پەیامی خولی یانزەهەمی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی

ئێمە سەرۆک‌و ئەندامانی خولی یانزەهەمی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، لەڕێگەی ئەم پەیامەوە کۆتایی هاتن بەکارەکانمان بەڕای گشتی کوردستان رادەگەیەنین، کە هاوکات لەگەڵ ئەم پەیامەدا ئێستا ئامادەکاریی بۆ ئەوە دەکرێت هەڵبژاردنی خولی دوانزەهەمی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور بەشێوەیەکی شەفاف‌ لە٥/ ١٠ / ٢٠٢٣دا ئەنجام بدرێت.
ئێمە سەرۆک‌و ئەندامانی خولی یانزەهەمی ئەنجومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، بەم بۆنەیەوە بەپێویستی دەزانین سوپاس‌و پێزانینمان ئاڕاستەی هەموو کارمەندانی دڵسۆزی ژوور بکەین کە بەوپەڕی کارامەیی‌و لەخۆبوردییەوە درێغییان نەکرد لەڕاپەڕاندنی ئەرک‌و کارەکانیان‌‌و جێی دەستخۆشیین.
هەروەها بەپێویستی دەزانین سوپاس‌و پێزانینمان ئاڕاستەی هەموو ئەو کاربەدەست‌و بازرگان‌و پیشەسازکارو پیشەوەرو کاسبکارە بەڕێزانە بکەین کە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو لەجێبەجێکردنی ئەرک‌و کارەکانماندا بەمەبەستی پێشخستنی کەرتی تایبەت‌و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابوری بەهێز، پشتیوان‌و هاوکارمان بوون.
خولی یانزەهەمی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور بەڕای گشتی رادەگەیەنێت کە سەرباری کارکردنمان لەهەلومەرجێکی سەخت‌و پڕ لەقەیراندا، کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی‌و جەنگی تیرۆریستانی داعش‌و بڕینی مووچەو بودجەو بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناو ناسەقاگیریی سیاسیدا، هێشتا سەڕەرای هەموو ئەم ئاستەنگانەش ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کەمی نەکردووە لەپێناو بەرەو پێشچونی کەرتی تایبەت تا ئەو ئاستەی بگاتە ڕێرەوی راست‌و دروستی خۆی‌و ببێتە هاوکاری حکومەت لەخزمەت کردنی کوردستانەکەمان‌.
ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی شێلگیرانە هەوڵیدا بەباشترین شێوە نوێنەرایەتی کەرتی تایبەت بکات‌و رۆڵی راوێژکاریی دەسەڵاتەکانی یاسادانان‌و جێبەجێکردن ببینێت‌و ساڵانە چەندین پڕۆژەی بەمەبەستی گەشە‌ی ئابوری‌و گەشەدان بەکەرتی تایبەت‌و زەمینەسازیی بۆ پێشخستن‌و چەسپاندنی بنەماکانی بازاڕی ئازادو بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان‌و بەرزكردنەوەی توانای مرۆیی‌و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی‌و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاریی‌و ئەنجامدانی چاکسازیی ‌پێشکەش بەحکومەتی هەرێم‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.
جێی شانازییە بۆ ئێمە کە لەخولی یانزەهەمیندا ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەئەندازەیەک چالاک‌و پێشەنگ‌و سەرمەشق بوو وەک چالاکترین ژوور لەسەر ئاستی عێراق‌و کوردستان دیاریکراو خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراو مەدالیای زێڕینیش بەسەرۆکی ژوور بەخشرا.
ئێمە یەكەمین ژووری كوردستان‌و عێراق بووین کە كارمان بەسیستەمی ئەلكترۆنی‌ کردو هاوکات لەجێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی گەنجینەکانیشدا پێشەنگ بووین.
ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەخولی یانزەهەمیدا بەبڕی سەدان ملیۆن دینار هاوكاری پێشمەرگە‌ی لەجەنگی دژ بەداعش‌و کۆمەکی ئاوارەكانی شەنگال‌و رۆژئاوای کوردستانی کرد. بەبڕی دەیان ملیۆن دینار ئامێرو پێداویستی بۆ نەخۆشخانە گشتییەکان دابین کردو لەکاتی سەرهەڵدانی پەتای کرۆنادا زیاتر لە٢٥ هەزار سەبەتەی خۆراکی بۆ خێزانی هەژارو دەستکورت دەستەبەر کردو بەردەوام لەهەوڵی بەدواداچوون‌و چارەسەرکردنی گرفت‌و کێشەی بازرگانان‌‌و کاسبکارانی بازاڕیشدا بوو.
بەهەوڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، ناوچەی پیشەسازیی تاپۆ کراو هاوکاری دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بوو لەروپێوکردنی ناوچەی پیشەسازی‌و پردی پەیوەندی بازرگانییش بوو لەگەڵ وڵاتان‌و ژوورە بازرگانیەکانی جیهان‌و لەسەر ئاستی عێراق‌و کوردستانیش تاكە ژوور بوو كە بینای پێشانگای نێودەوڵەتی تایبەت بەخۆی هەبووە.
ئێمە وەک ئەندامانی خولی یانزەهەمی ئەنجومەنی کارگێڕیی ژوور، دڵنیاین کە ئەو بەڕێزانەی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی‌و سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی درێژە بەم ئەرک‌و بەرپرسیاریەتییە دەدەن‌و ئێستا کە ئێمە سەرمایەیەکی رەمزی‌و مادی گەورەی ژووریان پێدەسپێرین، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە دەبێت سلێمانی ئاوەدان‌و بەپێشەنگی بمێنێتەوە، بەبۆنەیەشەوە بەپێویستی دەزانین بەو هاوکارە بەڕێزانەمان بڵێین کە ئێمە لەقۆناغی داهاتوودا هەمیشە پشتیوان‌و هاوکاریان دەبین‌و هیوای سەرکەوتنیشیان بۆ دەخوازین.

خولی یانزەهەمی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی
٢١ / ٩ / ٢٠٢٣