ملیۆنان دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم و زیاتر لە دە ملیار دۆلاری عێراق، كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەدام حسێن، تا سەردەمی سیاسی و كاربەدەستە باڵاكانی ئێستا، لە بانكەكانی لوبنان دەستیان بەسەرداگیراوە، دوای ڕاگەیاندنی ئەمدواییەی مایەپووچبوونی بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتەش چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
ئاوێنه: دوایین ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت ئاماژەی بە 637 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم كرد (310 ملیۆن یۆرۆ و 294 ملیۆن دۆلار)، كە بەهۆی كێشەیەكی یاساییەوە لە بانكێكی لوبنان بلۆككراوە.
ڕۆژنامەی ئەلیكترۆنیی دەرەج-ی لوبنانی، كە زیاتر گرنگی بە بابەتی شیكاری و بەدواداچوون و بنكۆڵكاری دەدات، لە ڕاپۆرتێكدا و لە زاری شارەزایەكەوە جەختی لەسەر دەستبەسەراگرتنی ئەو پارانەی داهاتی نەوتی هەرێم كردووەتەوە و دەڵێت، پارەكە بە دوو ئەژماری بانكی دانراوە، ئەوەش بەشێكە لە دەیان ئەژمار، بەڵكو سەدان ئەژماری بانكی كە دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنكارانی عێراقی و بەرپرسانی سیاسی و داهاتی گشتیی دەوڵەت، كە لە بانكەكانی لوبنان هەڵپەسێردراون.
لە زاری سەرچاوەیەكی حكومیشەوە بڕی پارە دەستبەسەرداگیراوەكان بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت و دەڵێت، لەنێویاندا ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلار هەیە، كە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراق و بەهەمان شێوە لە بانكەكانی لوبنان هەڵپەسێردراوە.
ئاماژەدان بەو پارانە لەكاتێكدایە دووشەممەی ڕابردوو سەعادە ئەلشامی جێگری سەرۆکی حکومەتی لوبنان لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، “دەوڵەت و بانکی لوبنان مایەپووچ بوون”، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی لەو وڵاتەدا هێنایە ئاراوە.