پێشبینی زیاتر دابەزینی بەهای دۆلار دەکرێت

سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیالە پێشبینی کردووە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دۆلار لە بازاڕی رەشدا بەڕێژەی لەسەدا 15 ی بەهاکەی لەدەست بدات، باسی لەوکردوە کە هۆکارە دەرەکییەکان وەک کاریگەرترین فاکتەر دەمێننەوە لە دیاریکردنی ئاراستەی نرخی دۆلار لە بازاڕدا.

محەمەد تەمیمی سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیالە لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا بەپێگەی “بەغداد ئەلیەوم”ی راگەیاندووە: لێدوانی باڵیۆزی ئەمریکا بەوەی لەداهاتوودا هیچ سزایەک بەسەر بانکە عێراقییەکاندا ناسەپێنێت و سەرکەوتنی بانکی ناوەندییش لە پارەدارکردنی دەیان کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو کە بەهۆی دوورخستنەوەی 14 بانک لە پەنجەرەی ئەلیکترۆنیی دراو زیانیان بەرکەوتبوو، هۆکاری سەرەکیی بوون لە دابەزاندنی بەهای دۆلار لە بازاڕی رەشدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بەهای دۆلار لەبازاڕی رەشدا بەڕێژەی لەسەدا 15 بەهاکەی لەدەست بدات، هەروەک کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراویش بێ هیچ ئاستەنگێک دەستیان بە دۆلار دەگات بۆ دەستەبەرکردنی دراوی نەختینەیی بۆ بازرگانان و سەرجەم چینەکان.

سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیالە باسی لەوکردوە کە هۆکارە دەرەکییەکان وەک کاریگەرترین فاکتەر دەمێننەوە لە دیاریکردنی ئاراستەی نرخی دۆلار لە بازاڕی رەشدا، جەختیشیکردەوە “کەمکردنەوەی بازاڕی هاوتەریب بە مانای سەرکەوتنی سیاسەتی بانکی ناوەندییە و سەقامگیرییەکی زیاتر بە بازاڕەکان دەبەخشێت”.