پانۆڕامای نه‌وت

پانۆڕ

د. محمد امین

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ 2016 نوسراوه‌، له‌ به‌ر گرنگی بابه‌ته‌که‌ بۆئه‌مرۆ، دوباره بڵاوی ئه‌کەمه‌وه‌.

نه‌وت وه‌كو سه‌ره‌كیترین سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی جیهان، كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئابوری جیهان و ژیان و گوزه‌رانی مرۆڤه‌كان هه‌یه‌. ئه‌م گرنگیه ‌ئابوریه‌ جیهانیه‌ی، كه‌نه‌وت هه‌یه‌تی وا ده‌كات كه‌ئابوری نه‌وت له‌چاو كه‌رته‌كانی تری ئابوری ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌یی هه‌بێ، كه‌جگه‌ له‌مانا ئابوریه‌كه‌ی كه‌له‌دۆزینه‌وه‌، ده‌رهێنان، گواستنه‌وه‌، پاره‌ی كاشی سه‌رمایه‌گوزاری و باج پێك دێت، كه هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌قازانج وه‌به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ی خێرادا به‌رجه‌سته‌ئه‌بێ، په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆى به‌سیاسه‌تی جیۆپۆلیتیك و گه‌شه‌ی ئابوری جیهانی، هه‌روه‌ها جوڵه‌و هاوسه‌نگی هێزه ‌ناوچه‌یی و جیهانیه‌كانه‌وه ‌هه‌یه‌، واتا په‌یوه‌ندی به‌شه‌ڕ و ئاشتی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه ‌له‌رووی مێژوویی، سیاسی، ئابوری وه سه‌ربازیه‌وه‌.

هه‌ر كاڵایه‌ك وه‌ك نه‌وت كه گرنگی جیهانی هه‌بێ ، وه له هه‌مان كاتا كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌بێ له‌سه‌ر كایه‌كانی ژیان له‌سه‌ر ئاستی جیهان، ئیتر له‌مانا ئابوریه‌كه‌ی زیاتر ره‌هه‌ندی سیاسی وه‌رئه‌گرێ، نه‌ك وه‌ك كاڵایه‌ك كه‌ته‌نها ره‌هه‌نده ‌ئابوریه‌كه‌ی له‌سه‌ر خستنه‌ڕوو داوا واتا supply and demand بێ.

ئه‌گه‌ر له‌دیدی ئابوری/ كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌یری نه‌وت / وزه ‌بكه‌ین، له‌مێژووی ئابوری/ كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مه ‌ئاشكرایه ‌كه ‌پێشكه‌وتنی به‌كارهێنانی وزه ‌كاریگه‌ری سه‌ره‌كی هه‌بووه‌و هه‌یه ‌له ‌سه‌ر زۆربوونی ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان. به‌هۆی زۆربوونی وزه‌و به‌كارهێنانی وزه‌ له‌ئاستیكى  فرا‌وانا له‌بواره‌كانی پیشه‌سازیدا رێگه‌خۆشكه‌ربوو بۆ دروستبوونی زه‌مینه‌ی گونجاو بۆ گه‌شه‌و په‌ره‌پێدانی هه‌موو بواره‌كانی وه ‌كه‌رته‌كانی ئابوری، هه‌ر له‌پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و خزمه‌ت گوزاری و ته‌ندروستی و گه‌شتوگوزار، تا ده‌گاته‌بواری بازرگانی و گواستنه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی نه‌وت وه‌ك وزه‌ی جێگره‌وه ‌بۆ خه‌ڵووز له‌هه‌موو بواره‌كانی پیشه‌سازی و گواستنه‌وه‌و به‌رهه‌م هێنانیا شۆرشێكی ئابوری دروست كرد به‌زیادبوونی داهاتی وه‌ڵات و تاك وه ‌به‌مه‌ش پێشكه‌وتنی بواره‌كانی تری كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندیه ‌نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان، هه‌روه‌ها به ‌شێوه‌یه‌كی رێژەيي فه‌راهه‌مبوونی ژیان و گوزه‌رانی با ش  بۆ وه‌ڵاتانی به‌كاربه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر بووەهۆى پێشكه‌وتنی كه‌رته‌كانی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی  .

 له‌رووی پیشه‌سازیه‌وه‌، نه‌وت توانی كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دیار/SIGNIFICANT زیاد بكات، به‌مه‌ش كه‌رته‌كانى بەرهەم  هێنان  بوون به‌شوێنی كارو داهات بۆ خه‌ڵكانێكى زۆر، هه‌ر بۆیه ‌ده‌بیبین له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی نه‌وت به‌تایبه‌ت له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانیه‌وه ‌له ‌بواره‌كانی پیشه‌سازیدا ژماره‌ی بێكاران له‌وه‌ڵاتانی پیشه‌سازی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دیار و به‌رچاو نزم بۆوه ‌بۆ كه‌مترین ئاست به‌مه‌ش هه‌م داهاتی تاك هه‌م ده‌وڵه‌ت گۆڕانی گه‌وره‌ی به‌سه‌رهات‌، به‌م زیادبوونه‌ی داهات، توانرا زۆر لایه‌نی تری ژیانی شارستانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و تەندروستى  بره‌وی پێبدرێ، هه‌ر له‌ئاستی خوێندن و په‌روه‌رده‌و فه‌رهه‌نگ تا ئه‌گاته‌ لایه‌نی وه‌رزش و چالاكیه‌كانی تری كۆمه‌ڵایه‌تی.

به‌هه‌مان شێوه ‌له‌بواری به‌رهه‌م هێنانی كشتوكاڵ، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌به‌شۆرشی سه‌وز ناسراوه‌، به‌كارهێنانی وزه‌ی نه‌وت له‌بواری به‌رهه‌م هێنانی كشتوكاڵ و كه‌رسته‌خۆراكیه‌كانا، رۆڵی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ری هه‌بووه‌ كه ‌به‌ هۆیه‌وه ‌به‌رهه‌می كشتوكاڵی وه ‌خۆراكی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رچاو زیاد بكات، تابتوانرێت به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست خۆراك بۆ دانیشتوانی سه‌ر زه‌وی به‌رهه‌م بهێنرێت.

له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی پیشه‌سازی و كۆچكر دنى زۆری خه‌ڵكی گونده‌كان له‌وه‌ڵاتانی پیشه‌سازی بۆ ناو شاره‌كان به‌مه‌به‌ستی كاركردن له‌كارگه‌كان بۆ په‌یداكردنی داهاتی زیاتر. ئه‌گه‌ر شۆرشی سه‌وز نه‌بوایه، ‌وه‌كو ئاماژه‌مان پێدا، نه‌وت وەک بەكارهينانى وزه رۆڵی سه‌ره‌كی تیابینی. نه‌ك له‌وه‌ڵاتانی جیهانی سێیه‌م، به‌ڵكو له‌وه‌ڵاتانی پیشه‌سازیشا  خه‌ڵك تووشی كه‌می خۆراك و برسیه‌تی ئه‌بوونه‌وه‌.

له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی، دروستبوونی دياردەى ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌ران له‌وه‌ڵاتانی رۆژئاواو جيهان هه‌موو به‌هۆی زیادبوونی ‌داهاته‌وه ‌بوو كه‌له‌رێگه‌ی وزه‌ی نه‌وته‌وه ‌فه‌راهه‌م كرا. بۆیه‌ ئه‌توانین هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی له‌دوای جه‌نگی جیهانیه‌وه ‌جیهان به‌خۆیه‌وه‌بینی ناوی بنێین شۆرشی نه‌وت.

كاڵای نه‌وت تەنها  كاڵایەكه  ‌ئه‌وه‌نده‌ی بۆ به‌كاربه‌ران بۆته ‌مایه‌یی خۆشگوزه‌رانی و فه‌راهه‌م بوونی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هیچ جۆرێك به‌ چاره‌گی ئه‌م ئه‌ندازه‌یه‌ش بۆ به‌میلله‌تان و وه‌ڵاتانی به‌هه‌مهێنه‌ر سوودی نه‌بووه. ‌هه‌ڵبه‌ته ‌جگه ‌له ‌نه‌رویج، هه‌روه‌ها كاڵای نه‌وت دووباره‌ ته‌نها كاڵایه‌كه، ‌كه‌ تائێستاش سیاسه‌ت و ئابوریه‌كه‌ی له‌ده‌ست زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری وه‌ڵاتانی به‌رهه‌م هێنه‌ردا نیه‌، به‌ڵكو وه‌ڵاتانی تر خاوه‌نی سیاسه‌تی نه‌وتن و نه‌وت به‌كاردێنن له‌هه‌موو هاوكێشه‌ سیاسی و جیۆپۆلیتك و هاوسەنگى هێزدا هه‌م له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی ، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و جیهانیدا. وه‌كو له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا نه‌وت بۆ وه‌ڵاتانی به‌كابه‌ری پیشه‌سازی بووه‌ته‌ رێگه‌ی كارا بۆ خۆشگوزه‌رانی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ره‌وپێشچوونی هه‌موو بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و دروستبوونی سیسته‌م و ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌ران”wilferd state” به‌پله‌ی جیاواز . به‌ڵام نه‌وت بۆ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری وه‌ڵاتانی به‌رهه‌م هێنه‌ر، نه‌ك هه‌ر نه‌بۆته ‌مایه‌ی خۆشگوزه‌رانی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵكو له‌زۆر كاتدا وه‌كو له‌وتارێكی  پێشووترا باسم لێوه‌كردبوو، نه‌وت له‌بری ئه‌وه‌ی ببیێته ‌روناكی بووه‌ته ‌ئاگر بۆ ژیان و گوزه‌رانی زۆرى خه‌ڵكانی وڵاتانی به‌رهه‌م هێنه‌ر. بۆ وەلامى  ئه‌م پرسیاره بۆچی ئه‌م جیاوازیه‌ هه‌یه ‌له‌نێوان وه‌ڵاتانی به‌كاربه‌ر و به‌رهه‌م هێنه‌ری نه‌وت له‌سه‌ر ئاستی سوود وه‌رگرتن له‌ئابوری نه‌وت، پێویست ئه‌كات ئاماژه ‌به ‌گرنگترین كاریگه‌ریه ‌خراپه‌كانی نه‌وت بكه‌ین له‌سه‌ر گه‌لان و وه‌ڵاتانی به‌رهه‌م هێنه‌ری نه‌وت به‌تایبه‌ت له‌وه‌ڵاتانی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی به‌كوردستانیشه‌وه‌.

1 – نه‌وت وه‌ك ته‌نها سه‌رچاوه‌ی ئابوری و داهاتی كاش سودى لێ وەرگيراوه بێ به‌كارهێنانی هیچ هێزێكی عه‌قلی و زانستی و ته‌كنه‌لۆژی له لايەن ولاتانى  به‌رهه‌م هێنه‌ری نه‌وت دوباره جگه لەنەرويج بووه بەهۆی ئه‌وه‌ی كه‌:

A – كه‌رته‌كانی تری ئابوری بۆ ژیان ته‌واو پشتگوێ بخرێن یان زۆر گرنگیان پێنه‌درێ، كه ‌ئه‌مه ‌له ‌زۆربه‌ی هەرەزۆری وه‌ڵاتانی به‌رهه‌م هێنه‌ری نه‌وت به‌ئاشكرا ئه‌بینرێت به‌كوردستانیشه‌وه‌، وه‌كو ئه‌مڕۆ هه‌موومان شاهید حاڵی كوردستانین كه‌پاره‌ی نه‌وت نه‌بێ هەتا نيوه  مووچه‌و چارەکه مووچەش نابێ، به‌مه‌ش هه‌موو كایه‌كانی ژیان وه‌ستاوه‌. كاتێ به‌نده ‌له ‌به‌رنامه‌یه‌كی تیڤی باسی گرنگی كه‌رته‌كانی تری ئابووری ئه‌كرد یه‌كێ له‌به‌لاش خۆره‌كانی میلیشیا به‌ناو رۆژنامه‌نووس به‌ئاشكرا ئه‌مه‌ی ده‌گووت كه‌” ئێمه وه‌ڵاتی نه‌وتین پێویسمان به‌كه‌رته‌كانی تری ئابوری نیه‌ .

B – ئه‌م پشت به‌ستنه ‌ره‌هایه ‌به ‌نه‌وت له زۆرى ولاتانى نەوتى بۆ ژیان و خۆش گوزه‌رانیه‌كی ساخته‌، وەك ولاتانى كەنداو بۆ نمونه  هه‌موو كایه‌كانی كاری فكری په‌كخست له‌سه‌ر ئاستی مه‌عریفه‌، زانستی و فه‌رهه‌نگی كه ‌دووباره‌ هه‌موو ئه‌و دواكه‌وتوییه ‌فكری و زانستى و  كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیه له‌وه‌ڵاتانی بەرهەم  هێنەریى  نه‌وت، به‌ڵگه‌یه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره . نه‌وت له‌بری ئه‌وه‌ی تاكی كۆمه‌ڵ و هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی ژیانی سیاسی فكری، فه‌رهه‌نگی، شارستانی، هه‌ره‌وه‌ها هه‌موو بواره‌كانی كه‌رته‌كانی تری ئابوری چالاك بكات، له‌راستیدا هه‌موویانی سڕو بێ كاریگه‌ر كرد له  ولاتانى نەوتى ‌.

2 – پاره‌ی نه‌ختینه‌ی نه‌وت كه ‌له ‌زۆر وه‌ڵاتانی به‌رهه‌م هێنه‌ر وه‌ك به‌لاش سه‌یر ئه‌كرێ، چونكه ‌بێ ماندوبوون دێته ‌ده‌ستیان، وه فه‌رهه‌نگی كار و به‌های كاریش نه‌بۆته ‌كاراكته‌ری په‌روه‌رده‌یی له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌، بۆیه ‌به‌شی هه‌ره‌زۆرى ‌تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه وه هەتا  له‌سه‌ر ئاستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش له‌م شوێنانه‌ی كه‌نه‌وت هه‌یه‌هێنده‌ی فه‌رهەنگی به‌لاش خۆری و سه‌رفكردنی گه‌مژانه ‌باوه‌، نیو ئه‌وه‌نده‌ش فه‌رهه‌نگی كار و به‌رهه‌م هێنان و خۆماندوكردن بوونی نیه‌، بێ گومان ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی هه‌بووه‌و ئه‌بێ له‌سه‌ر بواری په‌روه‌رده‌ی فكری و خۆ رێكخستن و متمانه‌به‌تواناكانی خۆ.

3 – له‌زۆربه‌ی وه‌ڵاتانی به‌رهه‌م هێنه‌ری نه‌وت داهات و كه‌رتی نه‌وت ‌له‌لایه‌ن چه‌ند یان چه‌نده‌ها كۆمپانیای جۆراوجۆرى بواری وزەوه به‌هاوكاری نوخبه‌یه‌كی به‌ناو سیاسی یان هه‌ندێجار له‌لایه‌ن خێلێك یان خێزانێكه‌وه‌ ‌كۆنتڕۆڵ و مۆنۆپۆل/ قۆرخ كراوه بێ بەشدارى خەڵك لەبريارى سياسەت و  ئابوورى نەوتا . ئه‌م قۆرخكارانه‌ هه‌موو داهات و سوده‌كانی نه‌وت بۆ خۆشگوزه‌رانی سوڵتانانه‌ی خۆ و به‌رژه‌وه‌ندی مانه‌وه‌ی خۆیان به‌كار ئه‌هێنن، بێگوێدانه‌ هیچ به‌هایه‌ك و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی میللی و نیشتمانی.

4 – له‌رووی كۆمه‌ڵایتیه‌وه‌، به‌هۆی گل بوونه‌وه‌ی سامانی نه‌وت له‌ده‌ستی كه‌مینه‌كی ده‌سه‌ڵاتدار، بۆتە قۆرخكردنی هه‌موو داهات و به‌كارهێنانی نه‌وت بۆ ‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان حاڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناسرووشتی خوڵقاندوه ‌به‌وه‌ی كه‌وا كه‌مینه‌یه‌ك له‌پرا به‌ده‌ست به‌سه‌راگرتنی نه‌وت ئه‌بنه‌خاوه‌ن سه‌دان ملیارد دۆلار و سامانێك كه‌له‌خه‌ویش نه‌یان بیناوه‌ ، واته ‌ئه‌م نوخبه ‌تازه ‌به‌سه‌را كه‌وتووه‌ به‌هۆی قۆرخكاری ته‌واوی داهاتی نه‌وته وه كۆمه‌ڵگەكانى وڵاتانی به‌رهه‌م هێنه‌رى نه‌وتیان دوو له‌ت كردوه ‌نه‌ك به‌مانا سیاسی و ئابوری و چینایه‌تیه‌كه‌ی، به‌ڵكو به‌مانای یاسای هه‌ره ‌سه‌رتایه ‌جه‌نگه‌لیه‌كان. واتا دروستبوونی چینێكی دڕنده‌و فاسد پشت به‌ستوو به‌سامانی نه‌وت و قۆرخكردنی نه‌وت وه  زۆرینه‌ی خه‌ڵكی بێ ماف و بێ ده‌نگ و بێ راو و بێ بڕیار و بێ ئازادی كه‌نمونه‌ی ئه‌مه ‌له ‌هه‌موو وه‌ڵاتانی نه‌وتی جیهانی سێیه‌م كه‌م یان زۆر به‌دی ئه‌كرێ، ده‌سه‌ڵاتی ” ئال السعود ” نمونه‌ی هه‌ره‌زه‌قی ئه‌و دوو له‌ت كرنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌بۆ چینێكی زۆردار و ده‌وڵه‌مه‌ندو نه‌وتدار و چینێكی شێلدراو كه‌به‌شی هه‌ره‌زۆری هاوڵاتیان له‌خۆ ئه‌گرێ.

ئه‌م دوو له‌ت بوونی كۆمه‌ڵگه ‌بۆ دوو چینی ته‌واو جیاواز له‌ژیان، گوزه‌ران، به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانج بۆته‌هۆی نه‌بوونی هیچ سه‌رنه‌وشتێكی هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌م دوو چینه‌دا، به‌ڵكو له‌مه‌ش زیاتر هه‌میشه ‌شه‌ڕێكی نهێنی و سا رد هه‌یه ‌له ‌نێوانیان كه‌دره‌نگ یان زوو ئه‌م شه‌ڕه ‌نهێنیه‌ ئه‌بێته ‌شه‌ڕێكی گه‌رم كه‌ئه‌وكات نه‌ته‌نها ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌له‌بنه‌مادا له‌م كۆمه‌ڵگه ‌نه‌وتیه‌د اگیركراوانه‌دا نیه به‌ته‌واوی بوونی نامێنێ، به‌ڵكو هه‌موو وه‌ڵات و كایه‌كانی ژیان هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوون و وێران بوونیان لێ ئه‌كرێ كه‌لێره‌دا عێراق و لیبیا نمونه‌ی زیندون بۆ ئه‌مه‌، كه ‌ئه‌شێ هه‌مان نمونه‌ی عێراق و لیبیا له‌زۆربه‌ی وڵاتانی نه‌وتی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی دووباره‌ببێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رچی زووتر سامان و ئابوری نه‌وت نەگەرێتەوه  بۆ خەلك  وه كۆتایی به‌خاوه‌نداریه‌تی نه‌وت نەهێنرێ له‌لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتداری گه‌نده‌ڵ و چاوچنۆك و سته‌مكار.

دووكه‌رت بوون یان دووله‌ت بوونی كۆمه‌ڵگه‌نه‌وتیه‌كان له‌وه‌ڵاتانی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌سه‌ر بنه‌مای خاوه‌نداریه‌تی ته‌واوی ئابوری نه‌وت له‌لایه‌ن كه‌مینیه‌ك و بێ به‌ش بوونی زۆرینه‌ش له‌هه‌موو خێرێكی نه‌وت بۆته  هۆى به فيرۆدانى سامانێكى گەورەى گشتى بێ وێنه .  ئه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌م 10 ساڵه‌ی دوایی وه‌ربگرین وه  ته‌نها ئه‌گه‌ر وه‌ڵاتانی كه‌نداو عێراق و ئێران وه‌ربگرین، به‌هه‌زاران ملیار دۆلار له فرۆشتنى  نەوت دەستكەوتيان هەبووه ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش ئه‌بینین هیچ پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو له‌م شوێنانه‌رووی نه‌داوه ‌له ‌رووی گه‌شه‌و په‌ره‌پێدانی كه‌رته‌كانی تری ئابوری له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و ته‌كنه‌لۆژی و بازاڕ.

هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ندێك وه‌ڵات وه‌ك عێراقی سه‌رده‌می سه‌دام و شای ئێران و له‌گه‌ڵ لیبیای قه‌زافی به‌پاڵنه‌ری رۆحی نه‌ته‌وه‌په‌رستی له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون كه ‌سامانی نه‌وت به‌كاربێنن بۆ پێشكه‌وتنی كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاودێری و پیشه‌سازی و هه‌تا ته‌كنه‌لۆژیای ناوكی و سه‌ربازی، به‌ڵام به‌ئامانجی باڵاده‌ست بوونی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان وه‌له‌سه‌ر ژیان و حسابی ئازادی و دیموكراسی كه‌ئه‌نجامه‌كه‌ی وه‌كو بینیمان خراپتربوو له‌چاو ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌نه‌وت ته‌نها بۆ ئاره‌زووی خۆشگوزه‌رانی  كه‌مینه‌یه‌كی فاسدی سته‌مكار به‌كاردێ، وه‌ك وه‌ڵاتانی كه‌نداو و هه‌ندێك وه‌ڵاتانی ئه‌فریقیا و اسيا.

به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ نه‌وت رۆڵی گرنگ و بڕیارده‌ری هه‌بووه ‌له ‌نه‌خشه‌ی جیۆپۆلۆتیك له‌هه‌موو ناوچه‌نه‌وتیه‌كانی جیهان، هه‌روه‌ها رۆڵی هه‌بووه‌ له‌هاوسه‌نگی هێز و شێوازی جۆری فه‌رمانڕه‌وای ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستنیشان كراوه‌كانی وه‌ڵاتانی نه‌وت هه‌روه‌كو له‌وتارێكی تردا گووتومه ‌جیۆپۆلۆتیكی جیهان به‌تایبه‌تی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست په‌یوه‌ندی به‌بوونی نه‌وته‌وه‌ هه‌یه ‌به‌هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانیه‌وه ‌وه‌ك شوێنی به‌رهه‌م هێنان، گواستنه‌وه‌، به‌بازاڕ كردن. هه‌روه‌ها خاوه‌نداریه‌تی نه‌وتیش به‌هه‌مان جۆر، په‌یوه‌ندی به‌سیاسه‌تی جیۆپۆلۆتیكه‌وه‌هه‌یه‌ هه‌روه‌كو له‌سه‌ره‌وه‌ئاماژه‌م پێكرد كه‌راسته ‌نه‌وت خاوه‌نه‌كه‌ی ئه‌و وه‌ڵات و گه‌لانه‌یه‌ كه ‌نه‌وتی تیایه‌ لەرووى جیۆگرافيەوه  ، به‌ڵام سیاسه‌ت و به‌های نه‌وت وه‌ڵاتا نى تر  وه كه‌سانی تر خاوه‌نداریه‌تی ئه‌كه‌ن. هه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌ناو ده‌سه‌ڵاتداران وه به‌ناو سه‌رۆك و خاوه‌ن نەوتن له زۆربەى وه‌ڵاتانى نەوتى له‌ڕاستیدا ‌ته‌نها ئه‌ركی ئاسایش و ئیداره‌كردنى نەوت ئه‌بینن له‌ناو خۆی وه‌ڵاته‌كانیان، كه‌خۆشیان خاوه‌نی هیچ توانا و ده‌سه‌ڵاتێك نین‌، به‌ڵكو پێیان به‌خشراوه‌ یان پێیان سپێراوه‌، ئه‌ویش تا ئه‌وكاته‌ی كه‌توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، ئه‌رك به‌شێوه‌یه‌كی  قبوڵكراو به‌ئه‌نجام بگێنن. هه‌ركات توانای ئه‌نجامدانی كارو فه‌رمانیان نه‌ما خۆیان هیوا به‌وه‌ئه‌خوازن نه‌ك سه‌رۆك بان، به‌ڵكو شوان و گاوانی چه‌ند مانگا و بزنێك بان. واتا خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی نه‌وت هێزه‌گه‌وره‌كانی جیهانن، وه‌ئه‌وه ‌هێزه گه‌وره‌كانی جیهانن كه‌خاوه‌نداریه‌تی راسته‌قینه‌ی نه‌وت و وزه‌ ئه‌كه‌ن، نه‌ك ئه‌مانه‌ی كه‌له‌به‌شێكی ئه‌م نه‌وته‌ی كه‌بۆ گه‌ل و وه‌ڵاته‌كانیان دیاری كراوه‌ به‌زۆر و سته‌م و ساخته‌بۆ خۆیان ده‌ستیان به‌سەردا گرتووه‌و، خۆیان كردۆته‌ خاوه‌نداریی هه‌موو شتێك بێ له‌به‌رچاوگرتنی هیچ به‌ها و به‌رپرسیاریه‌كی میللی و نیشتمانی و مرۆڤی و ئه‌خلاقی.

ئه‌وه‌ی جێگای كۆمێدیه ‌هه‌موو ئه‌وانه كه ‌له‌ڕێگەى سامان و داهاتی نه‌وته‌وه ‌لافی سه‌رۆك و پاشایی لێ ئه‌ده‌ن، ئه‌كه‌ونه ‌ئه‌و وه‌همه‌وه‌ كه ‌به‌راستی خۆیان به‌سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاتدارى راسته‌قینه ‌ئه‌زانن به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌مانه‌ بێباك و بێ هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تین، وه‌هیچ كاراكته‌ری به‌رپرسیاریان نییه‌. وه‌همی ده‌سه‌ڵاتداری به‌رپرسانی وه‌ڵاتانی به‌رهه‌م هێنه‌ری نه‌وت، به‌تایبه‌ت له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا، ئه‌و راسییه‌یان لا ونه، ‌كه ‌‌ئا بوورى وه سياسەتى نەوت، كه لە ده‌رهێنانی نه‌وت، گواستنه‌وه‌ی نه‌وت بۆ بازاڕه‌كان و فرۆشتنی وه ديارىكردنى به‌های نه‌وت كه‌سانی تر و وه‌ڵاتانی تر بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌ده‌ن. واتا خاوه‌نداریه‌تی نه‌وه‌ت به‌مه‌ نیه‌، كه‌ به‌حوكمی شوێنی جوگرافیا له‌م شوێنانه‌یه ‌كه ‌ئامانه‌ی تیا به‌ده‌سه‌ڵاتدار كراون. ‌

ئه‌مڕۆ وه‌همی سامان و ده‌سه‌ڵاتی نه‌وت بۆته‌گرفت بۆ گه‌لانی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌نه‌وتی تیایه‌، هه‌تا بۆته‌گرفت بۆ جیهانیش، چونكه‌ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه ‌نه‌وتیه‌كان له‌بنه‌ڕه‌تدا وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا ‌خه‌ڵكانی ناشی و  بێباك وه  تازه‌ به‌سه‌ردا كه‌وتوون و، تووشی ئه‌و وه‌هه‌مه بوون كه‌به‌ڕاست خۆیان به شایسته‌و به‌دیهێنه‌ری سامانی نه‌ختینه‌ی نه‌وت ئه زانن. بۆیه زۆرجار ‌نا ئاگا زیاتر له‌وه‌ی كه‌هه‌ن هه‌نگاو ئه‌نێن تا له‌شوێنێكدا گیر ئه‌كه‌ن و سه‌ری خۆیان له‌به‌ربه‌سته ‌ئاسنینه‌كانی دنیای راستی و سیاسه‌ت ئه‌ده‌ن، ئینجا راستی بوونی خۆیان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام كاتێك راستی بوون و كێشى خۆیان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كات تێپه‌ڕیوه‌، نمونه‌ی ئه‌مانه‌ له‌دوای شۆرشی نه‌وت زۆره‌. هەموو ئه‌مانه‌ی كه‌ له‌ناوچه‌نه‌وتیه‌كان بێ پاڵپشتی راسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌چوارچێوه‌ی یاسا و ده‌ستوردا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر یه‌قینیش نه‌بێ، له‌بێباكی و هیچ و پووچیان ئه‌بێ گومانی جدی بكرێ، كه‌ئه‌مانه ‌ماڵی به‌رپرسیاریه‌تی نین. ‌هه‌ركاتێك ده‌سه‌ڵاتدارانی وه‌ڵاتانی نه‌وتی راستی و توانا و پێگه‌ی خۆیان بۆ ده‌ركه‌وت ئه‌وكاته‌زۆربه‌یان له‌جیاتی سه‌ركه‌شی وه‌ك سه‌دام و قه‌زافی په‌نا بۆ سامان و ئابوری نه‌وت ئه‌به ن بۆ دابن كردنی ئاسایشی ژیان و مانه‌وه‌ی خۆیان به‌وه‌ی كه‌ئاماده‌ن هه‌رچی هه‌یه‌وه‌ك باج بیده‌ن به‌هێزه‌ناوچه‌ی و جیهانیه‌كان ته‌نها له‌بری ئه‌وه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاته‌ساخته‌كه‌یان بمێنه‌وه‌ ،كه‌دیسان بۆ ئه‌م حاڵه‌ش نمونه‌ی كۆن و تازه‌مان زۆره‌. كاتێك ده‌سه‌ڵاتداران باج ئه‌ده‌ن بۆ كڕینی رۆژانی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌ر حیسابی ژیان و گوزه‌ران و ئاینده‌ی گه‌له‌كانیان ئه‌بێ چاوەرێي كرانه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رگاكانی تراژیدیا بین به‌ڕووی خه‌ڵكه‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌موو به‌هاكانی ژیان و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی .

پانۆڕامای نه‌وت هه‌ر له‌سه‌ره‌تایی سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا تا ئێستاش چه‌نده‌ها درمای سیاسی، جیۆپۆلۆتیك، ئابوری له‌گه‌ڵ چه‌نده‌ها ده‌رهاویشته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌خشه‌ی نوێی هێزو مه‌یدانی ململانێی ناوچه‌یی و جیهانی له‌خۆ‌گرتووه‌، به‌جۆرێك ئه‌توانین بڵێین كه‌هیچ كێشه‌و ململانه‌یه‌ك و قه‌یرانێك له‌م 80 ساڵه‌ی دوایدا نه‌بووه ‌كه ‌وه‌كو درامای نه‌وت رۆڵی سه‌ره‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ تیا نه‌بینیبێ، به‌جۆرێك له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا نه‌وت خۆی بۆته‌ سیاسه‌ت و چه‌ك له‌كێشەو پەيوەنديه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، بۆ نمونه‌ هه‌رچی هێزه‌ گه‌وره‌كانی جیهان و ناوچه‌یه‌كان هه‌ن، نه‌وت سیاسه‌تیانه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتن و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتن و بڕیاردانیان له‌سه‌ریی، له‌زۆر حاڵه‌تیشدا ئه‌م نه‌وته‌ به‌كاردێ وه‌ك چه‌كێك له‌سیاسه‌تی ئابوری و جیۆپۆلۆلیتیك و دابه‌شبوونی هاوسه‌نگی هێزه‌كان ئه‌ویش له ‌رێگای كاریگه‌ری خستنه‌سه‌ر به‌های نه‌وت له‌بازاڕه‌كان، هه‌روه‌ها له ‌رێگای  رێگاكانی گواستنه‌وه‌ی بۆ بازاڕه‌كانی جیهان. هه‌ركاته‌و هه‌رجاره‌ی له‌شوێنی درامای نه‌وت له‌سه‌ر پشت و شانی هێزه‌كاریگه‌ریه‌كانی ناوچه‌و جیهانیه‌كان كه‌نه‌وت و ئابوری نه‌وت جو‌ڵێنه‌ری سه‌ره‌كی هه‌موو هێزه‌كانه‌به‌جۆر و شێوازی جیاواز نیشان ئه‌درێت، كه بۆ ‌هه‌ندێك گه‌ل و شوێن مژده‌ی خێر، وه به بۆ ‌هه‌ندێكی تر هه‌واڵی تراژیدیا ئه‌دات. تا نه‌وت و گاز وه‌ك ته‌نها سه‌ره‌چاوه‌ی سه‌ره‌كی وزه ‌بوونیان هه‌بێ شاهیدی گه‌لێك پانۆڕامای درامای نه‌وت ئه‌بین كه‌بێگومان ژیان و داهاتووی نه‌وه‌كانی جیهانی له‌سه‌ربه‌نده ‌به ‌فۆڕم و ئه‌ندازه‌ی جیاواز له‌شوێن و كاتی جیاوازدا. ئه‌وه‌ی گرنگ بێ بۆ هه‌ر گه‌ل و وه‌ڵاتێك بوونی سیاسه‌تێكی روون ، نیشتیمانی، مرۆڤ وه ژینگه‌دۆستانه‌یه ‌تا بتوانن لانی كه‌می ژیان و داهاتوویه‌كی سه‌ر به‌رزانه‌ بۆ خه‌ڵك و گه‌لی خۆیان فەراهەم  بكه‌ن، وه  ‌له‌درامای نه‌وتدا به‌ته‌واوی نه‌بنه‌ قوربانی یاری كه‌رانی سه‌ره‌كی دراماكانی نه‌وت چ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی یان نێوده‌وڵه‌تی .

به‌شداری چالاكانه‌و راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك له‌بڕیاره‌ سیاسی و ئابوریه‌كاندا له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا مه‌رجی بنه‌ڕتیه‌ بۆ قوربانی نه‌بوونی رۆڵه‌و نه‌وه‌كانی گه‌ل بۆ ژیان و گوزه‌رانی هێزه‌ ته‌ماحكاره‌كان.

له‌گه‌ڵ دیاریده‌ی گلۆبالیزم و بازاڕی ئازاد، گه‌لان و وه‌ڵاتانی به‌رهه‌م هێنه‌ری نه‌وت رووبه‌ڕووی سه‌خترین قه‌یرانی دارای  و ئابوری ئه‌بنه‌وه، ‌كه ‌ئه‌شێ ئاكامه‌كانی له‌هه‌موو روویەكه‌وه ‌تراژیدیابێت، چونكه ‌ئه‌و وه‌ڵاتانه ‌وه‌كو له‌سه‌رتاوه‌ ئاماژه‌مان پێدا، چه‌ند ده‌یه‌ك به ‌پاڵپشت به‌سامان و داهاتی نه‌ختینه‌ی نه‌وت هه‌موو بوار و كه‌رته‌كانی تری ئابوریان پشت گوێ خست، هه‌روه‌ها سامانی مرۆیان له‌رووی زانستی، ته‌كنه‌لۆژی و مه‌عریفی و فه‌هه‌نگیه‌وه‌ به‌ته‌واوی له‌چوارچێوه‌یه‌كی ناچالاك و ناكارادا سڕكرد. ‌ژێرخانی توانا مرۆییه‌كانیان هەر  له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌نه‌بوون  وه دەسەلاتدارانى بێ باك و  بەسەرا  كەوتوى نەوتيش  هیچ زه‌مینه‌یه‌كیان دروست نه‌كرد بۆ گەشه پێدا ن و  پێگەياندنى تواناكان  وه هەروەها  زه‌مینەشيان  دروست نەكرد، كه توانا مرۆييەكان ‌تێیدا به‌كاربێت و به‌رهه‌م هێنه‌ربێت هەر لەبەر ئەمەشه زۆرێ له  خاوەن تواناكان له‌گه‌ڵ ‌پەیدابوونی هەر هەلێ بێ دوودلى كۆچ  ‌ئەكەن . ئێستاش ئه‌م وه‌ڵاتانه‌ هه‌ریه‌كه‌و به‌جۆرێك ناچاركراون كه‌رۆڵی ئابوری ده‌وڵه‌تی كه‌م بكرێته‌وه‌، واتا كه‌رته‌كانی ده‌وڵه‌تی تایبه‌ت بكرێن وه‌كو چۆن ئێستا سعویه‌ خه‌ریكی فرۆشتنی كۆمپانیایی نيشتيمانى ئارامكۆی نه‌وته ‌به كه‌رتی تایبه‌تی و سه‌رمایه‌گوزه‌رانی بیانی، له‌هه‌مانكاتدا نزمبوونه‌وه‌ی به‌های نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا ناچار بوون  بۆ پڕكردنه‌وەی بودجه‌ی پێویست، باج و گومرگ و رسومات له‌سه‌ر هاوڵاتیان رۆژبه‌ڕۆژ زیاد بكرێت وه  هەروەها  كەم كردنەوەى  مووچەى فەرمانبەرانى، كەرتى گشتى. بێگوومان ئه‌مه‌ش كاريگەریى سه‌ختی ئەبێ له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌ران و داهاتووی ئابووریى تاك و  كۆمەڵ، كه‌ئه‌نجامه‌كه‌ ی له‌زۆر وه‌ڵاتدا ئاسان نییه‌ كه‌پێشبینی بكرێ، به‌ڵام هه‌موو قەیرانەكان نیشانه‌ی هه‌واڵى خۆش ناده‌ن ئه‌گه‌ر‌ له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی وه ‌به‌به‌شداری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك چاكسازی ریشه‌یی نه‌كرێ له‌بواری كارگێڕی، ده‌سه‌ڵات ، چاكسازی له‌به‌رنامه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده ‌له‌قۆناخی هه‌ره‌سه‌ره‌تاییه‌وه ‌تا زانكۆكان به‌ئاراسته‌ى كارابوونیان له‌هه‌موو بواره‌كانی ئابوری و به‌رهه‌مهێنان لەگه‌ڵ دروستكردنی زه‌مینه‌ی ته‌ندروست و ئامانجدار بۆ سه‌رمایه‌گوزاری ماددی و مرۆيی له‌چوارچێوه‌ی یاسایی و ده‌ستوریدا له‌گه‌ڵ فه‌راهه‌مكردنی هه‌ل و شانسی یه‌كسان بۆ هه‌مووان به ‌یاسا.

پانۆڕامای نه‌وت له‌كوردستانیشدا به‌هه‌مان جۆره‌، به‌ڵام دژوارتر ئه‌بینرێ له‌چاو ئه‌و ناوچه‌و وه‌ڵاتانه‌ی تر كه نەوتيان هەیه لەبەر  زۆر هۆكار  كه گرنگترینیان  نه‌بوونی دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تی و نیشتیمانیه‌كانە، كه‌له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و میللی مامڵه ‌لەگه‌ڵ نه‌وتدا بكه‌ن. له‌م شوێنانه‌ی كه‌ده‌وڵه‌تن كه‌م یان زۆر ده‌وڵه‌تدارن ناچارن هەندێ  هه‌ستى به‌رپرسیاریه‌تیان هەبێ بەرامبەر ‌ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك هيچ نەبێ  له‌به‌ر  هەندێ  بەرپرسياريەتى جيهانى  وه پەيوەديان به دامەزراوه جيهانىەكانەوه ، به‌ڵام له‌كوردستان له‌بری ده‌وڵه‌تێكی یه‌كێتی نیشتمانی چه‌ند گرووپ و ده‌سته‌ی چه‌كدار به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گرووپی حیزبی مامڵه ‌لەگه‌ڵ نه‌وتدا ده‌كه‌ن، هه‌ره‌وه‌كو له‌میدیا كانه‌وه‌ ده‌بینین و ده‌بیستین كه‌س نازانێ گرێبه‌ست چۆن كراوه ‌به‌رهه‌م و داهات چه‌نده. هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆيه ‌كه ئەمرۆ  ‌كوردستان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی دارایی جددیی بۆتەوە، كه‌ده‌ربازبوون لێی ئه‌گه‌ر مه‌حاڵیش نه‌بێ زۆر سه‌خته ‌ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی جێی داخه ‌كه ‌ئه‌كراو ئه‌شیا وانه‌بێ.‌