د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عیراق رێنماییەكانی تایبەت بە بودجە بڵاوبكاتەوە، كە وردەكارییەكانی تایبەت بە ئەرك و مافەكانی هەرێمی كوردستانیش لە خۆدەگرێت.
ڕاشیگەیاند، لە بەغدا داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان مانگانە بە ١٣٠ ملیار دینار مەزەندەكراوە، ٥٠%ـی ئەو داهاتەش بۆ هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە، بەغدایش ئەو پارەیە بە كاش وەرناگرێت و تەنها بە ژمارە لای دەبێت، چونكە لەگەڵ قەرزەكانی دیكەدا لە پشكی هەرێمی كوردستانی دەبڕێت.
بەپێی یاسای بودجە پشكی هەرێمی كوردستان 16 ترلیۆنو 609 ملیار دینارە، لەبەرامبەریشدا دەبێت هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی سۆمۆوە هەناردەبكات یاخود بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ بیداتە وەزارەتی نەوت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت نیوەی داهاتە فیدراڵییەكان بداتە حكومەتی عیراق.