ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە بەپێی داتاکانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتیی ئەمساڵ ئابووری عێراق بەڕێژەی زیاتر لەسەدا 9 گەشەی کردووە، کە ئەوەش بە بەرزترین ڕێژەی گەشەکردنی ئابووریی لەمێژووی عێراقدا دادەنرێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیری عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاندووە: گەشەکردنی ئابوریی عێراق لەمساڵدا کە ڕێژەکەی لەسەدا 9.4 دەبێت، بە بەرزترین گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە دادەنرێت لەمێژووی خۆیدا، کە ئەوەش بۆچەند هۆکارێک دەگەرێتەوە؛ یەکەمیان زیادبوونی هەناردەی نەوت بەڕێژەی نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەراورد بە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، دووەمیان بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بەڕێژەی لەسەدا 40 و سێیەم بوونی هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی شارە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش.
ساڵح وتویەتی: چوارەم هۆکاری خێراگەشەکردنی ئابووری عێراق بۆ چالاکی کەرتی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان و پێنجەمیش بۆ دەستپێشخەرییەکانی بانکی ناوەندی دەگەڕێتەوە کە نزیکەی 19 تریلیۆن دیناری وەگەرخستووە، ئەوە جگە لە پێدانی قەرزی نیشتەجێبوون و پشتیوانیکردنی پڕۆژەی گەنجان.
سەبارەت بەوەی عێراق چۆن دەتوانێت پارێزگاریی لەو گەشە ئابوورییە خێراییە بکات، ساڵح وتویەتی: عێراق پاشەکەوتێکی دارایی لە بانکی ناوەندیی لەبەردەستە کە پەیوەستە بەبەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە کە بە 15 بۆ 20 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و دەتوانرێت لەرێگای پڕۆژە یاسای بودجەوە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت، بەتایبەت کە بودجە نیوەی تێکڕای داهاتی نەتەوەیی لەخۆدەگرێت و دەکرێت بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی گەشەکردنی وڵات و پارێزگاریکردن لە بەرزی گەشەی ئابووریی سوودی لێوەربگیرێت.