ڕێگریی لەدەرهاویشتەکانی وشکەساڵی

وەسفی خەلیل

وشکەساڵی بریتییە لەبارانباراینێکی کەمتر لەنیوەی ڕێژەی ساڵانە، هەرچەندە ئەمە پێناسەیەکی زۆر ئاسان‌و سادەیە، بەڵام کاریگەریکی ئابوری خراپی لێئەکەوێتەوە، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.

له‌ماوه‌ی٤۰ ساڵی ڕابردودا وشكه‌ساڵی گەورەترین کارەساتی سروشتییە کە کۆمەڵگای مرۆڤاتی بەدەستیەوە دەناڵنێت‌و تا ئێستایش نەتوانراوە چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزرێتەوە.

لەبابەتێکی تردا باسی هۆکارەکانی وشکەساڵیمان کردوە، لێرەدا جەخت لەسەر چۆنیەتی ڕێگریی لەئاکامە نەرەنییەکانی دەکەین. دیارە وشکەساڵی بەهۆی گۆڕانی ئاوهەواوەیە کە خەریکە باڵ بەسەر هەموو جیهاندا دەکێشێت، لەهەندێ جێگا ئەگەر بەشێوەی بەردەوام ڕوینەداوە خەریکە دەبێتە دیاردەو ساڵ بەساڵ کاریگەرییەکەی خراپتر دەبێت، بۆ نمونە لەهەندی وڵاتی ئەفریقیا لەحاڵەت تیپەڕیوەو خەریکە دەبیتە دیاردە، بەردەوام لەوڵاتانی تر ئەگەر حاڵەت بووبێت ئیستا خەریکە دەبیتە دیاردە. تا ڕادەیەک هەندێ ناوچە هەیە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم حاڵەتە گو‌زه‌ر دەکه‌ن، لەوانەش عێراق‌و هەندێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت گەرمیان‌و کەرکوک‌و خواروی هەولێر بەدەرنین لەوشکەساڵی بەردەوام. لێرەدا دەبێت بەجدی بیر لەبەرنامەیەکی تیرو تەسەل بکرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارەکەی‌و ناتوانین بڵین ڕێگە چارەسەری هەمیشەیین.

هەموو لایەکمان ئەزانین هەر لەمێژەوە کەم تا زۆر وشکەساڵی ڕویداوە، بەڵام وا زەق نەبووە وەکو ئه‌وه‌ی ئەمڕۆ هه‌یه‌، دیارە یەکێک لەهۆکارەکانی دەرنەکەوتنی بەم شیوەیە لەبەرئەوەی ئەوکات دانیشتوانی سەرزەوی بەم شێوەیه‌ زور نەبووە، لەکاتی ڕودانی وشكه‌ساڵی جێگۆڕکێیان کردوە بۆ جێگایەکی باشتر رۆشتون، بەڵام ئەمڕۆ چڕی دانشتوانی سەرزەوی‌و دیاریکردنی سنورێکی سەقامگیر لەنإوان وڵاتان ڕێگرە لەو جۆرە چارەسەرە.

ئەو ڕێکارە گرنگو سەرەکیانە کە دەبنە مایەی کەمکردنەوەی ئاکارە زیانبەخشەکانی وشکەساڵی:

۱/ سازگار کردنی ئاو

سەرەڕای ئەوەی لە(۷۰٪)ی سەرزەوی داپۆشراوە بەئاو، بەڵام ڕێژەی لە(٠٫٠٠٣) ئەو ئاوە سازگارە، لەهەندێ شوێن تەنها ئاوی سازگاریان دەستدەکەوێ، ئەویش ئاوی بارانە، واتە نەئاوی سازگاری سەرزەویان هەیە، نەئاوی ژێرزەوی، بەڵام دەریاکان سەرچاوەیەکی ئاوە بۆمان بەڵام سازگار نیە، بۆیە پێوستی بەوەیە خوێکەی لێجیابکرێتەوە بۆ ئەوەی سودی لێوەربگیرێ، بەڵام ئەم کارە تەنها بەقسە ئاسانە چونکە بۆ ئەوەی ئاوی سازگارت دەستکەوێ، پێوستی بەتێچونێکی زۆرە، پێویستمان بەسوتەمەنییەکی هایدرۆکاربۆنی زۆرە بۆ ئەوەی ئاوەکە بکوڵێنرێت‌و دوایی هەڵمەکەی سارد بکرێتەوە، بەڵام دوای دروستکردنی فلتەرێک لەمادەی گرافین‌و بەڕێگەی تەکنەلۆجیای نانو کە تەنها بەپەستانی هایدرۆستاتیک کاردەکات، دەتوانرێت تیچونی زۆرکەم بکرێتەوە.

۲/ دورێنەی ئاو  

 مەبەست لەدورێنەی ئاو، کۆکردنەوەی ئاوی بارانەو بەکارهێنانیه‌تی لەکاتی پێویست، ئەم شێوازە لەجیهان ئێستا گرنگی زۆری پێئەدرێت، لای خۆمانیش خەریکە کاری لەسەر ئەکرێت، ئەویش بەشێوەی بەربەستی بچوک “گوندێک لەتەکیەی چەمچەماڵ، لەگوندێک لەقەرەداغ” بەمشێوەیە کاریان تیا دەکرێ. هەرچەندە دەکرێت لەئێستادا جۆریک پلاستیکی دروستکراو جوتیار به‌کاریبهێنیت، حەوزیکی گەورەی پێداپۆشێت لەدوایدا ئاوەکەی بەکاربهێنرێت.

 ٣/ سیسته‌مي ئاودانی دڵۆپاندن

ئەم شێوازە لەئاودان ڕوڵێکی بەرچاوی هەیە لەکەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، سەرەڕای ئەوەی رەگی درەختەکە شێدار دەبێت‌و بەشێوەی گونجاو ئاو دەگاتە درەختەکە، ئەم شێوەیە تیچونی کەمەو لەئێستادا زۆر کۆمپانیا هەیە لەم بوارەدا تەکنەلوجیای باش بەرهەمدەهێنن.

٤/  دەسکەوتنی ئاو لەهەوا 

هەموومان ئەزانین هەوا لەچەند رەگەزێک پێکدێت لەوانەش شێیە، هەر لەو ڕوانگەیەوە زانایانی پەیمانگای ماساتشوستس بۆ تەکنەلۆجیا ئامێریکیان دروستکردوە، ئەو شێیە لەهەوا چڕ بکاتەوەو بیکاتە ئاو، ئەم ئامێرانە لەولایەتی ئەریزۆنا سەرکەوتوانە بەکارهێنراوە. چاوەڕێ ئەکرێ لەئایندەیەکی نزیک بگاتە بازاڕەکانی جیهان، یەکێک لەتایبەتمەندیەکانی ئەم ئامێرە پێوستی بەکارەبا نیە، دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت لەناوچە بیابانیەکان.

٥ بەئەندازەیکردنی بەروبوم

ئەوەی باسمان کرد هەوڵدان بوو بۆ دابینکردنی ئاو بۆ پاراستنی شێ لەڕوەکەکەدا، بەڵام لەم خاڵەدا زانایان لەهه‌وڵدان دەستکاری ئەندازەی بۆماوه‌یی درەختە بکەن بەشیوەیەک کەمتر پێوستی بەئاو بێت‌و بەرهەمەکەی کەم نەکات. لەئێستادا ئەم هەوڵە سەرکەوتوو بوە، بەشێوەیەک لەئەنجامی ئەو دەستکاری کردنە پێوستی ڕووەک بۆ ئاو کەم دەکات، بەڕێژەی (۲٥٪) ئەمەیش سەرەتایەکی باشە بۆ زیادکردنی ئەو ڕێژەیە.

٦/ پەمپی وزەی خۆر

دیارە هەندێ کردار لەوانەیە بەشێوەی ڕاستەوخۆ ئەنجامی نەبێت، لەوانە بەکارهێنانی ئەم جۆرە پەمپانە وزەی پاک تێدا بەکاردێت نابێتە هۆی پیسبونی ژینگە، لەئەنجامدا ڕۆڵی دەبێت لەدابەزینی گەرمای زەوی، خۆشبەختانە ئەم جۆرە پەمپە لەئێستادا لەلایەن جوتیارەکان لەزۆر شوێن بەکاردێت بۆ دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی بەمەبەستی ئاودانی رووەک‌و ئاژەڵ.

٧/ ریسایکلینی پاشماوە ئۆرگانییەکان

یەکێک لەتایبەتمەندیەکانی مادەی ئۆرگانیک ئەوەیە دەتوانیت بۆ ماوەیەکی زۆرتر شێی ناو خاک بپارێزیت، بۆیە تا رادەیەکی باش جوتیاران پاشماوەی مادە ئۆرگانیکیەکان بەکاردەهێنن چ وەکو پەین سوودی هەیە، لەهەمانکات رێژەی شێ لەخاکدا زیاتر دەهێڵیتەوە.

۷چاندنی درەختێکی زۆرتر

لەوانەیە لەلای زۆرێک ئەم ڕینماییە تازە نەبێت، بەڵام زۆر گرنگە ئەگەر ڕوپۆشی ڕوەکی زۆر بکرێت، ئاووهەوایه‌ک دەڕەخسێنێت کە ببێتە مایەی بارانبارین، دیارە ئەم ڕێنماییانە ئەنجامی نابێت گەربێتو بەجدی کاری بۆ نەکرێ، چ لەسەر ئاستی رێکخراوە جیهانییەکان یان هه‌رێمایه‌تیەکان، بۆیە لەجنێڤ لەساڵی ٢٠١٣ (ڕێکخراوی چاودێری کەش‌و هەوای جیهانی)،  کۆنگرەیەک بەستراو چەندین ڕاسپاردە بڵاوکرایەوە، لەو کونگرەیەدا جەخت لەسەر زیانە ئابوریەکەی وشکەساڵی کرا بەشێوەیەک ساڵانە لە ٦ تا ٨ ملیار دۆلار زیان بەئابوری جیهان دەگەیەنێت.

 

زانایانی ئەم بوارە جەخت دەکەنەوە لەوەی هەندێك ناوچە لەئەفریقیا ڕوبەڕوی وشکەساڵی بەردەوام بۆتەوە تا رادەیەک ڕێژەی هەژاری‌و برسێتی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو هەڵکشانە، سەڕەڕای ئەو ڕاستیانە کەمن ئەو وڵاتانەی ڕێکاری بەرەنگاریی وشکەساڵیان گرتوەتەبەر، بۆ نمونە لە٠٫٢٥ ڕوبەری وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕوبەڕوی وشکەساڵی بۆتەوە، لەهەندێ ناوچە بۆ (۱۲) مانگ درێژەی خایاندوە، ئەمەش بوەتە مایەی کەمی بەرهەمی سویابێن (فول صویا)، وڵاتی هندستانیش بێبەش نەبوە لەزەرەرو زیانی وشکەساڵی بەشێوەیەک بەگشتی ڕێژەی بارانبارین ۱۷٪ کەمی کردوە بەتایبەت لەولایەتی بەنجاب لە ۷۰٪ کەمی کردوە، ئەم ولایەتە بەسەبەتەی خۆراکی وڵاتی هند دادەنریت. ئەم دیاردەیە خەریکە ڕوو دەکاتە لای خۆمان بەڵگەیش ئەمە دوو ساڵە ڕێژەی بارانبارین بەرەو دابەزینە.

 

 هەر لەو کۆنگرەیە (۱۰) خاڵ دیاریکراوە وەکو خۆپاراستن لەئاکامەکانی وشکەساڵی:

 ۱/ دیاریکردنی تیمێکی کارا لەسەر ئاستی وڵات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی وشکەساڵی.

٢/ ئەنجامدانی کۆبونەوەی ڕاوێژکاریی لەگەڵ وڵاتە هه‌رێمایەتیەکان بەمەبەستی دانانی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دابەشکردنی ڕوبارە هاوبەشەکان.

۳/ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئامارێکی راست‌و دروست لەسەر ئاکامە خراپەکانی وشکەساڵی لەسەر ناوچە جیاجیاکان، بۆ ئەوە ڕێوشوێنی گونجاو بگیرێتەبەر.

٤/ دیاریکردنی رەگەزە بنەڕەتیه‌کانی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی گونجاو بۆ ڕێگری لەوشکەساڵی هەر لەچاودێری‌و ئاگاداربونی پێشوەختەو خەمڵاندنی زیانەکانی‌و هەڵسەنگاندنی رادەی مەترسی‌و ئاسەوارە خراپەکانی‌و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی‌و خۆئامادەکردن بۆ بەهاناچونی لێقەوماوانی ئەم دیاردەیە.

٥/ ئامادەکاری‌و لێکۆڵینەوەی زانستی پێشوەخت‌و سازدانی ئەو دامودەزگایانەی کە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی وشکەساڵی تەرخان کراون .

٦/ کۆکردنەوەی لایەنە زانستییەکان کە دیاریکراون بۆ داڕشتنی سیاسەتی ڕوبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی.

۷/ راگەیاندنی بەرنامەی ڕوبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی‌و کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی هوشیاری.

٨/ رەچاوی هەڵسەنگاندن‌و پێداچونەوەی رێکارە زانستەکان بکرێت.

٩/ دانانی به‌رنامەی فێرکاری‌و ڕاهێنان بۆ هەموو ئاستە جیاجیاکان.

۱۰/ دانانی ڕێوشوێنی چارەسەرکردنی هەموو مەترسیەکی چاوەڕێکراو لەسەر ئاستی نیشتمانی.

لەکۆتایدا ئەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین چ رێوشوێنی ڕوبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی‌و ئەو ڕاسپاردانەی کۆنگرەی رێکخراوی چاودێری کەشوهەوای جیهانی سەرکەوتو نابن، ئەگەر ڕەچاوی توانای دارایی ئەو وڵاتانە نەکرێت، بۆ نمونە وڵاتانی كه‌نار دەریا لەئەفریقیا ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنمیان لە٢٦٪ کەمی کردوە، زیاتر لە(۱۰٪) دانیشتوانی ڕوبەڕوی برسیەتی بونەتەوەو زیاتر لە(۱،٥) ملیۆن منداڵ تووشی بەدخۆراکی بونەتەوە، ئەمە لەلایەک. لەلایەکی تر وڵات هەیە توانای دارایی لەئاستێکی بەرزدایە، بەڵام بەداخەوە هێشتا درکیان نەکردوە بەمەترسی وشکەساڵی، ئەوەندە خەریکی وەبەرهێنان لەبواری جوانکاری‌و پڕۆژەی لاوەکین، ئەوەندە خۆیان تەرخان نەکردوە بۆ ئەم ڕوداوە سامناکە.

تا رادەیەک هه‌رێمەکەی خۆمان تا ئیستا نەبەرنامەی درێژخایەنی هەیەو نەکورت خایەن، ئەگەر سیاسەتی هوشیارانە دابڕێژرێت، لەوە ناچی ئاکامی وشکەساڵیمان پێوە دیار بێت. ئگەر بەپێچەوانە بێت لەوانەیە دانیشتوانی گەرمیان‌و خوارووی هەولێر زەوی‌و زاریان جێبهیڵن‌و ڕووبکەنە شارەکانی تر، بەوەش کارەساتەکە ئەوەندەی تر مەترسیدار دەبێت.