یریڤان شاسوار / ئه‌ندازیارى كشتوكاڵ
پیسبوونی هه‌وا، یه‌كێكه له‌و گرفتانه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت و هۆكاره‌كه‌شی ڕووداوی سروشتی و چالاكییه جۆراوجۆره‌كانی خودی مرۆڤه له‌سه‌ر زه‌وی. خراپبوونی كواڵێتی هه‌وا به‌ڕاده‌یه‌ك كاری كردووه‌ته سه‌ر كواڵێتی ژیان له‌سه‌ر زه‌وی و هێنده گرفتی جۆراوجۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه، ته‌نانه‌ت گه‌ر تاك و حكومه‌ته محه‌لی و ناوه‌ندییه‌كانیش به ده‌سته‌جه‌معی كاری تێدا بكه‌ن، چه‌ندین ده‌یه هه‌وڵدانی ده‌وێت، تا دۆخه‌كه بگاته ئاستێك ژیان تێیدا سه‌لامه‌ت بێت.
سه‌رباری كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی وڵاتان و ته‌رخانكردنی بودجه‌یه‌كی زۆر بۆ ڕێگرتن له گۆڕانكاریه‌كانی كه‌ش و هه‌وا، به‌ڵام هاوڕابوونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كان و وڵاتانی دونیا له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پیسبوونی هه‌وا ئاسان نییه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه بابه‌تێكی هه‌ستیاره و په‌یوه‌ندی به ژیانی تاك و داهاتووی سه‌ر زه‌وی یه‌وه هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رژه‌وه‌ندی یه سیاسی و ئابووری یه‌كان ڕێگره له به‌رده‌م دروستبوونی ئه‌م كۆدهنگییهدا، به‌و پێ یه‌ی زۆرێك له وڵاتان به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری یان لا گرنگتره له پرسێكی گه‌وره و هه‌ستیاری وه‌كو ژینگه و هه‌وا.
پیسبوونی هه‌وا، هێنده كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤایه‌تی هه‌یه، بووه‌ته بابه‌تێكی هه‌نوكه‌یی جیهانی و ڕۆژانه گفتووگۆی له‌باره‌وه ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت به‌پێی نوێترین ئاماری ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ساڵاانه زیاتر له حه‌وت ملیۆن كه‌س به كاریگه‌ری پیسبوونی هه‌وا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. سه‌رچاوه زانستییه‌كانیش پیسبوونی هه‌وا پێناسه ده‌كه‌ن، به‌هه‌ر ماده‌یه‌ك كه له‌هه‌وادا هه‌بێت و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ژیان و ژینگه‌ی مرۆڤ دروست بكات، ئیتر ئه‌و مادانه له پێكهێنه‌ره‌كانی به‌رگه ههوابن، كه به‌شێوه‌یه‌كی زیاد له پێویست به‌رزببنه‌وه و ببنه هۆی تێكدانی هاوسه‌نگی پێكهێنه‌ره‌كان، یاخود ماده‌یه‌كی نامۆبن و له ئه‌نجامی چالاكییه جۆراوجۆره‌كانه‌وه ڕۆشتبنه نێو به‌رگه هه‌واوه. ماده پیسكه‌ره‌كانی به‌رگه هه‌واش، ده‌كرێت به شێوه‌ی ده‌نكۆڵه بن یان له شێوه‌ی دڵۆپه ئاوی بچوك، یاخود به شێوه‌ی گاز، كه به‌پێی سه‌رچاوه‌كانیان بارودۆخی كه‌ش و هه‌وا ده‌گۆڕن و له‌دۆخی ئاسایی خۆی لایده‌ده‌ن.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دوو جۆر سه‌رچاوه‌ی پیسكه‌ری هه‌وا هه‌ن، وه‌ك: سه‌رچاوه سروشتییه‌كان، كه گڕكان و چالاكبوونی كانه گركانه ده‌گرنه‌وه، ته‌قینه‌وه‌یان ده‌بێته هۆی زیادبوونی خێرای چه‌ندین پیسكه‌ری هه‌وا، له‌وانه ئۆكسیدی گۆگرد و ده‌نكۆڵه پیسكه‌ره‌كان. هه‌روه‌ها گڕگرتنی دارستان به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر پیسبوونی هه‌وا هه‌یه، له‌مكاتانه‌دا به‌رگه هه‌وا ته‌نها توانای هه‌ڵگرتن و ڕوونكردنه‌وه و پاككردنه‌وه‌ی خۆی هه‌یه.
سه‌رچاوه‌ی دووه‌می پیسبوونی هه‌وا، په‌یوه‌ندی به چالاكییه جۆراوجۆره‌كانی مرۆڤه‌وه هه‌یه، ئه‌مه‌یان هۆكاری سه‌ره‌كی گۆڕینی جۆرایه‌تی هه‌وایه و ئه‌مڕۆ جیهانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردووه، له‌وانه به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با به‌هۆی ده‌رهێنراوه نه‌وتییه‌كان، یاخود كاركردنی ملیۆنان كارگه‌ی هه‌وا پیسكه‌ر و به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێل و چالاكییه جۆراو جۆره‌كانی مرۆڤ له دونیای پێشكه‌وتوودا، كه زۆربه‌یان پیسكه‌ری هه‌وان.
دیارده‌ی پیسبوونی هه‌وا له دێر زه‌مانه‌وه دركی پێكراوه و سه‌لمێنراوه، ئه‌م مه‌سه‌له جێی بایه‌خی یۆنانی و ڕۆمهكانیش بووه، به‌ڵام نیگه‌رانییه‌كان له‌سه‌ر كاریگه‌ری پیسبوونی هه‌وا له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ له دوای شۆڕشی پیشه‌سازییه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه، به‌تایبه‌ت دوای دروستبوونی ئه‌و ته‌م و مژه ناسروشتییه‌ی كه شاره‌كانی داپۆشی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له له‌نده‌ن ڕوویدا و بووه هۆی گیان له‌ده‌ستدانی هه‌زاران كه‌س له‌ماوه‌ی چوار ڕۆژدا.
له‌وكاته‌وه پیسبوونی هه‌وا تیشكی خرایه سه‌ر و بووه بابه‌تی گه‌رمی میدیاكان، به‌ڵام له ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه بایه‌خی زیاتر به پیسبوونی هه‌وا درا، كاری تاكلایه‌نه و ناو به‌ناو گۆڕا بۆ كاری هه‌ره‌وه‌زی، تا دواجار ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ش و هه‌وا له ساڵی 1988 دامه‌زرا و كار له سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ى نا ئاسایی گازى خانوه پلاستیكیه‌كان كرا، پاشان ڕێكخرا و كۆمه‌ڵه جیهانیه‌كان زیاتر هه‌ستیان به مه‌ترسی پیسبوونی هه‌وا كرد، بۆیه تا ئێستاش له‌سه‌ر هێڵن و كاری تێدا ده‌كه‌ن و كۆڕبه‌ندی جیهانی بۆ ده‌به‌ستن.
له وڵاتانی پێشكه‌وتوو، پیسبوونی هه‌وا به شێوه‌یه‌ك نیگه‌رانی دروستكردووه، له‌سه‌ر ئاستی تاك و ده‌سته و ڕێكخراوه نا حكومییه‌كان كاری جدی له‌سه‌ر ده‌كرێت، هه‌وڵی فشارخستنه سه‌ر وڵاتان و كۆمپانیا گه‌وره‌كان ده‌ده‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رهاویشته‌ی چالاكییه پیسكهرهكانیان كه ده‌بنه هۆی پیسبوونی هه‌وا. له‌كاتێكدا له وڵاته دواكه‌وتووه‌كان كه‌مترین بایه‌خ به پیسبوونی ژینگه و هه‌وا ده‌درێت، ته‌نها كاتێك قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كرێت كه پیسكه‌ره‌كان به چاو ده‌بینرێن، یاخود كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك ده‌رده‌كه‌وێت، بێ ئاگا له‌وه‌ی پیسكه‌ره نه‌بینراو و هه‌ست پێنه‌كراوه‌كان، كاریگه‌رییان زۆر زیاتره‌و سه‌رچاوه‌ی جۆره‌ها نه‌خۆشین، له‌وانه نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه، شێرپه‌نجه‌ی سییه‌كان و پێست، نه‌خۆشییه‌كانی چاو و پاركنسۆن و زه‌هایمه‌ر و جۆره‌ها نه‌خۆشی تر، كه توێژینه‌وه زانستییه‌كان سه‌لماندوویانه پیسبوونی هه‌وا هۆكارێكی گرنگی ئه‌م نه‌خۆشییانه‌ن.
ڕاسته پیسبوونی هه‌وا پرسێكی نێوده‌وڵه‌تییه، ڕه‌نگه چالاكییه پیشه‌سازییه‌كانی وڵاتێك ببێته هۆی پیسبوونی هه‌وای چه‌ندین وڵاتی تر، به‌ڵام ده‌نگ هه‌ڵبڕینی تاك و ڕێكخراو ئه‌نجامدانی كاری هه‌ره‌وه‌زی بۆ ناچاركردنی وڵاته پێشهسازییهكان تا به‌رپرسیارێتی پیسكردنی هه‌وا هه‌ڵبگرن، سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه بۆ به‌رگرتن له پیسبوونی زیاتری هه‌وا و سنورداركردنی مه‌ترسییه‌كانی.
ئه‌و هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییانه‌ی پێویسته بگیرێنه به‌ر بۆ ڕێگرتن له زیاتر پیسبوونی هه‌وا، به‌كارهێنانی وزه‌ی نوێبووه و پاكه، به‌كارهێنانی جێگره‌وه‌ی خه‌ڵوز و نه‌وت و ده‌رهێنراوه‌كانی تره، هه‌روه‌ها ناشتنی دره‌خت و فراوانكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی و پاراستنی دارستانه‌كانه، ئه‌مانه هۆكارێكی گرنگی هێشتنه‌وه‌ی هه‌وان به پاكی، به‌تایبه‌ت هه‌ر ناوچه‌یه‌ك ڕێژه‌ی سه‌وزاییه‌كه‌ی له ئاستی ستانداردا بێت، ئه‌و ناوچه‌یه هه‌واكه‌ی پاك و كهشهكهشی هه‌میشه له‌باره بۆ ژیانێكی ته‌ندروست.
زۆری ژماره‌ی ئۆتۆمبێل له‌نێو شار و شارۆچكه‌كان هۆكارێكی تری سه‌ره‌كی پیسكردنی هه‌وایه، ئه‌م دیارده‌یه زیاتر له كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتووه‌كان دا ده‌بینرێت، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێك كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتوو، كه تاك گواستنه‌وه‌ی گشتی و هێڵ و ته‌نانه‌ت پاسكیلیش به‌كارده‌هێنێت بۆ هاتووچۆكردن، ئه‌مه نه‌ك ته‌نها كاریگه‌ری له‌سه‌ر پاكی هه‌وا ده‌بێت، به‌ڵكو كاریگه‌ری گرنگی له‌سه‌ر ته‌ندروستی تاكیش ده‌بێت و وا ده‌كات چالاكی جه‌سته‌یی زیاتر بێت.
له پاڵ ئه‌و ڕێوشوێنانه‌دا، هاتنه سه‌ر هێڵی دامه‌زراوه نیشتیمانییه‌كان و گرنگیدانیان به ژینگه له‌هه‌مووی گرنگتره، به‌شێوه‌یه‌ك یاسای تایبه‌ت بۆ پاكڕاگرتنی ژینگه ده‌ربكه‌ن، هه‌نگاوی كرداری بنێن و پرسی كه‌ش و هه‌وا بكه‌نه پرسێكی گرنگی كارله‌سه‌ر كراوی هه‌میشه‌یی، چونكه پاراستنی ژینگه و هه‌وا به سستم و دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تییه‌كان زیاتر ئه‌نجام ده‌درێت، وه‌ك له تاك و ڕێكخراو و ده‌سته ژینگه دۆسته‌كان.