ژووری بازرگانی سلێمانی لەهەوڵی چارەسەری کێشەی نانەواخانە و سەمونخانەکاندایە

بۆ زیاتر لەنزیکەوە ئاگاداربون لەکێشەو گرفتەکانی نانەواخانە و سەمونخانەکان کۆبونەوەیەکی تایبەت لەژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەڕێوەچوو.

بەئامادەبونی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی و سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی و نەسرین محمەد، بەڕێوەبەری دروستکردنی دانەوێڵە و فەوزی ساڵح، نوێنەری ئاسایشی و ئابوری و ژماریەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٢/٣/١٣ لەگەڵ نوێنەری نانەواخانەو سەمونخانەکان کۆبونەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند “لەگەڵ نوێنەری نانەواخانە و سەمونخانەکان کۆبوینەوە تابتوانین کێشەو گرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت و بگەیەنە ڕێگە چارەیەک بتوانین هاوکاری پێویستیان بکەین بۆئەوەی نرخی نان ئاسای بێت و لەسەر هاوڵاتیان گران نەبێت”.

راشیگەیاند “قائیمقایمی سلێمانی لەسەر خەتەو لەم چەند ڕۆژی داهاتودا نرخی غاز بۆ نانەواخانەکان هەرزان دەکرێت وە هەوڵی تەواو دەدرێت لە هاوکاریکردنیان بە دابینکرنی ئارد بەنرخی گونجاو”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جەختیکردەوە داوا دەکەین حکومەت بەپەلە بێتە سەرەت بۆ لێخوشبون لە قەرزی کارەبا و باج و دەستەبەر کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی نرخی کارەبای سەمونخانە و نانەواخانەکان بۆئەوەی خەرجیان لەسەر کەم بێتەوە.

سیروان محەمەد، ئەوەش ڕوندەکاتەوە هەموو هەوڵێکیان خۆستۆتەگەڕ بۆ یارمەتیدانی نانەواخانە و سەمونخانەکان لەهەرزانکرد و دابینکردنی ئارد بۆیان وە بەهموو شێوەیەک کاردەکەن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆدۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ بەردەوامی کاری نانەواخانەو سەمونخانەکان.

نوێنەری سەمونخانە و نانەواخانەکان رایانگەیاند، ئێمە بەردەوام دەبین لەکارکردن چاوەڕێدەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنگاوەکانیان بنێن بۆ هاوکاریکردن و هەرزانکردنی نرخی پێداویستیەکانمان وە هەرزانکردنی نرخی کارەبا و غاز و هاوکاری کردنمان لەدابینکردنی ئارد تابتوانین نرخی نان وەک خۆی بمێنێتەوە.

لەسنوری پارێزگای سلێمانی ٤٥٦ نانەواخانە هەیە وە ٣٧٥ فڕن و سەمونیخانە ڕۆژانە کاردەکەن.