کاتیەتی بیر لەهەناردەکردن بکەینەوە

ئاراس عه‌بدولكه‌ریم مه‌عروف

هەرێمی کوردستان‌و دانیشتوانەکەی سەرباری ئەو هەموو ئاستەنگ‌و چەرمەسەرییانەی بەدرێژایی ساڵانی رابردوو روبەڕووی بوونەتەوە، سەلماندویانە کە خەڵکێکی کردەن‌و کۆڵنادەن‌و خوازیارن بەرەنج‌‌و هەوڵ‌و کۆششی بێ پسانەوەیان، ئەم وڵاتە جوانترو باشتر بنیاتبنێنەوە.

باشترین نمونە بۆ سەلماندنی ئەم راستییە ئەوەیە کە ئێستا لەزۆرێک لەمیوەو کاڵاو بەرهەمدا زیاد لەپێداویستی خۆمان بەرهەم دەهێنین‌و کاتیەتی هەر پشت بەهاوردەکردن نەبەستین‌و پلان‌و خەونمان هەبێت بۆ هەناردەکردن‌و ئەم خەونەشمان بکەین بەواقعێکی بەردەست.

ئەمڕۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکەو جیهان زۆرانبازی ئەوەیانە كە رێژەی هەناردەیان لەهاوردەیان زیاتر‌و بەرزتر بێت، چونكە هەناردەکردن ئاستی داهات‌و رێژەی هەلی كارو زیادبونی قەبارەی بەرهەمهێنان‌و گەورەبونی سەرمایەی نەتەوەیی‌و پێگەی سیاسی‌و ئابورییانی پێوە گرێدراوە.

كوردستان،یەكێكە لەو وڵاتانەی كە توانای بەرهەمهێنانی سەدان كاڵای هەیە بەتایبەت لەبواری كشتوكاڵ‌و كانزاكان‌و هەناردەیان بكات، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە هێشتا کار بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی هەناردەكردن لەسیاسەتی حکومەت‌و بازرگانانی ئێمەدا نەکراوە.

سیاسەتی بازرگانی کوردستان تەواو ناهاوسەنگە، هاوردە زۆر‌و هەناردە دەگمەنە، هەربۆیە ساڵانە چەندان ملیار دۆلار سەرمایەی كوردستان بەهۆی هاوردەكردنی كاڵاوە رەوانەی دەرەوە دەكرێت‌و لەسیستەمی ئابوری دووردەكەوێتەوەو ئەم جۆرە بازرگانی كردنەش پرۆسەی بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستانی لاواز كردوە.

لێشاوی هاوردە کردن لەساڵانی رابردوودا دەرکەوتووە بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی تۆکمەی کوالیتی کۆنترۆڵەوە، نەك هەر سەروەت‌و سامانی نیشتمانیمانی بەفێڕۆ داوە، بەڵکو لەڕووی تەندروستیشەوە كارەساتی گەورەی بەدواوە بووە بۆ هاوڵاتیان‌و لەرووی ژینگەشەوە زەبری گەورە بەر ئاوو خاک‌و کەشو‌هەوای كوردستان کەوتووە.

لەوڵاتانی چواردەورمان بڕوانن، ئەمڕۆ یەکێک لەشانازییەکانی گەورە بازرگانەکانیان ئەوەیە کە لەبری هاوردەکاردنی کاڵای دەرەکی بۆ وڵاتەکانیان، بەرهەمی وڵاتەکانیان هەناردەی دەرەوە دەکەن‌و بەمەش هەلی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانیان دەڕەخسێنن کە رێژەیەکی بەرچاو لەهەلی کاریان پەیوەستە بەهەناردە کردنی بەرهەم‌و کاڵای نیشتمانییانەوە.

سەرباری هەموو نیگەرانی‌و دڵەڕاوکێ‌و قەیرانی ئابورییمان، ئەم رۆژانە ئەوەی تروسکایی هیوامان پێدەبەخشێت ئەو ئامارانەن کە گوزارشت لەزۆری بەرهەمێنانی چەندین بەرو بوم‌و کاڵا دەکەن، کە زیاد لەپێویستی ناوخۆ بەرهەمدێت‌و بەشێکیشیان دەچنە خانەی بەرهەمی ستراتیژیییەوە وەک گەنم.

ئەمە جگە لەوەی گەر شارێکی وەک سلێمانی بەنمونە وەربگرین، ڕیزبەندی یەکەمی بەدەستهیناوە لەبەرهەمهێنانی زۆرترین بەرهەمی سەوزە لەئەنجامی بەکارهێنانی زیاتر لە ۲۲ هەزار خانوی پلاستیکی، جگە لەبەرهەمە پڕ بەرەکەتەی پێنجوین‌و دەشتی شارەزورو گەرمیان، هەر لەسلێمانیش توانراوە ۱۲٥۰ پڕوژەی کیڵگەی پەلەوەری‌و بەرهەمهێنانی هێلکە دروست بکرێت، کە بەرهەمێکی یەکجار زۆریان ھەیەو مەزەندە دەکرێت دوو هێندەی پیویستی شارەکە بێت، هاوکات سلیمانی پێشەنگیشە لەبەرهەمهێنانی زۆرێک لەکەرەسەی بیناسازی‌و دەرمان‌و ئاوو خۆراک.

ئێستا کاتیەتی بپرسین: بۆچی زۆربەی دارایی هەرێم لەڕێگای هاوردە کردنەوە بچێتە دەرەوەی هەرێم؟ بۆچی رێژەی هاوردەمان بەو رادەیە زۆرو رێژەی هەناردەشمان بەم ئەندازەیە نزم بێت؟! بۆچی بەرهەمێک، کاڵایەک کە خۆمان توانای بەرهەمهێنانیمان بەزیادەوە هەبێت رێگە بەهاوردەکردنی هاوشیوە کوالیتی نزمەکەی لەدەرەوە بدەین‌و لەڕووی نرخەوە ببنە رکەبەری کاڵاو بەرهەمی ناوخۆمان؟! بۆچی بەم ئەندازەیە هەرێمی کوردستان بکرێتە بازاڕی ساغکردنەوەی بەرهەم‌و کەلوپەلی کوالیتی نزمی وڵاتانی دەرەوە؟! بۆچی بایەخێکی تایبەتی بەدامەزراندنی چەندین کارگەی بچوک‌و مامناوەند نەدەین کە بەشاڕەگی ئابوری وڵاتان دادەنرێن؟ ئەی ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت‌و بازرگانان‌و هاوڵاتیانیش زیاتر بایەخ‌و گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆو خۆماڵی بدەن نەک بەرهەمی هاوردەکراوی دەرەوە؟!

لەسیاسەتی بازرگانی هەرێمدا بەمەبەستی كەمكردنەوەی كێبركێی بەرهەمی بیانی لەگەڵ بەرهەمی خۆماڵی، گرنگ ئەوەیە كەرتی بازرگانی بەئاڕاستەیەک ببرێت كە سەرجەم بڕیاڕو ئاڕاستەكردنی باج‌و تاریفە گومرگییەكان بەشێوەیەك دابڕێژرێت كە باجی گومرگی لەسەر بەرهەمی بیانی زیاد بكرێت، کە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو كەرەستە بیانییەكان بەرامبەر نرخی بەرهەمی خۆماڵی، وەک پاڵپشتییەک بۆ بەرهەمی ناوخۆیی.

ئەمڕۆ لەئەنجامی گۆڕانکاریی کەشوهەواو وشکەساڵی‌و گرتنەوەی ئاوی دیجلەو فورات لەلایەن تورکیاوە، زۆر بەداخەوە باس لەوە دەکریت کە ٧٠%ی خاکی باشوری عێراق بەرەو بەبیابان بوون دەڕوات‌و رۆژ بەڕۆژ ئاوی شیرین‌و بەرهەمی کشتوکاڵی‌و ئاژەڵداری‌و ماسی‌و زۆربەی بەرهەمەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە کەم دەکات‌، زۆرێک لەوڵاتانی دەوروبەر وەک دەرفەتێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لەم پێشهاتە دەڕوانن، کەواتە بۆچی هەرێمی کوردستان ئەم هەلە لەدەستبدات‌و سوود لەم بازاڕە گەورەیە وەرنەگرێت‌و بیکاتە فاکتەرێک بۆ بوژانەوەی بەروبومی کشتوکاڵی‌و ساغکردنەوەی کاڵاو هەناردەکردنی بەرهەمەکانی؟!

کوردستان پڕە لەوزەی لەبڕان نەهاتووی گەنجان‌و سەرمایەو دەستی کاری کارامەو کانزای بەنرخ‌و خاکی بەپیتی فراوان‌و ئاوی شیرین‌و خەڵکێکی کردەو دەستڕەنگین کە دەکرێت گرەویان لەسەر بکەین بۆ ئەوەی هەرێمێکی کوردستانی ئاوەدانترو باشترو پێشکەوتووتریان لەسەر بنیاتبنرێت‌، رەگەزێکی سەرەکی ئەم ئاوەدانییەش پشت بەستنە بەپرۆسەی هەناردەکردن وەک سەرچاوەیەکی داهات.

وڵاتان بۆ ئەوەی هەلی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانیان بڕەخسێنن‌و کۆمەڵگاکانیان خۆشبەخت‌و دەوڵەمدەنتر بکەن‌و فرەیی سەرچاوەی داهات بۆ ئابورییان مسۆگەر بکەن‌و دراوو سامانی نیشتیمانیان بپارێزن، چاویان لەسەر هەناردەیەو کاتیەتی ئێمەش بیری لێبکەینەوە.