تا ئێستە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە قۆناغی ئامادەكردندایە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەگەرچی بڕیارە لە ماوەی ئەم هەفتەیە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت بۆ پەسندكرنی، هاوكات گفتوگۆی هەولێر و بەغدا بۆ زیادكردنی پشكی هەرێم لە بودجەكە بەردەوامە، سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، پشكی هەرێم لە بودجە كراوەتە 14%.
جاسم محەمەد جەعفەر، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی وتی، بەپێی رێككەوتنی سەرەتایی لە نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە بودجەی 2023ی عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان لە 12% بۆ 14% زیاد كراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای رێژەی نوێی دانیشتووانەوە.
شایەنی باسە ئەمڕۆ د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، رەشنووسی بودجەی 2023ی عێراق ئامادەیە و بڕەكەی زیاتر لە 130 ملیار دۆلارە، نرخی بەرمیلێك نەوت تیایدا لە نێوان 65 بۆ 75 دۆلار خەمڵێندراوە.
روونی كردەوە، چەند كۆبوونەوەیەكمان لەبارەی رەشنووسی بودجەكە ئەنجام داوە و ئێستە ئامادەیە و پێداچوونەوەی كۆتایی بۆ دەكرێت، لە رۆژانی داهاتوو پاش تەواوبوونی رەوانەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی دەكرێت.