ڤیدیۆ كۆنفرانسی نێوان ژووری بازرگانی سلێمانی و شاری یوو وڵاتی چین بەڕێوەچوو.

بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی بازرگانی پتەوی نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژووری بازرگانی یوو، بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و هاوکاری یەکتر، هەروەها پاڵپشتی بازرگانی و بازاڕ. ڤیدیۆ كۆنفرانسی نێوان ژووری بازرگانی سلێمانی و شاری یوو وڵاتی چین بە مەبەستی لێکتێگەیشتن و هاوکاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.
ڕێکەوتی 24/3/2025 نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی،محەمەد رەسوڵ، جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور پێشوازییانکرد لە ئەحمەد علی، جێگری پارێزگاری سلێمانی و كامل احمد حمه ره ش، لێپرسراوی نوسینگەی ڕاوێژكاری و پەیوەندی كۆمپانیا عێراقیەكان لە شاری یوو، فەرید دڵشاد، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی سەنتەری لێكۆڵینەوەی چین لە زانکۆی سلێمانی، بۆ ئەنجامدانی ڤیدیۆ كۆنفرانسی نێوان ژووری بازرگانی سلێمانی و شاری یوو وڵاتی چین. هەریەکە لە Huang Junqiao دیوانی بازرگانی شارەوانی یوو و Chris Ni سەرۆکی بەشی کونسوڵگەری و کۆلێژی پیشەسازی و بازرگانی یوو بە نوێنەری Zhang Chunming وە Zou demin کونسوڵی بازرگانی کۆماری گەلی چین لە هەولێر.
لە ڤیدێۆ کۆنفرانسەکەدا، نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند: ژووری بازرگانی سلێمانی قەوارەیەکی سەربەخۆیە کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات. لە چوارچێوەیەکی یاسایی کار دەکات بۆ نوێنەرایەتی کردنی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری کەرتی تایبەتی بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی لە سلێمانی و کوردستان بە پاڵپشتیکردنی ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لەڕێگەی پێدانی زانیاری کاریگەر بە کۆمەڵگەی بازرگانی و وەبەرهێنەران و بڕیاردەرەکان وە هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی کەرتی پیشەسازی تایبەت و بنیاتنانی بناغەیەکی ئابووری بۆ کوردستان.
راشیگەیاند: شاری سلێمانی، یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تۆماری کۆمپانیاکان، ١٠١٥٣ کۆمپانیا تۆمارکراون، کە ٩١٥٣ کۆمپانیایان ناوخۆیین و ١٠٤٦ لقی کۆمپانیا عێراقییەکان و کۆمپانیا بیانییەکانن کە تا ساڵی 2024 تۆمارکراون.وە ژووری بازرگانی سلێمانی یەکەم ژوورە لەسەر ئاستی عێراق کە خاوەنی سەنتەری پێشانگای نێودەوڵەتی بێت، ساڵانە چەندین پێشانگای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکاتەوە. هەروەها شانازی بە گەورەترین پرۆژەی گەنجینەی هاوچەرخەوە دەکات لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە لە 605 گەنجینە پێکدێت لەسەر ڕووبەرێکی 383 دۆنم، تێچووی پڕۆژەکە 104 ملیۆن دۆلارە.
لەبارەی کەرتی پیشەسازیەوە سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئەوەی ڕونکردەوە: سلێمانی شوێنی پڕۆژەی گەورەی پیشەسازی قورسە، لەوانە پیشەسازی چیمەنتۆ، خشت، ئاسن، دەرمان، خۆراک، و غاز. شارەکە بە پێشەنگ دادەنرێت لەم بوارانەدا، ٥٣٤٧ کاگەی مۆڵەتپێدراوی هەیە، کە ١٢٠٠ کارگەی گەورە و مامناوەند و ٤١٤٧ کارگەی بچووک. بەرهەمی ئەم کارگانە پێداویستی عێراق دابین دەکات و هەندێکیان هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێن.
لەبارەی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: لە ڕووی وەبەرهێنانەوە سلێمانی پێشەنگە. لە ساڵی 2004 تا 2024 بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان لە سلێمانی 370 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە بەهای 21 ملیار دۆلار دەرکردووە.
لەبارەی کشتوکاڵەوە سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا: سلێمانی بە خاکی بەپیت و بەرهەمی کشتوکاڵی کوالیتی بەرز ناسراوە. پارێزگاکە 21 هەزار خانووی پلاستیکی و 950 پڕۆژەی پەلەوەری و 62 پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی و 13 پڕۆژەی ئاژەڵداری و 35 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی و گۆشتی هەیە، کە پێداویستییەکانی هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عێراق پڕدەکاتەوە.
دەربارەی گەشتوگووزار لە پارێزگای سلێمانی سەرۆکی ژوور رایگەیاند: سلێمانی خاوەنی سەدان شوێنی گەشتیاری و مێژووییە و مۆزەخانەیەکی گەورەی هەیە. هه ڕوه ها فڕۆکه خانه یه کی نێوده وڵه تی هه یه ، کە ئاسانکاری دەکات بۆ گه شتکردنی هاووڵاتیان له ناوخۆی کوردستان و ده ره وه ی وڵات، هه روه ها پاڵپشتی چالاکییه بازرگانییه کان دەکات.
ئەحمەد علی، جێگری پارێزگاری سلێمانی، لە وتەیەکدا جەختی لەوە کردەوە وەک پارێزگاری سلێمانی پشتیوانی تەواوی ئەم پەیوەندیە دەکەین و هیوادارین هەموان پێکەوە کاربکەین بۆ بەرەو پێشبردنی کاری دەستە خوشکی نێوان شاری سلێمانی و شاری یوو.
ژانگ چونمینگ، بەڕێوەبەری نێودەوڵەتی کاروباری هونەریەکان لە شاری یوو، بەگرنگەوە باسی لەم پەیوەندیەکرد کەدەیانەوێت لەگەل ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەنجامی بدەن تابتوانن کاری هاوبەش و بەرەو پێشبردنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی فراوانتربکەن وە ئامادەی خۆیان پیشاندا بۆ هەر کار ئاسانیەک کە پێویستبێت لە نێوان هەردولادا.
لە کۆتای ڤیدێۆ کۆنفرانسەکەدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندیەکان کرا لەنێوان هەردولادا کە هەوڵ بدرێت بۆ کردنەوەی پێشانگایەکی تایبەتی بەرهەمەکانی شاری یوو لە ناو پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی.