ئاراس عەبدولکەریم
سلێمانی وەك چۆن لەزۆربەی بوارەكاندا شارێكی پێشەنگ و نوێخوازو سەرمەشق بووە، ئەمجارەش لەبواری بازرگانی و پیشەسازیدا ئەو پێشەنگییەی خۆی دەسەلمێنێتەوە، نەك هەر لەئاستی كوردستاندا بەڵكو لەسەر ئاستی سەرتاسەری عێراق ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەشانازییەوە وەك چالاكترین ژوور دیاری دەكرێت.
ئێمەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی یەكەمین، چونكە هەمیشە رەچەشكێن بووین و بەردەوام كارمان لەسەر نوێترین داهێنانو باشترین بیرۆكە كردووە بەئامانجی پێشخستنی كەرتی تایبەت:
ئێمە یەكەمین ژوور بووین كە پێشانگای نێودەوڵەتیمان كردەوە لەسەر ئاستی عێراق. تاكە ژوور بووین لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانو عێراق كە بووین بەخاوەنی بینای پێشانگای تایبەت بەخۆمان، پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بەشێكی گرنگی چالاكییە سەركەوتووەكانی ژووری بازرگانی و پیشەسازییە.
ئێمە یەكەمین ژووری بازرگانی و پیشەسازی كوردستان و عێراق بووین كە كارمان بەسیستەمی ئەلكترۆنی كرد. ئەم شێوە كاركردنە بەسیستەمی تاك پەنجەرە، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كرد بەپێشەنگ لەئاستی كوردستان و عێراقدا، كە سیستەمێكی هاوچەرخ و سەردەمیانەیە و کارئاسانی زۆری کردووە بۆ خێرا ڕاپەڕاندنی کاری بازرگانان.
ئێمە یەكەمین ژوور بووین پڕۆژەی گەنجینەی ستراتیجیمان خستە بواری جێبەجێ كردنەوە، كە لەئاستی كوردستان و عێراقیشدا جێی بایەخ و گرنگیپێدانەو چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرێت شاری سلێمانی بكات بەگرنگترین سەنتەری بازرگانی بۆ هەڵگرتن و دابەشكردنی كاڵاو خۆراك لەم وڵاتەدا.
ئێمە یەكەمین ژووری بازرگانی و پیشەسازیش بووین كە نەسرەوتین و چالاكانە تۆڕێك لەپەیوەندی بازرگانی توندوتۆڵمان لەگەڵ دەیان وڵاتی گەورەو بچوكی جیهان و ناوچەكەدا دروستكردو شێلگیرانە پردی پەیوەندیمان لەگەڵ دنیای دەرەوە بەهێزو تۆكمە كردو دەیان پرۆتۆكۆلی هاوبەش و هاوكاری و لێكتێگەشتنمان لەگەڵ ژوورە بازرگانیەكانی جیهان و ناوچەكەدا واژۆ كرد.
هەربۆیە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی شایستەی رێزلێنانو خەڵات كردنە كە بەو ئەندازەیە چالاک و نوێگەرو داهێنەرو رەچەشكێن بێت.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەرباری چەندین ئاستەنگیش هێشتا كۆڵی نەداو هەموو ئەو كارە گەورانەی کرد بەواقیعێکی بەردەست، چونكە چاوی لەسەر بنیاتنانی ئایندەیەكی گەش بوو بۆ ئەم شارەو بۆ كوردستان و عێراقیش. ئەم ژوورە سەرسەختانە كاری بۆ ئەوە كردووە كە شاری سلێمانیو كوردستان و عێراق ئاوەدانتر بن، خزمەتگوزارییان زیاترو كاری بازرگانیو ئابوریو پیشەسازییەكانیان گەورەترو بازاڕیشیان لەگەشە نەكەوێت و پێشكەوێت.
ئێمە خەونی گەورەممان هەبوو، هەر ئەم خەون و ئامانجانەش بەدرێژایی ساڵانی رابردوو وایكرد ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رۆڵێكی گرنگ و بنەڕەتی لەژیانی ئابوری ئەم شارەو بەرەو پێشبردنی ئابوری كوردستان و عێراقیشدا ببینێت.
لەم پێشهاتەدا پێویستە لەو راستییە تێبگەین كە لەجیهانی ئەمڕۆدا چارەنوسی ئابوری نیشتمانی هەر وڵاتێك، لەلایەن دامەزراوە ئابورییەكانیەوە دیاریدەكرێت، چەند ئەم دامەزراوانە چالاكتر بن بەهەمان ئەندازەش دەرفەت لەبەردەم گەشەی ئابوری وڵاتدا زیاتر دەكرێتەوە.
دیاریكردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وەك چالاكترین ژوور لەسەر ئاستی عێراق، جێی دڵخۆشی و شانازییە، بەم بۆنەیەوە خوازیارین لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بەبایەخێكی زیاترەوە لەگرنگی ئەم جۆرە دامەزراوە ئابورییانەو لەكەرتی تایبەت و كرانەوەی بازاڕ بڕوانن، ئەگەر ئەم جۆرە دامەزراوانەو كەرتی تایبەت هاوكاری بكرێنو ئاستەنگیان بۆ دروست نەكرێت، دەتوانن ئابوری ئەم وڵاتە ببەنە ئاستێكی باڵاترو لەداڕشتنی پڕۆژەی ستراتیژی ئابوریو لەزیادكردنی رێژەی بەرهەمی ناوخۆو لەبەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری و لەزامنكردنی ئاسایشی ئابوری و پەرەپێدانی وڵاتدا بەشێوەیەكی كارا بەشدار بن، تا كوردستان لەڕووی ئابورییەوە لەسەر بنەمایەكی قایم و پتەو راوەستێت.
پیرۆزە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی.