وهسفی خهلیل
سروشتی مرۆڤ وایە لەنواندنی هەر چالاکیەک دەیەویت بەرهەمی ماندووبونی خۆی ببینێت بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند جێگە دەستی دیارە، ئەمە ڕاستە بۆ هەموو بۆرەکانی ژیان چجا ئەگەر ئەمە لەبواری کشتوکاڵ بێت.
ئەو ماندووبونەی جوتیار یان خاوەن پیشە کشتوکاڵیەکان پێیهەڵدەستن لەم بارودۆخە پڕ مەینەتیە لەلایەک، گۆڕانی کەشوهەوای زەوی نەک هەر بوەتە هوکاری سەرهەڵدانی وشکەساڵی، بگرە وەرزەکانی ساڵی شپرزە کردوە، نە سەرما لەکاتی خۆیدا دێو نەگەرما. هەروەها ڕێژەی بارانبارین زۆر ئاڵوگوڕی بەسەرهاتوە، لەوەرزێک کە دەبوو باران ببارێت بێ بارانییەو بەپێچەوانەشەوە. ڕاستە ئەمە وادەکات جوتیار زۆر نیگەران بێت لەئەنجامی ماندووبوونو هیلاک بوونی، ئەمە لەلایەک. لەلایەکی تریشەوە ئەو ئاڵۆزییەی سەرتاپای جیهانی گرتوەتەوە هەر لەبڵاوبونەوەی نەخوشی کۆڕۆناوە کە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە بوەتە مایەی قەیرانێکی خۆراک بەهۆی گرانیو بەزەحمەت دەسکەوتنی، کە تا ئێستاش کاریگەری خۆی ماوە لەسەر بازاڕ، ئەمە جگە لەوەی سەرهەڵدانی گرژی سیاسیو ئاڵۆزی سەربازی لەچەندین جێگەی جیهان کە دیارترینیان جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیایە، ئەوەندەی تر باری نائاسایی باڵی بەسەر هەموو جیهاندا کێشاوە.
ئەم هۆکارانە پاڵمان پێوە دەنێنن ئێمەش هەڵوێستەیەک بکەین لەئاستی ئەو بێ سەروبەرییە لەبازاری ساغ کردنەوەی هەموو جۆرە کاڵایەک، بەتایبەت خۆراکو ئەوەی کە سەرچاوەکەی بەروبومی کشتوکاڵیە، بۆیە جیهان بەهەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیشەوە زۆر نیگەرانن لەچارەنوسی کومەڵگای مڕوڤایەتی لەڕوی بڵاوبونەوەی برسیەتیو قاتو قڕی، بۆیە دەبێت دەسەڵاتداران بەهەموو توانایەکانیەوە گرنگی بەکەرتی کشتوکاڵ بدەن، هەمیشە بیر لەپتەوکردنی ژێرخانی ئەم کەرتە ژیارییە بکەنەوە، چونکە ئاسایشی هەمووان بەندە بەم کەرتەوە، پاشان ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە ئێمە لەناو ئەم جەنجاڵییە چون بتوانین بژێوی ژیانی هاوڵاتیان مسۆگەربکەین؟ لەڕێی لابردنی کۆسپو تەگەرەکانی پڕۆسەی کشتوکاڵی وا بکرێت جوتیار لەو نیگەرانەیە ڕزگار بکرێتو چۆن بتوانێت بەرهەمی ڕەنجی شانی خۆی ساغ بکاتەوەو چۆن بتوانێت بازار بۆ بەرهەمەکەی بدۆزێتەوە؟ چۆن بەرەنگاری بەرهەمی دەرەکی ببێتەوە؟ چۆن خۆی بپارێزێت لەکارە سروشتیەکان کە بەهوی گۆڕینی کەشو هەوای زەوی سەریهەڵداوە؟ هەروەها چۆن بتوانێت بەئاسانی کەرەسە پێوستییەکانی کشتوکاڵ دەستەبەر بکات بەتایبەت تەکنەلۆجیای نوێو شێوازی نوێ لەچاندن کە هۆکار دەبێت بۆ کەم بەکارهێنانی ئاو بەمەبەستی رەچاوکردنی کەمئاویو بەکارهێنانی کەمترین ڕێژە لەپەینی کیمیاویو دەرمانی قڕکەر کە لەهەمانکات ئەم ڕێکارانە دەبنە مایەی کەمکردنەوەی تیچونی بەرهەمەکەیو بەتەندروستکردنی.
دیارە هەنگاونان بەم ئاراستەیە تەنها بەتوانای جوتیار جێبەجێ ناکرێت ئەگەر پاڵپشتی حکومەت نەبێت، چ لەڕووی مادی یان لەڕوی بەسستم کردنی پڕوسەی کشتوکاڵی، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین جۆرێک لەبێسەروبەری بەم کەرتە گرنگەوە دیارە، بۆ نمونە ئەگەر سەیری لەوەڕگای سروشتی بکەین لەبەر کەمی ڕێژەی بارانبارین پێوستی ئاژەڵ دابین ناکات، هەمووشمان ئەزانین ڕۆژێک لەڕۆژان سەرچاەی سەرەکی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەوەڕگای سروشتی بووە، بۆیە دەبێت پەنا بۆ دابینکردنی ئالیک ببەین، نەک بەو شێوەیەی ئیستا هەیە، زۆربەی کەرەسەکانی لەدەرەوە هاوردە بکرێت، بەڵکو هەوڵبدرێت ئەوەی لای خۆمان دەسکەوێت، دەبێت لەڕێی هاندانی چوتیار کار لەسەر بەرهەمهێنانی ئەو بەروبومانە بکەن.
هەروەها هەوڵبدرێت ڕوبەری چێنراوی زیاد بکریت بەپشتبەستن بەڕێنماییە زانستییەکان، لەهەمانکات هەوڵبدرێت کار لەسەر بەروبومە کشتوکاڵیەە پیشەسازەیەکان بکرێت، بەتایبەت گوڵەبەڕۆژەو گەنمەشامیو پەموو کونجی، چونکە جوتیاری خۆمان ئاشنان بەچاندنیانو کەشو هەوامان گونجاوە بۆ ئەم بەروبومانە، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەک بۆ بەرهەمهێنانی زەیتو ئالیکو بەگەڕخستنەوەی کارگەی ڕستنو چنینو لەهەمانکات هەوڵبدرێت کارگەی خۆشکردنی پێستەو خوری دابمەزرێت بۆ سوود وەرگرتنی لەبەرهەمی ناوخۆ کە ئێستا بەنرخێکی هەرزان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت، هەندی جاریش یان دەسوتێنریت یان دەفەوتێنرێت.
چەندین بەرهەمی میوەمان هەیە بەداخەوە بێ ئەوەی سودی لێوەربگیرێت لەڕێی دامەزراندنی کارگەی لەقوتوونانەوە، زۆرجار بەرهەمی تریش هەن سودیان لێوەرناگیرێ. لەناوچە گەرمەکانیش دەکرێ باخی خورما فراوان بکرێت، لە پەنایشیەوە داری مزرەمەنی بچێنرێت. ئەم جۆراوجۆر کردنە لەبەرهەم وادەکات جوتیاران تەنها سەرقاڵی جۆرێک لەبەروبوم نەبن، بەوەش دەبێتە مایەی مسۆگەرکردنی پێداویستی بازاڕی ناوخۆ، لەلایەکیتریشەوە دەبێتە هۆی بەجۆراوجۆرکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان.
دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین جوتیار خۆی لەبەروبومە پیشەسازیەکان ئەدات، ئەگەر بێتوو حکومەت هاوکار نەبێت لەئاسانکاری کردن بۆ دامەزراندنی ئەم جۆرە کارگانە چ لەڕووی هاندانی سەرمایەداران یان لەڕێی بەگەڕخستنەوەی بانکی پیشەسازیو ڕێگری کردن لەهاوردەکردنی ئەو جۆرە کاڵایانەی کە لەپیشەسازی گۆڕاو ( الصناعات التحويلية) دەستدەکەوێت، لەئەنجامی بەکارهێنانی بەروبومی ناوخۆ دیتە بەرهەم، ئەوەش یان بەدانانی باجێکی گونجاو یان قەدەغەکردنیان، ئەگەر توانیمان پێداویستی ناوخۆ دابین بکەین لەبەروبومیک.
ئەبێ ئەوەشمان لەبیر نەچێت هەندێ بەروبومان هەیە زۆر لەپێویستی خۆمان زیاترە، دەبێت هەوڵ بدرێت بازاڕی ناوەڕاستو خوارووی عێراقی بۆ فەراهەم بکرێت، بەتایبەت لەکاتی هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەکرێت ئەمە یەکێک لەبابەتە سەرەکیەکان بێت، بەشێوەیەک دوور بێت لەهەر جۆرە ئاڵۆزییەکی سیاسی.
لەلایەکی تر هەوڵبدرێت بەرهەمە کشتوکاڵیەکانمان بەتەندروست بکرێت بەشێوەیەک کواڵێتی بگونجێت لەگەڵ ستانداردی جیهانی یان لەگەڵ ستانداردی ئەو وڵاتانەی بەرهەمی خۆمانی بۆ هەناردە دەکەین، بەو ڕێگایانە دەتوانین بازاری دەرەکی بۆ بەرهەمەکانمان پەیدا بکەین. تاقە ڕێگا بۆ چارەسەری ئەم گرفتە بەشداری کردنی وەزارەتی کشتوکالە بۆ لابردنی ئەو کۆسپو تەگەرانەی رێگرن لەهەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ دەرەوە. ڕاستە ئێمە خاوەنی بەرهەمێکی پاکو پوختین، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە گرنگی بەپاکەتکردنو پێچانەوە بدەین بۆ ئەوەی پارێزگاری بکات لەسەر شێوەو کواڵتیەکەیو لەهەمانکات ببێتە جێی سەرنجی کڕیار، بۆنمونە بەداخەوە بەرهەمی گۆشتی پەلەوەر کە تا ئێستا بەزیندووی بەبازاڕ دەکرێت، ئەمە خۆی لەخۆیدا لەڕووی تەندروستییەوە گونجاو نیە. لەهەمانکات تێناپەڕێت بەپڕوسەی بەپشەیسازی کردنی کە یەکێک لەئەڵقە سەرەکیەکانی سەربڕخانەیە (مجزرة) جگە لەوەی دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەرهەمەکە بەجوانیو تەندروست بخرێتە بازاڕ، بەڕێگەی سەربڕخانەش دەتوانرێت باڵانسی بازار ڕابگیرێت لەڕووی خواستو خستنەڕوو، ئەمەش دەبێتە مایەی سەقامگیر کردنی نرخی گۆشتی پەلەوەرو لەئەنجامدا هاوڵاتی سوودمەند دەبێت.
لەلایەکی تریشەوە خاوەن پڕۆژە کیڵگە پەلەوەرییەکان تووشی زەرەرو زیان نابن، لەڕووی بەرهەمی سەوزەش دەکرێت هەمان کاری بۆ بکرێت، لەهەمان کات هەوڵبدرێت بەرهەمەکەی جۆراوجۆر بکرێت، بەداخەوە تا ئیستا بەرهەمی خەیار نزیکەی ٨٠٪ی بەرهەمی پێکدەهینێت، ئەمەش وا دەکات لەکاتی وەرزی بەرهەمهێنان زۆرجار بەنرخێکی زۆر هەرزان دەفروشرێت زۆر لەتێچونی کەمتر یان هەر لەکێڵگە لەناو دەبرێت.
ئابوریناسانی ئەم بوارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە بەبازاڕکردن کرۆکی ئابوری کشتوکاڵییە، چونکە ئەم پرۆسەیە سێ رەگەزی سەرەکی بەخۆیەوە دەگرێ، ئەویش بەرهەمهێنەرە کە جوتیارەو عەلوەکانە کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لەساغکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانو رەگەزی سێهەم بەکاربەرە کە دەبێت خواستو ئارەزوی ڕەچاو بکرێت، لەکاتێکدا ئەم خاڵە پشتگوێ بخرێت بێگومان ئەو بەرهەمە زۆر ئەستەمە ساغ بکرێتەوە بەمەش بەرهەمهێن تووشی بێ ئومێدی دەبێت.
لەکۆتایدا دەبێت وەزارەتی کشتوکاڵ هەمیشە چاودێر بێت لەسەر بازاڕو بەردەوامی بەڕێنماییەکانی هەر لەسەرەتای بەرهەمهێنانەوە تا بەبازاڕکردن ئامۆژگاری جوتیارانو خاوەن پیشە کشتوکاڵییەکان بکات، ڕۆڵیشی هەبێت لە بەسستەم کردنی ئەم کەرتەو هەردەم سوود وەربگرێت لەفەرمانگەو سەنتەری توێژینەوە کشتوکاڵیەکانو فەرمانگەکانی ڕینمایی، چونکە هەمیشە دەبێت ئاستی هوشیاری جوتیار بەرز بکەنەوەو زانیاری تازە یان پئبدات هەوڵبدەن لەهەر گۆڕانکارییەکی سروشتی ڕێنمایی جوتیاران بکەن، بەتایبەت لەم بارودوخەی بەسەر جیهاندا هاتووە لەئەنجامی گۆڕێنی ئاووهەوا کە یەکێک لەدیاردەکانی وشکەساڵیو کەمئاوییە، بۆئەوەی جوتیار ڕێنمایی بکرێت بۆ بەکارهێنانی کەمترین ئاو بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین بەرهەم.
با دروشمەکەمان لەم قوناغەدا ئەوە بێت، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک تاقە ڕێگەیە بۆ مسۆگەر کردنی خۆراک بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگاکەمانو ببێتە کۆڵەکەی بنەڕەتی بۆ مسۆگەر کردنی ئاسایشی نەتەوەیمان.