ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی پێشنیازێک لەبارەی گۆڕینەوەی دراو لەفڕۆکەخانەکان دەخاتەڕوو

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پێشنیاز دەکات ئەو گەشتیارانەی کە بەنیازی گەشتکردنن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی گۆڕینەوەی دیناریان بە دۆلار بەخێراتر بۆ ئەنجام بدرێت، دینارەکانیان لە جۆری ٥٠ ھەزاری و ٢٥ ھەزاری پێبێت، تاکو کارەنیان بە کەمترین کات بۆ ئەنجام بدرێت.

دوای ئەوەی سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەوڵاتی ئەڵمانیا کۆبونەوەیەکی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا، بانکی ناوەندیی عێراق رەزامەندیی پیشاندا بە فرۆشتنی دۆلار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە نرخی کەمتر لە بازاڕ و هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار دەدرێت بە گەشتیاران.

لە ئێستادا دوای تەواوكردنی ڕێكارەكانی بەگەڕخستنی سیستمەكانی نووسینگەی بانكی بازرگانی (RT Bank) بەپێی ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراقی بۆ گەشتیارانی تەمەن سەرووی 18 ساڵ، بە نرخی فەرمیی گۆڕینەوەی (دیناری عێراقی بۆ دۆلار) دەستپێدەكات بەپێی ڕێنماییەكان بۆ هەر گەشتیارێك رێگاپێدراوە ‌تەنها یەكجار لەمانگێكدا سوود لەم بڕیارە وەربگرێت بەڕەچاوكردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1.پێویستە گەشتیار هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بێت.

2.پێویستە گەشتیار (تكت و بەڵگەنامەكان)ی تایبەت بە گەشتكردنی پێبێت و دوایی تەواوكردنی ڕێكارەكانی تایبەت بە گەشتكردن (چێكین)و وەرگرتنی بۆردینگ كارت و(لێدانی مۆری ڕۆیشتوو لە پاسپۆرت)ەكەی لە دوا وێستگەی فڕۆكەخانە لەهۆڵی ترانزێتی تێرمیناڵ پارە گۆڕینەوەكەی بۆ ئەنجامدەدرێت.

3. دیاریكردنی بڕی گۆڕینەوەكان بە گەڕانەوە بۆ ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراقی دەبێت، كە لەلایەن نوسینگەی بانكەكانی ڕێگەپێدراو لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی‌ جێبەجێدەكرێت.

4- بەپێی ڕێنماییە گومرگییەكان گەشتیارانی تەمەن سەرووی 18 ساڵ رێگەپێدراون تا بڕی 10 هەزار دۆلاری ئەمریكی و 200 دوو سەد هەزار دیناری عێراقی لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە.

بۆ ئەو مەبەستە پێویستە گەشتیار ڕەچاوی ئەم ڕێنماییە بكەن و دوای پارە گۆڕینەوەی (دینار بۆ دۆلار) لەناو فڕۆكەخانەدا، بە هیچ شێوەیەك نابێت لە بڕەكانی رێگاپێدراوی ڕێنماییەكان زیاتری پێبێت، بەپێچەوانەوە رێگای پێنادرێت لەو بڕانەی كە رێگاپێدراوە زیاتر بباتەوە دەرەوە.

5. ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت ئاڵوگۆڕی دراو بكەن پێویستە 4 كاتژمێر پێش ئەنجامدانی گەشتەكەیان لەتێڕمیناڵی فڕۆكەخانە ئامادەبن.