پانێڵێك له‌ باره‌ی ژینگه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت.. ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانیش به‌شداره‌

ئازاد شمقار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت ”به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی ڕه‌وشی ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پانێك له‌ ئۆتیل ڕامادا به‌رێوه‌چوو، كه‌ چه‌نیدن بابه‌تی ژینگه‌ی گرنگی تێدا باس كرا”

ئازاد شمقار ڕایگه‌یاند ”پیس بوونی هه‌وا به‌هۆی زیادبوونی ئۆتۆمبیل و دوكه‌ڵی مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌كان و پیس بوونی خاك به‌هۆی پاشماوه‌ی خاشاكی ماڵان له‌ گرنگترین ته‌واره‌كانی پانێڵه‌كه‌ بوو كه‌ كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕ تویژه‌نه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كانی خۆیان له‌ پانێڵه‌كه‌دا ڕونكرده‌وه‌ و میكانیزمه‌كانی چاره‌سه‌ركردنیان خسته‌ڕوو”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ته‌نها له‌ شاری سلێمانی رۆژانه‌ ٣٥٠ تۆن خۆڵ و خاشاك كۆ ده‌كرێته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ٣ كۆمپانیاوه‌، كه‌ سلێمانی كراوه‌ته‌ پێنج زۆن، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پانێڵه‌كاندا باس له‌ پیسبوونی ئاوی ژێر زه‌وی كرا و له‌لایه‌ن دكتۆرانی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا مه‌ترسیه‌كانی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی هاوڵاتیان خرایه‌ڕوو، نوێنه‌ری وه‌به‌رهێنانیش له‌ پانێڵه‌كه‌دا ئاماده‌ بوو مه‌رجه‌كانی دروستكردنی پرۆژه‌كانی نێشته‌جێ بوونی له‌ ڕووی ژینگه‌یه‌وه‌ خسته‌ڕوو، به‌شێكی تری پانێڵه‌كه‌ له‌باره‌ی وشكه‌ساڵی و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی به‌نداوه‌كان بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان.

شایه‌نی باسه‌ وه‌سفی خه‌لیل، ڕاوێژكاری كشتوكاڵی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌گه‌ڵ ئازاد شمقار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژوور ئاماده‌ بوو، كه‌ چه‌ندین وتار و بابه‌تی زانستی له‌باره‌ی پرسه‌ ژینگه‌ییه‌ ناوخۆ و جیهانیه‌كان نوسیوه‌ و به‌رده‌وام له‌سه‌رجه‌م جاڵاكییه‌ ژینگیه‌كان ئاماده‌ن و ڕۆڵیان هه‌یه‌.