پشكی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌دا به‌ 13.7% دیاری دەکرێت

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق رێژەی 13.7% ی بۆ پشکی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی 2023 دیاری كردووه‌، بەڵام ئه‌و رێژه‌یه‌ جارێ یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه‌ و بە فەرمی رانەگەیەنراوە.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممە 18ی كانوونی یه‌كه‌م، حه‌یده‌ر شێخ لێكۆڵه‌ری بودجه‌ له‌ به‌غدا، به‌ راگه‌یاند، تا ئێسته‌ 140 ترلیۆن قه‌باره‌ی بودجه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و قه‌باره‌یه‌ی بودجه‌ به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌.

ره‌شنووسی بودجه‌ی 2023ی عێراق، كاره‌كانی له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و پلاندانان ته‌واو بوو، ره‌وانه‌ی سه‌ر مێزی محه‌مه‌د شیاع سوودانی كراوه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سندی نه‌كردووه‌.

هه‌رێمی كوردستانیش پشكی هه‌یه‌ له‌ بودجه‌ی 2023، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی لە سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزارەتی پلاندانان ده‌ست كه‌وتووە، پشكی هه‌رێم له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق به‌ 13.7% دیاری كراوه‌.

شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشنیاری 14% كردبوو، به‌ڵام ئه‌و پێشنیاره‌ و ئه‌وه‌ی ئێسته‌ش كه‌ دیاری كراوه‌، یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه‌.

شێخ له‌باره‌ی پشكی هه‌رێم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئه‌وه‌ی باس كراوه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان هه‌ر ئه‌وه‌یه‌.

له‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی حكوومه‌تی نوێی عێراق، شاندی هه‌رێمی كوردستان دووجار سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، بڕیاریشه‌ سه‌ردانه‌كان به‌رده‌وام بن.

له‌ بودجه‌ی 2023دا قه‌باره‌كه‌ی به‌ 140 ترلیۆن مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێ، كورتهێنانی بودجه‌ به‌ 25% دیاری كراوه‌، هه‌روه‌ها نرخی نه‌وتیش به‌ 65-70 دۆلار خه‌مڵێنراوه‌.

پێشتر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق پێشبینی کردبوو قەبارەی بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق بە 150 تریلیۆن دینار بخەمڵێنرێت. ئەو ئاماژەی دابوو عێراق بە هەماهەنگی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانیی بودجەکەی دیاری دەکات و تەنانەت داوا کرابوو بودجەکە بگاتە 180 تریلیۆن دینار، بەڵام سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، رەتی کردبووەوە.

بودجه‌ی 2021 عێراق به‌ 129 ترلیۆن دینار (88 ملیار دۆلار) په‌سند كرا، كورتهێنان نزیكه‌ی 28 ترلیۆن دینار بوو كه‌ پشكی هه‌رێم به‌ 12.67% دیاری كرابوو.