وەسفی خەلیل
هەمیشە زانایانی کشتوکاڵ هەوڵیان داوە بەرهەمێکی کشتوکاڵی تەندروست بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی لەجیاتی ئەوەی ببێتە مایەی تێکچونی تەندروستی مروڤ، ببێتە هۆکارێک بۆ بەختەوەری مرۆڤ بەشێوەیەک بتوانێت بە بەکارهینانی پێویستی لەشی دابین بکات لەڤیتامینو کانزاکانو پڕۆتینو کاربۆهیدرات.
زیاتر بهرگری لەشی زیاد بکات بۆ ڕوبەروبونەوهی هەموو جۆرە نەخۆشییەک، زاناکانی ئەم بوارە چەند بیریان لەوە کردوەتەوە بەرهەمی کشتوکاڵی زیاد بکەن ئەوەندەش بگرە زیاتر بیریان لەوە کردوەتەوە بەرهەمێکی تەندروست بەدەستبهێنن، بۆ ئەوەی لەهەموو ڕووەکانەوە سودی هەبێت بۆ مرۆڤ، دوای ئەوەی ڕێژەی دانشتوانی زەوی زیادی کرد بەشێوەیەکی بەرچاو بیر لەوە کرایەوە ڕێگە چارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستی مرۆڤ لەبەرهەمی کشتوکاڵی، هەمیشە هەوڵدراوە کەمترین ڕوبەر بەکاربهێنرێت بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین بەرهەمو بە کەمترین تێچون، بەڵام بەداخەوە هەندێجار ئەگەر لەڕووی نەزانینەوە بێت یان لەڕووی ئەوەی داهاتێکی باشیان دەستبکەوێت ڕەچاوی جۆری بەرهەمەکە نەکراوە لەڕووی کوالێتیەوە لەئەنجامدا بەداخەوە هەندێجار دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی چەندین جۆری نەخۆشی لەوانەیە هەندیکیشیان کوشندە بێت. لێرەدا مەبەستمانە چۆن بتوانین ڕێگر بین لەو جۆرە بەرهەمە ژەهراویانه کە بەداخەوە لەهەندێك وڵات ئەوەندە گرنگی بەزیادکردنی بڕەکە ئەدەن ئەوەندە گرنگی بەکوالێتی بەرهەمەکە نادەن لەوانەش وڵاتی خۆمان.
نابێت ئەوەش لەبیرمان بچێت تەنها هۆکار ئەوە نیە ئێمە هەندێ موادی کیمیاوی (قڕکەر، پەین) بەشێوەی نازانستی بەکاردەهێنین دەبێتە هۆی تیکچونی بەرهەمەکانمان، زۆر هۆکاری تریش هەن جگە لەم دوو مادەیە کە هۆکاری سەرەکین بۆ ژەهراوی بونی بەرهەمەکانمان، ئەگەربێتوو بەخراپی بەکاربێت بەڵکو کەمی هوشیاری جوتیارو خاوەن پیشە کشتوکاڵیەکان هۆکاری سەرەکین لەتێکچونی بەرهەم ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێبدەین هەر لەسەرەتای پڕۆسەی چاندن بگرە لەئامادەکردنی زەوییەوە تا کوتایی بەرهەمهێنان، کە بەبازارکردنە.
ئەگەر بەنەزانی پرۆسەکە ئەنجام بدرێت هۆکارە بۆ ئەوەی بەرهەمێکی ناتەندروست بەدەستبهێنینو ببێتە مایەی ماڵوێرانی لەجیاتی ئەوەی ببێتە خۆشگوزەرانی مرۆڤ، مەبەستمان لەقۆناغەکانی پرۆسەی چاندن چیە، زۆرجار پسپۆرانی بواری کشتوکاڵ درەخت وەکو مرۆڤ دەشوبهێننو دەڵێن تا پێمان بکرێت درەختێکی تەندوستمان هەبێت ئەوەندە دەتوانێت ڕێگر بێت لەوەی نەخوشییەکان زەفەری پێ ببات.
لێرەدا دەتوانم بڵێم هەر لەسەرەتاوە، نەک دەستبهکاربوون بگرە لەوەی بیر لەوە بکەینهوه چ بەرهەمێک بچێنین دەبێت بگەڕێن بۆ ئەوەی خاکێکی بۆ ئامادە بکەین کە گونجاو بێت بۆ ئەو جۆرە بەرهەمە، بۆ نمونە هەر بەروبومێک جۆریک لەخاکی دەوێت لەڕووی ڕێژەی تفتیو ترشی خاکەکە، هەروەها ئامادەکردنیشی تا جۆری خاکەکە لەڕوی قورسیو سوکی بۆ نمونە خاکێکی لماوی گونجاوترە بۆ بەرهەمی پەتاتە لەوەی لەخاکێکی قورسی قوڕاوی کە تێیدا بەئاسانی نەتوانێ گەشە بکات. بەهەمانشێوە بۆ بەرهەمەکانی تریش.
دوای ئەوە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە چ جۆرە پەینێکی ئورگانیکی خۆماڵی تیکەڵ بەخاکەکە بکەین، ئەم ئامادەکردنە وەکو ئەوە وایە بۆ بەخیوکردنی منداڵی ساوا، پزیشک ئامۆژگاری دایکان ئەکات کە شیری خۆیانی بدەنێ لەوەی شیری دەستکرد، چونکە جۆری یەکەم هەمیشە منداڵەکە لەش ساغ دەکاتو بەرگری لەنەخوشی زیاتر دەکات، هەر لەم ڕوانگەیەوە دەبێت جوتیار بیر لەوە بکاتەوە ئەو جۆرە پێداویستیانەی بهکاری دەهێنێت زۆرتر ئۆرگانیگ یان سروشتی بێت، بۆ نمونە هەرگیز بیر لەوە نەکرێتەوە قڕکەری کیمیاویی بەکاربهێنین تا جۆرەکانی تری ڕێگاچارەکانمان لەبەردەست بێت، لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە چەندین جۆری ڕێگریمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان سروشتین وەک بەکارهینانی مێروە دژەکان، بۆ نمونە ئەگەر مێروی جاڵجاڵۆکە بەکاربهێنین کە بەهیچ جۆرێک زیانی نیە بۆ بەرهەمەکەمان بۆ لەناوبردنی مێروی جۆری (مەن) تهندروستترە لەبەکارهێنانی قڕکەری کیماویی کە جگە لەوەی زیان بە بەرهەمەکە دەگەیەنیت هۆکارێکیشە بۆ پیسکردنی ژینگەو لەهەمانکات هۆکارێکیشە بۆ لەناوبردنی هەندێ مێروی سوودبەخش.
ئەگەر بڵێم جوتیاری ئەمڕۆ پەیرەوی ئەم جۆرە ڕێگری کردنە ئەکەن لەبڵاوبونەوە نەخۆشیە کشتوکاڵییەکان بێگومان بەداخەوە نەخێر بەپێچەوانە چەندین کومپانیای جیهانیش هەن لەئێستادا بەرهەمی ژەهراوی خۆیان بڵاوکردوەتەوە بەسەر جوتیاران لەڕێی هەندێ ئەندازیاری کشتوکاڵی، خۆیانیش باش دەزانن مادەکانی ئەوان چەند زیانبهخشە، تەنانەت هەندێک لەو کۆمپانیانە بەرهەمەکانیان لەوڵاتانی خۆیان قەدەغە کراوە، بگرە چەندین کەیسی یاسایان لەسەر تۆمار کراوە، تەنانەت ڕوبەروی سزای گەورەش بونەتەوە، بەڵام بەداخەوە ئیستا لای خۆمان وەکو بڵێی هەنگیان لەکونەدار دۆزیوەتەوە، بەدڵخوشیەکی زۆرەوە دەستاودەستی پێدەکرێتو بهکاردێت لەپرۆسەی چاندن نازانن چەند زەرەرمەندە.
لەلایەکی ترەوە بەکارهێنانی پەینی کیمیاویی بەشێوەیەکی ناتەندروست نەک تەنها زەرەری هەیە بۆ بەرهەمەکە، بگرە کوالێتی خاکەکانیشمانی تێکداوە، ئەگەر وابڕوات توانی بەرهەمهێنانی کەم دەبێت بگرە پێویستە بۆ چەندین ساڵ بەکارینەهێنین، لەلایەکی تریشەوە بوەتە مایەی پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی بەتایبەت لەو ناوچانەی زیاتر جۆری کشتوکاڵی داپوشراو بەکاردەهێنن (خانووی پلاستیکی)، ئەوەی کە باسمان کرد لەزیانەکانی ڕێوشوێنی بهکارهێنانی موادی کیمیاویی کە نەک تەنها بەرهەمێکی ناتەندروستمان دەداتێ، بگرە لەهەمانکات دەبێتە مایەی زەرەرێکی زۆر بۆ خودی جوتیارەکە هەر لەوەی لەکاتی بەکارهێنانی زیان بەتەندروستی خودی بەکارهێنەرەکەی دەگەیەنێت، هەروەها تێچوونی بەرهەمەکەشی بەرز دەکاتو بەئاسانیش ناتوانێت بازاڕیشی بۆ پەیدا بکات. بەداخەوە ئێمە نەک تەنها ئاگام لەبەرهەمی خۆمان نیە بگرە ئەوەی لەدەرەوەش بۆمان دێت هیچ چاودێرێکی لەسەر نیە، بۆیە زۆرجار دەبیستین هەندێ بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە لەوڵاتان ڕێگایان پێنەدراوە، لەبەرئەوەی لەڕووی تەندروستیەوە کواڵتیەکەی نزمە، بەڵام بەداخەوە لای خومان ڕێگایان پێدراوە لەبەر نەبونی تاقیگەیەکی پڕوفیشیناڵ لەسەر خاڵە سنووریەکان.
پیشتر ئاماژەمان کرد بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی قڕکەر، چ کیمیاویی بێت یان ئورگانیکی بێت، هەروەها باسی چۆنیەتی بەکارهێنانی مێرویشمان کرد، ئەوەی ماوە بەکارهێنانی شێوازی میکانیکییە، ئەویش بەکۆکردنەوەی مێروەکان وەکو چۆن لەکاتی بڵاوبوونەوەی مێروی سن لەناو گەنم، ئەم شێوازە لای خۆمان بەکاردێت تا رادەیەکی باش سەرکەوتووە، شێوازی داپۆشینیش ڕێگەچارەیەکی ترە، ئەویش بەکارهێنانی تۆڕی کونکون بەتایبەت لەخانوی پلاستیکی، هەروەها زۆرجار لەخاڵە گومرییەکان کەرەنتینەی کشتواکاڵی دادەمەزرێت بۆ ڕێگەگرتن لەهەندێ رووەک یان قەدەغەکردنی هێنانی نەمامێک ڕەگەکەی بەخۆڵەوە بێت.
هەروەها ڕێگەنەدان بەهەندێ بەرهەمی کشتوکاڵی لەوڵاتانەوە کە جۆرە نەخۆشییەک تێیدا بڵاوە، وەک نەخۆشیەکانی دارخورما، کە دەیان ساڵە قەدەغە کراوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەم ڕۆژانەدا دەیبینین دەست شلکراوە لەئاستی هاوردەکردنی ئەو جۆرە بەرهەمانە. لێرەدا زیاتر مەبەستمان خۆپاراستنە لەهەندێ نەخۆشی دەرەکی، لەوانەیە وڵاتی خۆمان پێی ئاشنا نەبێت، ئەمەش ڕاستە بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵو پەلەوەر. لەوانەیە پرسیاری ئەوە بکرێت ئەو هەموو ڕێگانە هەیە بۆ ڕێگەگرتن لەبڵاو بۆنەوەی نەخۆشی ئەی بۆ جوتیاران زیاتر پەنا دەبەن بۆ ڕێگە چارەی کیمیاویی کە زیانیکی گەورەی هەیە بۆ مرۆڤ؟ پسپۆرانی ئەم بوارەش بەهەموو هەوڵێکیان ئامۆژگاری ئەندازیارانو جوتیاران ئەکەن لەکاتی زۆر پێویست نەبێت، هانا بۆ چارەسەری کیمیایی نەبەن. لەحاڵەتی بەکارهێنانیش دەبێت رەچاوی ئامۆژگارییە زانستییەکانی لیبڵی دەرمانەکان بکەن، هەر لەماوەی بەسەرچون تا بڕی بەکارهێنانی، هەروەها دەبێت رەچاوی ئەوە بکرێت لەوەرزێکدا چەند جار بهکاربهێنرێت، چونکە ئەگەر بێتوو زۆر لەپێویست بەکاربێت، مێروەکە بەرگری بۆ دروست دەبێت بەرانبەر ئەو جۆرە قڕکەرە، ئەوکات لەجیاتی سودی هەبێت جگە لەزەرەرەکەی پارەیەکی زۆر خەرج دەکرێت کە دەبێتە مایەی بەرزبوونەوەی تێچونی بەرهەمەکە.
سەبارەت بەوەی بۆ قڕکەری کیماویی بەکاردەهێنرێت؟ لەبەرئەوەی هەندێکیان کاریگەری زۆریان هەیە بۆ لەناوبردنی نەخۆشیەکەو نرخەکانیشیان هەرزانترو کاریگەری خێراترە بەراورد بەڕێگەکانی تر، هەرچەندە ئەم دوو سیفتە باشەشی هەیە، بەڵام کاریگەری زۆر خراپی هەیە لەسەر ژینگەو تەندروستی مرۆڤ.
راستیەکی تریش شێوازی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکەیە لەکاتێکدا ئەگەر توانیمان بەرهەمێکی تەندروستمان دەستکەویت دەبێت ئەو بەرهەمە بەشێوازیکی تەندروستیش بگاتە دەستی هاوڵاتی، مەبەستمان زیاتر چۆنیەتی بەپاکەت کردنەو دەبێت ئەو مادانەی بەکاریدەهێنین بۆ گواستەوەی، تەنانەت شێوازی هەڵگرتنو گواستنەوەشی گوماناوی بێت، چونکە زۆرجار دەبێت بەرهەمەکە لەساردکەرەوەدا هەڵبگیرێتو بگوازرێتەوە، بەڵام لای خۆمان زۆر کوڵەوارین لەم بوارەدا چ لەبەکارهێنانی تەکنەلۆجیای بەپاکەت کردن، تەنانەت هەڵگرتنو گواستەوەش هەر بۆ نمونە بارێک لەهەناری هەڵەبجە کە لەلایەن جوتیارانەوە ئەرکو ماندوبوونێکی زۆریان پێوەکێشاوە، لەکاتێکدا هەناردەی دەرەوە کراوە بەڵام بەداخەوە ڕەچاوی ئەم رێنماییانە نەکراوەو لەئەنجامدا تا گەیشتووەتە شوێنی مەبەست زیانێکی گەورەی پێگەیشتوە.
ئەی چارە؟ ئایا چاوەڕێ ئەوە بکەین تا بەتەواوی بەرکەوتەکانی ئەم دەرمانە کیمیاوانە تەنگمان پێهەڵچنێ ئەوجا بیر لەڕێگەچارە بکەینهوه، یان ئێستا بهدوای ئهوهدا بگهڕێین ئەگەر ڕێگەچارە هەیە ئەی میکانزمەکەی چیە؟ بێگومان چارەسەر لەدوو ئاڕاستەوە دەبێت کاری لەسەر بکرێت:
یەکەم، دەبێت هەموو پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی سەرپەرشتیاری هەبێتو پسپۆر بێت لەبوارەکەی خۆی، وەکو چۆن لەڕینمایەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ هاتوە ئەو پسپۆرە نەک تەنها خەمی زیادکردنی بەرهەم بێت، بەڵکو دەبێت ڕەچاوی کوالێتی بەرهەمەکەش بکات بەشێوەیهکی تەندروست بگاتە دەست هاوڵاتی. خوشبەختانە ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ لەپڕۆسەیەکی نیشتیمانی گەورەدا خەریکی کردنەوەنەی خولی راهێنانە بۆ هەڵگرانی بڕوانامه کشتوکاڵیەکان کە هەردوو سێکتەری ئاژەڵیو ڕووەکی گرتوەتەوە بۆ ئەو مەبەستە. ئومێدی گەورەمان ئەوەیە ئەمانە بتوانن ڕوڵی بەرچاویان هەبێت لەدابین کردنی بەرهەمێکی تەندروستو لەلایهن وەزارتی کشتوکاڵو فەرمانگە کشتوکاڵیەکان چاودێری بکرێن نەک بەدەردی سەرپەرەشتارەکانی ڤیتینەری بچن کە دانراون بۆ سەرپەرشتی هۆڵەکانی پەلەوەر، بەڵام هیچ ڕوڵیکیان نیە!
دووەم، حکومەت جهخت بکاتەوە لەسەر کوالێتی بەرهەمەکە، ئەوهش بەدانانی ڕێوشوێنێکی زانستی بۆ چاودێری بەرهەمەکانیان، بە بەکارهێنانی تاقیگەی پێشکەوتوو لەلایەن کەسانی پسپۆر بەڕێوەببرێن، ئەنجامەکەشی سەنگی مەحەک بێت بۆ وەرگرتن یان قەدەغەکردنی، نەک تەنها کارێکی ڕوکەش بێت بەمەبەستی وەرگرتنی کرێی تێستی تاقیگەکەیانو هیچ ڕێکارێکیان بەرانبەر نەکرێت! بۆ هاندانی جوتیارانو سەرپەرەشتیارەکانیش دەبێت شێوازی پاداشو سزا بەکاربهێنرێت، لەهەمانکات جوتیاری نمونەییو سەرپەرشتیاری کارامە ساڵانە خەڵات بکرێن.