محەمەد تەمیمی سەرۆكی ژووری بازرگانی لە پارێزگای دیالە رای گەیاند كە ئەو بەرز و نزمیەی لە نرخی دۆلار روو دەدات پێویستی بە دوو مانگ هەیە بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی.
محەمەد تەمیمی لە لێدوانێكی میدیاییدا رای گەیاند، نرخی دۆلار ئێستەیش بەرزە لەچاو نرخە فەرمییەكەی و بەشێوەیەك دوو رۆژ لەمەوبەر نرخەكەی نزیك بووە لە 159 هەزار دینار، ئاماژەی بەوەیش دا كە ئەو جیاوازییە گەورەی لە نێوان نرخی فەرمی و بازاڕ هەیە بەهۆی هەوڵی چەند لایەنێكە بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر لەو بازاڕە شێواوەی دۆلار بكەن.
روونیشی كردەوە كە ئەم جیاوازییە گەورەی لە نێوان نرخی فەرمی و بازاڕ هەیە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو یا كەمتریش نامێنێت و نرخەكەی بەرەو نزمبوونەوە دەچێت، چونكە حكوومەت چوار هەنگاوی تری ناوە بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە كە گرنگترینیان پاڵپشتی كردنی بازرگانی دەرەكییە بە دابینكردنی دراوی تر جگە لە دۆلار بۆ بازرگانەكان، یوانی چینی بە نموونە.
تەمیمی ئاماژەی بەوەیش دا، لەلایەكی ترەوە فشارەكانی حكوومەت بۆ پاڵنانی بازرگانی ناوخۆ بە هەموو سێكتەر و كەرتەكانییەوە بۆ وازهێنان لە كاركردن بە دۆلار لە بەرژەوەندی دینار، هۆكارێكی تر دەبێت بۆ ئەوەی نرخی دۆلاری فەرمی و بازاڕ یەكسان بن، بۆ نموونە بڕیاری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە دینار سەرەتای بەرهەمەكانی دەركەوت و كاری كردە سەر نزمبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار.