یاریدەدەری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا دەڵێت، لە کێڵگەوە بۆ چەتاڵ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی کوردستان دەکەن. بۆ ئەو مەبەستەش شاندێک کە لە 12 کۆمپانیای ئەمریکی پێکهاتوون هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو؛ ستیڤ لوتس، یاریدەدەری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، یەکێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەبەرهێنانی ئەمریکی، “نەبوونی سیستمێکی بانکیی پێشکەوتووە.” جەختیشی لەوە کردەوە، دەبێت متمانەی هاووڵاتییان بە بانک هەبێت تا پارەکانیان لە بانک دابنێن.
ستیڤ لوتس دەشڵێت، “هەنگوین و هەناری کوردستانم تامکردوە، سەرنجڕاکێش بوون، دڵنیام ئەوانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان تاقییان کردووەنەتەوە، بەڵام ئەوانەی نەهاتوون پێشنیازیان بۆ دەکەم بێن.”
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ستیڤ لوتس، یاریدەدەری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا
رووداو: بەڕێز لوتس بەخێربێت بۆ کوردستان جارێکی دیکە، دەمەوێت بۆم باسبکەین بیرتە یەکەمجار کەی بوو هاتیتە کوردستان؟
ستیڤ: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، محەممەد کە لە رووداو میوانداریتان کردم. پێم وا بێت زیاتر لە دەیەیەک لەمەو پێش بوو، بیرم نەماوە رێک چ ساڵێک بوو. بەڵام شانازی دەکەم بڵێم زۆر جار لێرە بووم کە پێموایە نازانم چەند جارە.
رووداو: ئەو کاتەی کە هاتی یەکەمجار هەر وەک بزنسمان یان وەک دیپلۆماتکار هاتی بۆ کوردستان؟
ستیڤ: بەڵێ، من لێرە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی بازرگانی دەکەم.
رووداو: مەبەستم یەکەمجارە کە هاتی بۆ کوردستان؟
ستیڤ: بەڵێ، وەک بازرگان هاتم. نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی بازرگانیم دەکرد.
رووداو: ئەمە بۆ چەندەمین جارە سەردانی کوردستان دەکەیت؟
ستیڤ: دوای کۆرۆنا ئەمە یەکەم سەردانە. بەر لەوە رەنگە 10-12 جار هاتبم. دەیڵێمەوە، زۆر جار هاتووم. پێموایە رێک بیرم نەماوە ژمارەکە چەندە.
رووداو: با باسی سەردانی ئەمجارەتمان بۆ بکەیت، ئەمجارە بۆچی هاتووی؟ کێت بینی؟ لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لەسەر چی قسەتان کرد، لەسەر چی رێککەوتن؟
ستیڤ: پرسیارێکی زۆر گرنگە. ئێمە لێرە چاومان بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو بازرگانانە دەکەوێت کە دەتوانن بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدان و فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا لە کەرتی کشتوکاڵ و خۆراک و تەواوی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئیکۆسیستمی خۆراکدا کار بکەن.
رووداو: کە باسی کشتوکاڵ دەکەن، هەرکەسێک بێت، بەتایبەت وەبەرهێنانی بییانی، من زۆر کەیف خۆش دەبم چونکە دەمانەوێت سوود لە ئەزمونی ئێوە وەربگرین لە بواری کشتوکاڵدا، ئێوە دروشمێکتان هەیە، “لە کێڵگە بۆ چنگاڵ”، دەتانەوێت ئەمە چۆن جێبکنەوە لەناو وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ؟ دەتانەوێت چی بکەن لەناو کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان؟
ستیڤ: پێمان وایە ئەوە لۆگۆیەکی زۆر باشە، درووشمێکی باشە، چونکە پێمان وایە رەنگدانەوەی توانایییەکە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاوکاریی نێوان بازرگانیی ئەمریکا و بازرگانی و حکومەتی ئێرە پێش بکەوێت. راستییەکەی، هاندەری هێنانی ئەم شاندەی “کێڵگە بۆ چنگاڵ”ـە لە گفتوگۆیەکەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیراندا کردمان. بەڕێز سەرۆکوەزیران دیدگەیەکی بۆ فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان خستەڕوو لە کەرتی کشتوکاڵدا کە یەکێکە لەو بوارانەی هانی داین سەرنجی بخەینە سەر.
جا بە کارکردن لەگەڵ کۆنسوڵخانەی گشتیی [ئەمریکا] لێرە ئەم شاندەمان پێکهێنا. ئینجا ئێوەیش کۆمپانیاتان هەن کە لە کێڵگە و تۆو و پاراستنی دانەوێڵە و ئامێری کشتوکاڵدا کار دەکەن. ئێوە ئەوانەتان هەن کە لە کۆگەکاندا خەریکی کارن. هەروەها ئەوانەیشتان هەن کە بەرهەمی کۆتایی دەگەیەننە بازاڕ و چێشتخانەکان. ئەوەیش زنجیرەی بەرهەمهێنانە لە کێڵگەوە بۆ چنگاڵ.
رووداو: بۆ ئەمە داواکاریتان چیە لە هەرێمی کوردستان؟ هەرێمی کوردستان چیتان بۆ بکات، وە ئێوە چی دەکەن؟
ستیڤ: پێم وایە بەختەوەرین کە لە هەرێمی کوردستان حکومەتێک هەیە کاتێک بابەتەکە پەیوەندیی بە هەندێک رێکخستن و بەربەستی سیاسییەوە هەیە کە رەنگە لە رابردوودا تووشیان بووبێت، وەڵامگۆی پێویستییەکانی کەرتی تایبەتە.
ئێمە لە دیداری “ئینڤێنت کوردستان” بووین و ئەوەی بیستمان ئەوەیە حەزێک بۆ ئاسانکاری و نەهێشتنی بەربەستەکانی پێشوو هەیە تا وەبەرهێنان و بازرگانی زیاد بکرێت. بۆیە هیوادارین ئەو کۆمپانیا ئەمریکاییانەی لێرەن، وەک پێپسی، کاری زیاتر بکەن، وەبەرهێنانەکەیان فراوان و قووڵتر بکەن. ئینجا هەندێک لەو کۆمپانیایانە بۆ یەکەم جارە لەگەڵ ئێمە هاتوون، ئەمە یەکەم جاریانە پێیان خستووەتە هەرێمی کوردستان، ئەم شاند و سەردانە دەبێتە مایەی هاوبەشایەتی و وەبەرهێنان و بازارگانیی نوێ.
ئێمە پێمان وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازیی کردووە و پابەندە بە چاکسازییەکەوە کە ژینگەیەکی زۆر لەبار بۆ وەبەرهێنان دروست دەکات.
رووداو: لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گفتووگۆمانکرد، ئەو باسی لەوەکرد لەگەڵ شاندەکەی ئێوە باس لەوەکراوە کە دەتانەوێت وەبەرهێنان بکەن لە جۆرێک لە بەروبوومی کشتوکاڵی شلیک، هەروەها وەبەرهێنەرێکتان باسی لەوە کردووە دەیانەوێت گەورەترین کارگە دابنێن لەبواری بەهاراتدا، کە خاوەنی وەبەرهێنانێکی گەورەن لە بواری بەهاراتدا، ئەمە چۆن چۆنییە، دەتانەوێت لەمبوارە چی بکەن؟
ستیڤ: لە رێگەی لایەنی جۆراوجۆرەوە گرنگی بە ئیکۆسیستەمی کشتوکاڵ دەدرێت. پێم وایە هەندێکیتان لە کاڵا دەرەکییەکاندا بینیوە، وەک رووەکە کشتوکاڵییەکان و گەنمەشامی. هەروەها ئێوە بە تەواوەتی گرنگی بە توو و شلیک و توودڕک دەدەن. پێموایە لە زۆر ناوچەی جیاواز گرنگییان پێدەدرێت. هەروەها گرنگی بە هەڵگرتن و چارەسەرکردن و تۆو دەدەن. ئەوە پاراستنی تۆو و دانەوێڵەن کە وادەکەن ئەم شتانە هەبن. بۆیە دەیڵێمەوە، ئەوەی لێرە تیشکی دەخەینە سەر ئەوەیە کۆمپانیا ئەمریکاییەکان گرنگی بە کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان دەدەن.
رووداو: بەڕێز لوتس با باسی رۆڵی ژووری بازرگانی ئەمریکا بکەین لە هەرێمی کوردستان، وە باسی ئەوە بکەین ئێمە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3000 کۆمپانیای بیانی هەن بە خۆیان و لقەکانیانەوە، بەڵام دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان باس لەوە دەکات ژمارەی کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە هەرێمی کوردستان 200 کۆمپانیایە. هەست ناکەیت رۆڵی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان کاڵ و کرچە؟ چۆن هەوڵدەدەن ئەمە زیاد بکەن؟ دەتوانی بۆم باسبکەیت ژمارەی کۆمپانیا ئەمریکیەکان چەندە، قەبارەی بازرگانی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان چەندە لە هەرێمی کوردستان؟
ستیڤ: لەم شاندەدا زیاتر لە 12 کۆمپانیامان لەگەڵدایە کە نزیکەی 30 نوێنەر دەبن. نەمانتوانیوە زیاتر رازی بکەین، ناتوانین لەو جێیەدا بمێنینەوە کە تێیداین. ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە ئامادەیی بازرگانیی ئەمریکایی گەشە پێبدەین، نەک تەنیا لە کشتوکاڵ و خۆراکدا، بەڵکو لە تەواوی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا.
بەشێکی بەربەستەکە دوورییە کە هاتنە لە ئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان. هاتن لە وڵاتانی دراوسێ و تەنانەتە لە ئەوروپایشەوە زۆر ئاسانە. بەڵێ، دووری. هۆیەکی گەورەی دیکەیش ئەو راستییەیە کە ئەمریکا خۆی بازاڕێکی هەر زۆر گەورەی هەیە، بە جۆرێک جار هەیە خۆمان ئەگەر لە تەکساسەوە بۆ نیویۆرک بچین، وەک ئەوەیە بۆ وڵاتێکی دیکە بچین. بۆیە بازدان بەسەریدا بۆ ئێرە، بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەرێمی کوردستان، لەلایەن ژووری بازرگانیی ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی ئێرەوە هەوڵێکی زۆری دەوێت کە بێن سەردان بکەن و گفتوگۆ دروست بکەن و هۆشیاری لەبارەی دەرفەتەکان لە کشتوکاڵ و خۆراک و پیشەسازی و بەرهەمهێنان و تەکنەلۆجیا و تەندروستی و وزەی ئێرەدا زیاد بکەن.
بۆیە ئێمە کە گەڕاینەوە ئەرکی زۆرمان لەسەر دەبێت کە بەردەوام بین لە زیادکردنی هۆشیاری لەنێو کۆمپانیا ئەمریکاییەکاندا لەبارەی ئەو دیدگەیەی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان و نوێگەرییەوە لە هەرێمی کوردستان هەیە.
رووداو: هیچ خەمڵاندنێکتان لایە زانیارییەک قەبارەی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان چەندە لە هەرێمی کوردستان؟ سەرماییەی وەبەرهێنان چەندە؟
ستیڤ: ئێمە وەک ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا جوداین. ئەوان بەدواداچوون بۆ زانیاریی زۆر تایبەتی بازرگانی دەکەن. ئەوان لەو بوارەدا شارەزان. ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوەیە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی نێوان کۆمپانیا ئەمریکاییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەتی ئێرە دەکەین. جا دوای ئەوەی ئەوەی یارمەتیی بونیاتنانی ئەو پەیوەندییانەمان دا، دەکشێینەوە و لێدەگەڕێین بازرگانەکان ئەوە بکەن کە دەیکەن کە وەبەرهێنان و چاوەڕێکردنی داهاتی ئەو وەبەرهێنانەیە. جا خۆشبەختانە ئەوە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە گەشەدان بە بازرگانی و وەبەرهێنان.
رووداو: هیچ بەربەستێک هەیە لەبەردەم چالاکیی زیاتری بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان؟ چی هەیە وا رێگربێت لە ئێوە کە ئەو گلەییەتان لێبکرێ کە وەک پێویست لە هەرێـمی کوردستان وەبەرهێنان و بازرگانی ناکەن؟
ستیڤ: پرسیارێکی زۆر گرنگە. پێموایە شتێک کە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکان تەنیا هەبوونی هەستێکی گشتیی متمانەیە بە سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش لە عێراق بە گشتی بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بۆیە ئاگامان لەو پەیوەندییانە لە ئاستی سیاسیدا هەیە و لە بیرمانە کە ئێمە بازرگانین. جا ئێمە ئەم کارانە دەکەین، بەڵام گرنگە تێبگەن لێرە هەستێکی سەقامگیری لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا هەیە، چونکە ئەمە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر متمانەی ئەو وەبەرهێن و بازرگانانە هەبێت کە دێنە ئێرە. بۆیە ئەوە هۆیەکە.
ئینجا بە دڵنیاییەوە یاسای 101ـی بازرگانی هەیە کە هەندێک جار رووی لە کڕیارە و هەندێک جاریش رووی لە رێساکانە و دڵنیایی دەدات کە گرێبەستەکان رێزیان لێ بگیردرێت، ئەوەیش بۆ کاتێک کە پرسیارێک هەبێت لەسەر ئەوەی دادگەکان چۆن حوکم دەدەن. هەروەها شتانێکمان بۆ خاوەندارێتیی هزری هەن. گەلێک لە کۆمپانیا ئەمریکاییەکان بە ملیۆنان و بگرە ملیاران دۆلار لە لێکۆڵینەوە و پەرەپێداندا وەبەرهێنان دەکەن. جا ئەوە گرنگە ئەو هەستەیان هەبێت کە خاوەندارێتییە هزرییەکەیان، بەڵگەنامەی داهێنانەکانیان، رێزیان لێ دەگیرێت و دەپارێزرێن. ئەوانە هەندێک لەو هۆیانەن کە دەزانم کۆمپانیا ئەمریکاییەکان چاویان لێیانە.
رووداو: باشە، بەڵام تا چەندێک نەبوونی سیستمێکی بانکی پێشکەوتوو رێگر بووە لە چالاکیی کۆمپانیا و بازرگانانی ئەمریکی؟ بۆ خۆتان هەوڵنادەن کەناڵێکی دارایی، کەناڵێکی بانکی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی خۆتان پارەداربکەن؟ پارەدانە، پارەوەرگرتنە.
ستیڤ: بە راستی ئەمە خاڵێکی گرنگە کە باست کرد. نەبوونی ئەو سیستەمە هاوچەرخە بانکییە بە تەواوەتی کێشەیە. ئێستا ئێمە وەک ژووری بازرگانیی ئەمریکا وەک پردی پەیوەندی لێرەین. ئێمە وەبەرهێنی راستەقینە و کۆمپانیا نیین. ئەوەی دەمانەوێت بیکەین ئەوەیە وەڵامگۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران بین کە باسی هەوڵەکانی حکومەتی بۆ هاوچەرخکردن و هێنانی جۆرێک سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنیی بۆ هەرێمی کورستان کرد. ئەمانە شتانێکن کە ئێمە بە دڵنیاییەوە هانیان دەدەین، چونکە ئەوە متمانە و باوەڕ بە وەبەرهێنە نێودەوڵەتی و کۆمپانیا ئەمریکاییەکان دەدات کە بێنە هەرێمی کوردستان.
تێپەڕین لەو ئابوورییە نەختینەییە و ئەو کۆمەڵگە نەختینەییە زۆر گرنگە بۆ گەشەپێدانی زیاتری درێژمەودا لە ئابووریی هەرێمی کوردستاندا. جا ئەوە لە زۆر ئاستی جیاوازدا کاریگەریی دەبێت. خەڵک پێویستیان بەوەیە متمانەیان بە سیستمی بانکی هەبێت کاتێک پارەی تێدا دادەنێن یان پارەی لێ دەردەهێنن و بزانن کە پارەکەیان لەوێدا دەبێت. هەروەها هەبوونی سیستمی ئەلیکترۆنی هەموو جۆرە ئامڕازە داراییەکان بەردەست دەکات کە ئێستا کۆبوونەوەیان لەسەر دەکەین، کە نین یان زۆر بە کەمی هەن، وەک قەرزدان و توانای وەرگرتنی پارەی نەخت بۆ ئەوەی بتوانیت وزە بە وەبەرهێنان بدەیت کە ئەوەیش چالاکیی ئابووریی رادەکێشێت.
رووداو: بە دیاریکراوی ئێستا ئەگەر ئێوە وەبەرهێنان و بازرگانی بکەن لە کوردستاندا ئەو کەناڵە داراییە کامەیە کە ئێوە کاروباری دارایی و پارە وەرگرتن و پارەدانی خۆتان لە رێگەیەوە دابین دەکەن چییە؟
ستیڤ: دەیڵێمەوە، پێموایە ئەوەی دەبێت بیکەین ئەوەیە هۆشیاری زیاد بکەین و بە خەڵکی بناسێنین و ئەو پەیوەندییانە لە ژووری بازرگانیی ئەمریکادا بونیات بنرێن. دەکرێت وێنای بکەیت، ئێمە لە ئەندامەکانماندا هەندێک بانکی بەناوبانگمان هەیە. دەزانم هەندێکیان لە عێراقن و پێموایە قسەکردن لەگەڵیان و یارمەتیدانیان بۆ تێگەیشتن لەوەی هەندێک دەرفەت بۆ فراوانکردنی [پەیوەندییەکان] هەن. جا رەنگە هێنانی هەندێک بانک و کۆمپانیای خزمەتگوزاریی دارایی کە لێرە نین، بۆ سەیرکردنی دەرفەتەکان لە هەرێمی کوردستان بێت. ئینجا بەشێکیشی دەکەوێتە سەر حکومەت کە چاکسازی بکات و ئەو رێکارانە دابنێت کە هاوتەریبی رێکارە نێودەوڵەتییەکانن، بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکاییەکان بزانن کە ئەگەر هاتن متمانە و باوەڕیان دەبێت. ئەوان لەگەڵ سیستەمدا مامەڵە دەکەن، لەگەڵ چوارچێوەیەکدا کە هاوتەریبی سیستەمی بانکیی جیهانی بێت. ئەمانە هۆی زۆر گرنگن.
رووداو: با باسی بابەتێکی دیکە بکەین؛ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دروشمێکی هەیە “کوردستان سەرزمینی دەرفەتە نەگوراوەکانە”. ئەمەوێت لەمەوە بچینە ناو بابەتێکەوە، ئەویش پەیوەندی بە وەبەرهێنانەوە هەیە لە وزەی سەوزدا. دەمەوێت باسی رۆڵی کۆمپانیا و بازرگان و وەبەرهێنی ئەمریکا کە ئەزمونێکی زۆر سەرکەوتووتان هەیە لە ئەمریکا بکەین، هیچ پلانێکتان هەیە لەناو ئەو گایدەی وەبەرهێنادا خۆتان جێبکەنەوە، وەبەرهێنان لە وزە نوێبوەکاندا بکەن؟
ستیڤ: من لە ئیڤێنتی وەبەرهێنان لە کوردستاندا زۆر پیرۆزباییم لێیان کرد و پێشنیازم ئەوە بوو کە دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی بە راستی باسی ئەم هەموو دەرفەتانە لە هەرێمی کوردستان بۆ خەڵک بکەین نامانەوێت پێیاننەگوترابێت. دەمانەوێت ئاگایی زیاد بکەین، چ لە بواری وزەی نوێبووەوە و پاکدا بێت چ لە بەشەکانی دیکەی ئابووریدا.
پێم وایە دەرفەتی زۆر هیوابەخش و بەرهەمدار هەن لە بواری وزەی نوێبووەوە و بەرنامەی درێژخایەندا کە دەتوانیت لە تەواوی ئابووریدا بیبینیت، لە پاراستنی ئاو و تەواوی لایەنە جیاوازەکاندا.
پێموایە لە بواری وزەی نوێبووەوەدا ئەوە گرنگە بیری هەمووانی بهێنمەوە کە [ئەمساڵ] کۆنفرانسی کەشووهەوا لە دوبەیی ئیماراتی نزیکتان ساز دەکرێت. تەواوی جیهان سەرنجی لەسەر ئەوگفتوگۆیانەی تایبەت بە گۆڕانی ئاو و هەوا و گرنگیی هێنانی وزەی نوێبووەوەی زیاتر دەبێت. بە راستی دەرفەتێکیش بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی هەیە کە رۆڵی تێدا بگێڕن.
دەیڵێمەوە، دەمانەوێت کۆمپانیای ئەمریکی زیاتر بهێنینە سەر مێزی گفتوگۆ تا لەو دەرفەتانە تێبگەن.
رووداو: باشە، بەڵام تۆ چۆن کۆمپانیا، بازرگان و وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان رازی دەکەیت کە بێن لە کورستان وەبەرهێنان بکەن؟ وە ئەمە زۆر قازانجێکی باشی تێدایە چۆن دەتوانن وەک بزنزێکی باش سەرنجی بدەن هاوشێوەی وەبەرهێنان لە وزە نەریتییەکان مەبەستم نەوت و گازی سرووشتی و ئەوانەیە چی بکەین ئەویش وەکو ئەوە گرنگبێت بۆ ئێوە؟
ستیڤ: یەکەم شت، بەشێکی ئەوەیە کە بێن و سەرەتا ببینن. پێموایە کە لە فڕۆکە دادەبەزیت و سواری ئۆتۆمبێل دەبیت، بە هەرێمی کوردستاندا دەگەڕێیت، سەرەتا شتانێک دەبینیت. دەبێت بێیت و لە بارەی بازرگانی و پەرەپیدانی پەیوەندییەکانەوە قسە لەگەڵ دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارانی حکومی بکەیت.
ئەوەی هەمیشە پێشنیازی دەکەم، ئەوەیە ئێوە قسە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکاییانەدا بکەن کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خەریکی بازرگانین. ئەوانە رەنگە لە میسڕ، سعودیە یان ئیماڕات بن. ئێوەش یەکێکن لە وڵاتانی دیکە. جا ئەوان بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاشنان. ئینجا هەوڵ بدەن رایانکێشن و کۆیان بکەنەوە و بیانهێننە هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ ئەوەی سەرەتا دەرفەتەکان ببینن و دەست بە پەرەدان بەو پەیوەندییانە بکەن. ئەوە ئەو خاڵەیە کە دەمانەوێت لەو کۆمپانیایانەوە دەست پێبکەین کە بە فراوانی لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا ئامادەن. بە دڵنیاییشەوە ئێمە دەمانەوێت لە ئەمریکاشەوە کۆمپانیا بهێنین. ئەم شاندانە، وەک ئەوەی ئێمە کە لێرەین بۆ کەرتی کشتوکاڵ بۆ بەرنامەی “کێڵگە بۆ چنگاڵ” زۆر گرنگن.
ئەوەی ئاخۆ لە داهاتوودا شتێک لە بارەی وزەی نوێبووەوە و پاکەوە دەکەین، لە راستیدا ئەگەرێکە، چونکە بۆ پەرەدان بەو پەیوەندییانە هیچ شتێک لە هاتن و بینینی شتەکان لە سەرەتادا بە چاوی خۆت گرنگتر نییە.
رووداو: باشە بەڕێز لوتس با من راوێژێک بە بەڕێزتان بکەم، بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە لە هەرێمی کوردستاندا بە هاوبەشی کۆمپانیایەکی ئەمریکی لەگەڵ کۆمپانیاییەکی خۆماڵی کاربکرێت یان هاوبەشێتی تایبەتی گشتی بە چ شێوازێک کاربکەین گەرەنتی سەرکەوتنی پرۆژەیەکی وەبەرهێنان و بازرگانییە لە هەرێمی کوردستان؟
ستیڤ: ئێمە وەک ژووری بازرگانیی ئەمریکا هەوڵ دەدەین ئەو پەیوەندییە سەرەکییانە دروست بکەین و ئاگایان لەو دەرفەتانە بێت. کاتێک بابەتەکە پەیوەندەیی بە دانوستاندنەوە لەسەر رێککەوتنێکی تایبەت هەبێت، ئیتر هاوبەشایەتیی تایبەتی گشتی بێت یان رێککەوتنی گەرەنتیکراو، ئێمە لەناو وردەکارییەکاندا نابین. ئێمە لێ دەگەڕێین کۆمپانیاکان بۆ دانوستاندن کار لەگەڵ هەر کەسێکدا کە هاوبەشیانە. ئەوان ئازادن کە بەدوای ئەو دەرفەتەدا بگەڕێن کە بە دڵیانە.
بە دڵنیاییەوە ئێستا شێوازی جۆراوجۆر بە کاردەهێنرێن کە بۆ کۆمپانیاکان باشترن. بۆیە ئێمە هەوڵ نادەین ئەوە بسەپێنین کە پێمان وایە دروستە. لێ دەگەڕێین هەر کۆمپانیایەک لای خۆیەوە بڕیار لە شایستەیی دەرفەتی رێککەوتنەکە بدات و لەسەر بنەمای “هەر بابەتێک بەپێی پێویستیی خۆی” دانوستاندن بکات.
رووداو: پرسیاری پێش کۆتایم، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەردەوام ساڵانە هەڵسەنگاندن دەکات بۆ یاسای وەبەرهێنانی عێراق و هەرێمی کوردستان. تۆ ئاگاداری یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانیت؟ هەست دەکەیت تاچەند دەرفەتی وەبەهێنانی گونجاندووە بۆ وەبەرهێنانی بیانی؟ تۆ وەک و بازرگانێکی ئەمریکی کاتێک کە تەماشەی یاسای وەربەرهێنانی کوردستان دەکەیت هەست دەکەیت سەرنجت رادەکێشت کوردستان شوێنێکە گونجاوە بۆ وەبەرهێنان؟
ستیڤ: پێموایە ئەوە بە تەواوەتی رێگە خۆش دەکات و دەرفەت بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان دەڕەخسێنێت. ئێمە لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا هیوادارین بەهۆی ئیڤێنتەکەی “وەبەرهێنان لە کوردستاندا”وە جۆرێک لە جۆرەکان بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە. وەک دەڵێن “تا ورد بکرێتەوە، کێشەی زیاتری لێ دەکەوێتەوە”. بۆیە دەمانەوێت تایبەتمەندییەکانی ئەو شتانە ببینین کە لە ئیڤێنتەکەدا خراونەتە روو. بەڵام بە دڵنیاییەوە پێموایە هەبوونی پلاتفۆرمێکی وەک یاسای وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان هاندەرە، بەڵام خاڵ بە خاڵ هەڵیدەسەنگێنین و سەیری دەکەین، پاشان فیدباکی خۆمان و هەر بیرۆکە و پێشنیازێکمان هەبێت دەدەین.
شتە باشەکە ئەوەیە پێموایە لە محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێز سەرۆکوەزیرانمان بیست کە ئەوان بە رووی ئەو بیرۆکە و پێشنیازانەدا کراوەن کە دەکرێت ئێمە وەک کەرتی تایبەتی ئەمریکا بیانبەینە سەر مێزی گفتوگۆ.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم، ئێمە چەند رۆژێک لەوبەر لە عێراق بودجەی سێ ساڵمان پەسەندکرد، پەسەندکردنی بودجەی عێراق 200 ترلیۆن دینارە زیاتر لە 130 ملیار دۆلار بۆ یاریدەدەری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چ مانایەکی هەیە کە وەبەرهێنان دەکەن لە عێراق، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و هەرێمی کوردستان؟ هەولێر و بەغدا لەیەکەوە نزیکبوونەتەوە. بودجە پەسەندکراوە. چۆن دەتوانن ئەمە وەک دەرفەتێک وەک بزنس وەک بازرگانی وەکو وەبەرهێنان سەرنج بدەن؟
ستیڤ: بەڵێ، ئاگامان لە هەواڵەکان. جا ئەوە شتێکی باشە دەبینین کار لەسەر بودجە دەچێتە پێشەوە. ئێمە لەم دیدار بۆ ئەو دیدار و لەم کۆڕبەند بۆ ئەو کۆڕبەند چووین، کەچی دەرفەتمان نەبووە وردەکارییەکان وەک خۆیان وەربگرین. جا هەمیشە بەر لە هاتنم حەز دەکەم وردەکارییەکانی هەر رێککەوتنێک و هەر بەشێکی یاسایی وەک بودجە بزانم و تێیانبگەم.
پێموایە بڕی دۆلار زۆر گرنگە و ئاماژەیەکە بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان کە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بازرگانی ئامادەن. جا ئەوەی پێویستمانە ئەوەیە … دەیڵێمەوە، کە بەردەوام دووپاتی دەکەمەوە، چونکە خاڵێکی گرنگە، ئەویش ئەوەیە لەبارەی دەرفەتەکانەوە بۆ هاتن و بازرگانیکردن لە ئابووریدا ئاگایی زیاد بکەین. ئێمە لێرەین سەرنجمان لەسەر کشتوکاڵە، بەڵام دەزانین لە زۆربەی کەرتەکانی دیکەدا ئەو دەرفەتانە هەن.
ئێمە دەزانین کە ئەمە هەر سەردانێک نییە، لە هەمان کاتدا کار دەکرێت بۆ بەرەوپێشچوون. ئێمە کاتێک سەیری داهاتوو دەکەین، بە راستی پابەندین بەوەی هەوڵ بدەین هەندێک لەو چالاکییە تازانە بهێنین. زۆر تامەزرۆین بگەڕێینەوە و قسەتان لەگەڵ بکەین و هیوادارین هەندێک بەرەوپێشچوون لە کشتوکاڵ و خۆراک و هەندێک لەم بوارانەدا هەبێت.
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز لوتس، من زۆرخۆشحاڵ بووم گفتووگۆم لەگەڵ تۆ کرد، تۆم بینی. هیوادارم، تەبعەن خۆشحاڵتردەبم کە جارێکی دیکە هاتیتەوە بە کۆمەڵێک پرۆژە لەبارەی خۆراک، دیجیتاڵ بانکینگ، وزەی نوێبووە و لەم بوارانەدا، جارێکی دیکە هاتیتەوە بۆ کوردستان بە کۆمەڵێک پرۆژەی زۆر باش بێیتەوە، بەخێربێتەوە بۆ کوردستان بەخێر بچێتەوە بۆ ئەمریکا زۆر زۆر سوپاست دەکەم.
ستیڤ: دەبێت بڵێم، بەر لەوەی بێینە ئەم ستۆدیۆیەوە، نموونەیەکمان لە هەنگوینی خۆش و هەناری بەتام وەرگرت. ئەوە سەرنجڕاکێش بوو. دڵنیام ئەوانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان تاقییان کردووەتەوە، بەڵام ئەوانەی نەهاتوون، پێشنیازیان بۆ دەکەم تاقیی بکەنەوە.
رووداو: نۆشی گیانت بێت زۆر زۆر بەخێربێیت، سوپاست دەکەم.
ستیڤ: زۆر سوپاس.