ئا: رێژەن سەردار
ئه‌حمه‌د ئه‌كبه‌ر محه‌مه‌د، وەک نوێنه‌ری بازرگانانی گه‌رمیان لەمەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لەم گفتوگۆیەی “بازرگانی‌و پیشەسازی”دا دەڵێت “ئێمە بەمەبەستی چارەسەری کێشەکانی مەرزی پەروێزخان، وه‌زیری بازرگانی‌و پیشه‌سازیمان بینی‌و كۆبوینه‌وه له‌گه‌ڵی، بەلام کەمال موسلیم راسته‌وخۆ پێیوتین من نهدهسهڵاتم هه‌یه ئەو كۆمپانیا حیزبییەکانی لەو مەرزە پارە بەناوی جیاوازەوە لەخاوەن بارەکان دەسەنن لابه‌رم، نهدهسهڵاتم هه‌یه وه‌رگرتنی پاره كه‌مبكه‌مه‌وه بۆتان، لەبەرئەوەی شته‌كان له‌ده‌ستی مندا نیه”.
بازرگانی‌و پیشەسازی: ماوەیەکە مه‌رزی نێودەوڵەتی په‌روێزخان بەدەست کۆمەڵێک کێشەو گرفتەوە گیرۆدیە، هۆکاری کێشەکانی ئێستای چین؟
ئه‌حمه‌د ئه‌كبه‌ر: هۆكاری ئه‌وه‌یه كۆمپانیای حزبی به‌چه‌ندین ناوی جیاوازی وه‌كو “بیمه‌و پاككه‌ره‌وه‌و سۆنه‌ر”، هه‌ریه‌كه ٣٠ بۆ ٤٠ هه‌زار دینار لهبازرگانانو كاسبكارانی سەر ئەو مەرزە ده‌سه‌نن، كه ئه‌مه‌ش بارگرانی سه‌ختی بۆ كاسبكاران دروستكردوه‌و بوەته هۆی ئه‌وه‌ی بارەکان بۆ مەرزەکانی خواروو بڕوات‌و كاڵاكان له‌مه‌رزه‌كانی باشور‌و ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه هاورده بكرێت، ئه‌گه‌ر باری وشه‌كه‌و ناچاری نه‌بێت نایه‌ته په‌روێزخان، ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیو ئیداره‌ی گهرمیانو تەنانەت پارێزگار‌و وه‌زیری بازرگانیشمان لەم کێشانە ئاگادار کردوەتەوە، بەڵام ده‌ڵێن ئێمه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كۆمپانیایه‌مان نیه.
بازرگانی‌و پیشەسازی: ماوه‌ی چه‌نده بارودۆخی مه‌رزی په‌روێزخان به‌م شێوه‌یه‌یه؟
ئه‌حمه‌د ئه‌كبه‌ر: له‌وه‌ته‌ی مه‌رزه‌كه هه‌یه بێ گرفت‌و کێشە نەبووه، به‌س هێنانی سۆنهرەکە تازه‌یه، كه بۆ هه‌ر بارێك بڕی ٢٥ دۆلار وه‌رده‌گرێت كه ده‌كاته ٣٧ هه‌زار دیناری عێراقی.
بازرگانی‌و پیشەسازی: هیچ ئامارێك به‌رده‌سته كه نیشانی بدات رێژه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌مه‌رزی پروێزخان كه‌می كردوه؟
ئه‌حمه‌د ئه‌كبه‌ر: رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر کەمی کردووە لەم مەرزە، پێشتر رۆژانه ١٠٠٠ بار ده‌هات ئێستا كه‌می كردوه بۆ ٢٠٠ تاكو ٣٠٠ بار، لەبەرئەوەی بارگرانی زۆر بۆ كاسبكاران دروست دەکرێ به‌هۆی كۆمپانیاكانه‌وه، ئێستا جموجۆڵی بازرگانی دوای شکاندنی مانگرتنەکە دەستیپێکردووەتەوە، هاتووە بەڵام زۆر خاوە، ئێمە بەمەبەستی چارەسەری ئەم گرفتە، كه‌مال موسلیم وه‌زیری بازرگانی‌و پیشه‌سازیمان بینی‌و كۆبوینه‌وه له‌گه‌ڵی، بەلام ڕاسته‌وخۆ پێیوتین من نهدهسهڵاتم هه‌یه كۆمپانیاكان لابه‌رم، نهدهسهڵاتم هه‌یه وه‌رگرتنی پاره كه‌مبكه‌مه‌وه بۆتان، لەبەرئەوەی شته‌كان له‌ده‌ستی مندا نیه.
بازرگانی‌و پیشەسازی: ئێستا زیاتر ئەو بارانەی پێشتر لەمەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە دەهاتن، له‌كوێوه دێته كوردستانه‌وه؟
ئه‌حمه‌د ئه‌كبه‌ر: ئێستا زۆربه‌ی باره‌كان له‌مه‌رزی مونزریه‌وه دێنه كوردستانه‌وه كه له‌ژێر كۆنترۆڵی حه‌شدی شهعبیدایهو نزیكه‌ی ١٠ كیلۆمه‌تر لهمەرزی په‌روێزخانه‌وه دووره، هەشە لەمەرزەکانی باشورەوە بار دەهێنێت. لەمەرزی مونزیرییە ئه‌وه‌ی پێی بڵێی كۆمپانیا بوونی نیه، گومرگیش به‌نیوه وه‌رده‌گیرێت، بۆنمونه بازرگانێك دوو ترێله تایتو مەوادی پاكکهرهوه ده‌هێنێت لای خۆمان ٤ ملیۆن‌و ٥٠٠ هه‌زار گومرگی لێوه‌رده‌گیرێت له‌وێ به‌دوو ملیۆن‌و ٥٠٠ هه‌زار داخڵ ده‌كرێت، ته‌ناته‌ت له‌مه‌رزی پشته‌ش کە نیو کاتژمێر دوورە لێمانەوە ئه‌و كۆمپانیا‌و شتانه نیه.
بازرگانی‌و پیشەسازی: ئه‌و پاره‌یەی به‌ناوی بیمه‌وه له‌بازرگانان وه‌رده‌گیرێت له‌كاتی روداوی نه‌خوازراودا سه‌رف ده‌كرێت؟
ئه‌حمه‌د ئه‌كبه‌ر: هەر کەسەو هەڵئەسێ کە پشتی هەیە کۆمپانیایەک دەهێنێ بەناوی جیاوازەوە لەو سنوررە کە نزیکترە بەراورد بەمەرزەکانی تری ناوچەکە، پارە لەخەڵک دەستێنێ بۆ نمونە بەناوی بیمەوە، بەمەرجێک له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان بیمه زۆرەملێ نیه بەڵکو ئیختیارییه، به‌ڵام هه‌موو ئۆتۆمبیلێك كه دێته په‌روێزخان ٢٠ هه‌زاری دینار به‌ناوی بیمه‌وه لێده‌سه‌ندرێت به‌رپرسانی مه‌رزی په‌روێزخان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی بیمه‌كه نه‌دات ناهێڵین له‌م مه‌رزه كه‌سابه‌ت بكات، بەڵام ئۆتۆمبیله‌كه له‌مه‌رز ده‌رچوو، سووتا یا توشی روداوی نەخوازراوی هاتوچۆ بێت یان وه‌رگه‌ڕا، دینارێك قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه، كه‌واته بیمه سودی چییەو بۆچی دەکرێ؟ جیا له‌وه‌ش ئێمه وه‌كو بازرگانان ٢٥ دۆلارمان به‌ناوی مه‌نه‌فێسته‌وه لێوه‌رده‌گرێت ئه‌مه شتێكی نێوده‌وڵه‌تییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ته‌نها له‌ناو مه‌رزی په‌روێزخان ده‌خوات، له‌مه‌رز ده‌رچووی مهنهفێستهكه بدڕە، گرنگ نیه كه‌س ناڵێت باره‌كه‌ت چیه‌و چۆنه؟ له‌وانه‌ش خراپتر كۆمپانیایه‌كیان هێناوه به‌ناوی تەعقیمهوه ١٧ هه‌زارو ٥٠٠ دینار وه‌رده‌گرێت، ئاوپڕژێنێکی ئوتومبێلەکان دەکات، به‌ڕێوەبه‌ری ته‌ندروستی گه‌رمیان چه‌ندین جار له‌كۆبونه‌وه‌كاندا بە بەرچاوی هەموو کاربەدەستانی ئیدارەی گەرمیان داوای كردووه ئه‌و تهعقیمه كاریگه‌ری نیه لاببرێت باشتره، به‌ڵام تاكو ئێستا لانه‌براوه لەبەرئەوەی بەرپرسی گەورەیان لەپشتە.
بازرگانی‌و پیشەسازی: باس له‌وه ده‌كرێت نرخی پشكنینی ته‌ندروستی زۆر زیاد كراوه؟
ئه‌حمه‌د ئه‌كبه‌ر: ئێمه وه‌كو بازرگانان پێشتر پشكنینی ته‌ندروستیمان به ٣ هه‌زار دینار ده‌كرد، كه پاره‌كه ده‌چووه خه‌زێنه‌ی حكومه‌ته‌وه، به‌ڵام كردیانه ١٥ دواتر بوو به ٥٠ هه‌زار دینار ئێستا به‌ناوی پشكینی ته‌ندروستیه‌وه ٥٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت، ئێمه وه‌كو بازرگانان چه‌نیدن جار وتومانه لاریمان نیه پاره‌ی كۆمپانیا‌و روسماتهكان ده‌ده‌ین، به‌ڵام دڵنیا بین ده‌چێته خه‌زێنه‌ی حكومه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێمه بارێك كه ده‌هێنین ٣٠٠ تاكو ٤٠٠ هه‌زار دینارمان لێوه‌رده‌گرێت بەناوی پشکنینەوە له‌لایه‌ن كۆمپانیایی لۆكس ئه‌یجنسی كه ته‌نها له‌سه‌دا ٢٢ی پاره‌كه بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ته، له‌سه‌دا ٧٨ ده‌چێته گیرفانی خاوه‌ن كۆمپانیاكه‌وه، سۆنهرهكه له‌سه‌دا ١٢ بۆ حكومه‌ته. من ئەمانە بەداتا ئەڵێمو نوێنەری بازرگانین لەم مەرزە کە بەداخەوە خەریکە بەتەواوی کاری بازرگانی تیا دادەڕمێت، هەموو ئەوانەی کاری تیا دەکەن بیر لەوە دەکەنەوە بڕۆن بۆ مەرزەکانی ناوەڕاست‌و خوارووی عێراق، لەبەرئەوەی چارەسەری بنەڕەتی شک نابەین، چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی، ئەنجومەنی وەزیران بێنێتە سەر خەت بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشانە. باسی عەلوەتان بۆ ناکەم کە ٧٠٠ بازرگانی عەلوەمان هەیە گیریان خواردووە بەدەست ئەو فشار‌و گەڕ پێکردنە زۆرەی پێاین دەکرێ، بۆیە داوا دەکەین وەفدێکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سەردانی گەرمیانو مەرزی پەروێزخان بکات‌و لەگەڵ بازرگانان‌و ئیدارەی ناوچەکە کۆببنەوە، داواکاریشین ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلیمانی یەک کۆبونەوەیان بهێننە گەرمیان بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری کێشەو گرفتەکانمان ببن، چونکە گەرمیان ٧ هەزار ئەندامی لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی هەیە.