لەو جۆرە پێشانگایانە دەکات و دەڵێت: ئەم بەشداریکردنەمان هەنگاوێکی گرنگ بوو لە گەشتەکەمان بەرەو بەجیهانیکردنی بەرھەمەکانمان، و پێمان وایە دەتوانین داهاتوویەکی بەهێزترمان ھەبێت بە پاڵپشتی کڕیاران و هاوبەشەکانمان لە ناوخۆ و دەرەوە.