پایۆنیرلەخۆئامادەکردندایە بۆناردنەدەرەوەی بەرهەمەکانی بۆ ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا.

پایۆنیرلەخۆئامادەکردندایە بۆناردنەدەرەوەی بەرهەمەکانی بۆ ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا.

ئا:زریان محەمەد

گەورەترین کارگەی دروستکردنی دەرمان لەشاری سلێمانی سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ ناردنە دەرەوەی بەرهەمەکانیان بۆ ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لەدوای پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بۆ ساڵی ٢٠٢١ کارگەی پاێۆنێر لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە لەڕووی کوالێتی و فرۆشەوە.

د. شوان کمال رشید ، بەڕێوەبەری کوالیتی دەرمان لە کۆمپانیای پایۆنیر لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەی بازرگانی و پیشەسازی دەربارەی کارەکانی کارگەی پاێۆنێر بۆ دروستکردنی دەرمان ئاماژە بە دوا گۆڕانکاریەکانی کارگەکە دەکات.

بازگانی و پیشەسازی/ كارگەی پایۆنێر پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانی كوردستانە؟

د. شوان : کۆمپانیای پایۆنیر بۆ پیشەسازی دەرمان یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق کە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە لە کوردستان کە لەسەرەتای ٢٠٠٨ لەشاری سلێمانی دامەزراوە لەسەر بنچینە و تەکنۆلۆجیا هەرە پێشکەوتووەکانی سەردەم وە لەساڵی ٢٠١١ دەستی کردووە بەبەرهەم هێنان. لەم دامەزراوە هاوچەرخەدا پێشکەوتووترین تەکنۆلۆجیای سەردەمی بەردەستە بۆ فەراهەمکردنی خێراترین و ووردترین پڕۆسەی بەرهەمهێنان تیایدا. ئەم کۆمپانیایە دەستپێشخەر و خێراترینە بۆ دابینکردنی دەرمان بۆ کەرتی تەندروستی وە بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی هەمیشە پێشەنگ بێت لە نێو هەموو کۆمپانیاکانی درووستکردنی دەرمان لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاێۆنێرلەساڵی ٢٠١٣ بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ژمارە ١٦٩ هەژمارکراوە بەیەکێک لە پرۆژە ستراتیژیەکانی هەرێمی کوردستان.

بازرگانی و پیشەسازی/ چەند كەس كاردەكات لەم پڕۆژەیەدا؟

د. شوان : لە کۆمپانیای پایۆنیر نزیکەی (٩٣٠) کەس لە نێوانیاندا تەنها ١٠٠ کەس بیانیە کاردەکەن کە کارەکانیان دابەش کراوە بەسەر سێ شەفتی کارکردن . پایۆنیر پاڵپشت بەخێزانێک لەو کارمەندە تەکنیکار و بەهرەمەند و پڕئەزموونانە توانیویەتی پێشکەوتووترین و ئاستبەرزترین پیشەسازی دەرمان بخاتە بەردەست و بەرهەمی بێنێت.

بازرگانی و پیشەسازی / چەند جۆر دەرمان بەرهەم دەهێنن؟

زیاتر لە ١٥٠ بەرهەمی جۆراوجۆر بەرهەم دێت لەم کارگەیەدا و ساڵانە ژمارەیەکی نوێی دەرمان پەرە پێدەدرێت لە لایەن بەشی توێژینەوە و پەرەسەندنی کۆمپانیاکەمانەوە وە ئامادەدەکرێت بۆ دروستکردن.

بازرگانی و پیشەسازی/ تا چەند پێداویستی بازاڕ بۆ ئەو بەرهەمانەی هەتانە دابین دەكەن؟

د. شوان : توانای کۆمپانیای پایۆنیر لە ئاستێکی زۆر پێوانەیدایە بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستیەکانی بازاڕی ناوخۆی کوردستان و عیراق و پڕکردنەوەی زۆربەی پێداویستیە پزیشکیەکانی کەرتی تایبەت و گشتی. ڕێژەی دابین کردنی دەرمان بۆ دامەزراوە تەندروستیەکان بەشێوەیەکی خێرا و ئاستبەرز وە بە بڕێکی پێویست وای کردووە کە پایۆنیر وەک هاوکارێکی ناوخۆیی پەسەند بناسرێت لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی عیراقدا. 

بازرگانی وپیشەسازی/ فرۆشی بەرهەمەكانتان بۆ پارێزگاكانی عێراق چۆنە؟

د. شوان : کۆمپانیای پایۆنیر بەردەوامە لە دابینکردنی بەرهەمەکانی بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عیراق وە کوالیتی ئەو بەرهەمانە کە بەپێی ئاست بەرزترین ڕێساکانی دروستکردن بەرهەم هێنراون   وای کردووە باشترین ئاستی فرۆشتن تۆماربکات. بەم هۆیەوە کۆمپانیاکەمان لە ساڵی ٢٠٢١ توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت لەسەر ئاستی عێراق.

بازرگانی وپیشەسازی / ئایا بەرهەمەكانتان هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەكەن؟

د. شوان : لەگەڵ ئەوەی توانیومانە چەندین جار بەرهەمەکانمان هەناردەی وڵاتانی دەرەوەی عێراق بکەین لەئێستادا پایۆنیر لە خۆئامادەکردن و هەوڵدایە بۆفراوانکردنی زیاتر بۆ ناردنەدەرەوەی بەرهەمەکانی بۆ ووڵاتانی دراوسێ و ووڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و دابینکردنی پێداویستیەکانی ئەو کارە.

بازرگانی وپیشەسازی/ كوالێتی بەرهەمەكانتان لەچ ئاستێکدایە؟

د. شوان : بەرهەمەکانی کۆمپانیای پایۆنیر لەبەرزترین ئاستی دروستکردندان کە سەرجەمیان بەپێی ڕێسا نێودەوڵەتیەکانی بەرهەمهێنان دروست دەکرێن وە کۆمپانیاکە لە ئاستی عیراق بەرزترین پلە و بڕوانامەی دروستکردن و جۆری هەیە وە کۆمپانیای پایۆنیر خاوەنی ژمارەیەک لە بڕوانامەی ئایزۆ و جی ئێم پی نێودەوڵەتیە. وە سەرجەم یەکەکانی بەرهەمهێنانی دەرمان لەم کارگەیە بەبەردەوامی دەپشکنرێن و لەژێر چاودێری دەزگا تایبەتییەکانی تەندروستی کوردستان و عیراقدایە بۆ دڵنیابوونەوەی بەکار‌هێنەر و لەسەر ئەو بناغەیە متمانەی پێبەخشراوە تایبەت بە ئاست و جۆری بەرهەمەکان و ڕێگەدان بە فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی.

بازرگانی و پیشەسازی/ خواستی ناوخۆی بۆ بەرهەمەكانتان چۆنە؟ بەراورد بە بەرهەمە هاوردەكراوەكان

د. شوان : پایۆنیر بڕێکی بەرچاو لە چارەسەرە جۆراوجۆرەکان بەرهەم دەهێنێت وە بەردەستیان دەخات بۆ بەکارهێنان کە بەڵگەی ئەوەیە کەئەم کۆمپانیایە ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە باشترکردنی ئاستی تەندروستی ژیانی تاک و کۆمەڵگا، وە هەمیشە لەفراوانبووندایە بۆ فەراهەمکردنی بەرهەمە پزیشکییەکان وە بەبەردەوامی پێداویستیەکانی کەرتی گشتی و تایبەت دابین دەکات و خواستی ناوخۆ بۆ بەرهەمەکانی پایۆنیر لە ئاستێکی زۆر باشدایە بەبەراورد بە بەرهەمەکانی کۆمپانیا بیانییەکان، وە پایۆنیر بەرزترین ئاستی فرۆشتنی بەرهەمەکانی تۆمارکردوە لەنێوان بەرهەمە ناوخۆیی و بیانیەکانیش.

بازرگانی و پیشەسازی/ لەكاتی سەردان بۆ نۆرینگاكان جیاوازییەكی زۆر دەبینرێت لە نرخی بەرهەمی كارگەكەتان لەگەڵ هەمان بەرهەم كە دروستكراوی وڵاتانی ترە (بەرهەمە ناوخۆییەكە هەرزانترە)؟ ئایا بەرهەمەكانتان هەمان كاریگەری بەرهەمە دەرەكییەكانیان هەیە؟

د. شوان : لەگەڵ ئەوەی بەرهەمەکانی کۆمپانیای پایۆنیر باشترین پێوانەی تۆمارکردوە لە بواری چارەسەرکردن و کوالیتیەوە کە ئەمەش بە توێژینەوە لە تاقیگە باوەڕپێکراوەکاندا دووپاتکراوەتەوە، لەهەمان کاتدا نرخی دەرمانەکانی زۆر گونجاوە بەبەرامبەر بە نرخی کۆمپانیاکانی دیکە وە نرخەکانی دیاری کراوە، ئەگەر حکومەت و لایەنە پەیوەندی دارەکان هاوکارمان بن لە کۆنترۆڵکردنی هاوردەکردنی دەرمان لەڕێگەی دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕسوماتی گومرگی و دیاریکردنی کوالێتی بۆ بەرهەمە هاوردەکراوەکان وەهەروەها بەرکارکردنی یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی ئەمەش وادەکات زیاتر کێبڕکێی نرخی بەرهەمە هاوردەکراوەکان بکەین لەبازاڕەکانی عێراقدا.

 

پایۆنێر ساڵانە بڕێکی زۆر لەدەرمان بەرهەم دەهێنیت بەجۆرێک سالانە (١.٩) بلێۆن دەنکۆڵە بەرهەم دەهێنێت وە کەپسولی ڕەقی جەلاتین ساڵانە (١٨٠) ملێۆن بەرهەم دێنن وە گیراوەی وشک (١٢،٥) ملێۆن بەرهەم دێنن وە گیراوەی زارەکی و هەڵواسراو (٢٢،٥) ملێۆن بەرهەم دەهێندرێت وە گیراوەکان لەڕێی دەمار (٣٩) ملێۆن یەکە بەرهەم هێندراوە وە (٢٦) ملێۆن یەکەی قەترە وە (٤٨) ملێۆن یەکەی ئەمپولی پلاستیکی بەرهەم دەهێندرێت وە (٨٠) ملێۆن یەکەی ئەمپولی شوشە بەرهەم دەهێندرێت.