پارێزگاری سلێمانیو سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیو ژمارەیەک لەئەندامانی کارگێڕی ژوور پێشوازییان کرد لەشاندێکی حکومی پارێزگای کوردستان لەکۆماری ئیسلامی ئێران کە پارێزگاری سنەو ژمارەیەک لەبەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی پارێزگای کورستانی لەخۆدەگرت.
د.هەڤاڵ ئەبوبکر، پارێزگاری سلێمانیو سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانیهو پیشەسازی سلێمانیو یاسین رەحیم فەرەجو نەوزاد غەفور جێگرانی سەرۆکی ژوورو ئەحمەد کەلاریو ئازاد شمقارو عەتا حاجی رەجەب ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور لەبینای ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی پێشوازییان کرد لەپارێزگاری سنەو شاندی یاوەریو کۆنسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسلێمانی.
د.هەڤاڵ ئەبوبکر پاریزگاری سلێمانی لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند “خۆشحاڵین بەسەردانکردنی پارێزگاری کوردستانو شاندی یاوەری، ئیمە دەمانەوێت لەم کۆبونەوانەدا چارەسەری کێشەکان بدۆزینەوە تا پەیوەندە بازرگانیەکان بەهێزتر بێت”.
راشیگەیاند “لێکتێگەشتنی زۆرمان پێکەوە واژۆ کردووە، بەڵام کاری کەممان کردووە، بۆیە دەبێت کارەکان لەپرۆتۆکۆڵییەوە بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبەرئەوەی بازرگانان چاوەڕێ دەکەن ڕاستەوخۆ کارەکانمان ببینن کە توشی کێشە نەبنهو کارەکانیان بۆ ئاسان بکرێت”.
شاندەکەی پارێزگای کوردستان پێکهاتون لە بەڕێز ئیسماعیل زارعی کوشا – پارێزگاری کوردستان
بەڕێز سادق خدرڤەیسی – سەرۆکی نوێنەرایەتی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لەپارێزگای کوردستان
بەڕێز ئیحسان دەروێشی – بەڕێوبەری گشتی کاروباری پارێزگار
بەڕێز محەمەد خبتیار خەلیقی – بەڕێوەبەری گشتی پیشەسازی، کانزاو بازرگانی پارێزگای کوردستان
بەڕێز پەمیان ئەسکەندەری – بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای کوردستان
بەڕێز خەلیل حەیدەری – چاودێری کاروباری گومرگی پارێزگای کوردستان
بەڕێز عەلی ئەسغەر مەردانی – راوێژکاری پارێزگار
بەڕێز ئەنوەر رەشیدی – سەرۆکی شارەوانی سنە
بەڕێز عەلی اکرب عبدملکی – سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە
سیروان محەمەد،سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی لەدانیشتنەکەدا ڕایگەیاند “ئێمە کێشەی مەرزەکانمان هەیە، دەبێت چارەسەریان بکەین بۆ بەهێزبونی بزرگانی لەدەروازە سنورییەکان بەتایبەت لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخو پەروێزخان، کە بەداخەوە مەرزی باشماخ یەکێک بوو لەمەرزە چالاکەکان بەڵام ئێستا هەموو بارەکان ڕویانکردۆتە مەرزی تەمەچین، نازانین هۆکارەکەی چیە؟! دەمانەوێت وەک بازرگان باسی بکەین گومانمان هەیە کە پیلانگێڕیی لەسەر مەرزی باشماخو پەروێزخان هەبێت”.
راشیگەیاند “لەماوەی ڕابردودا داوامان کرد کاری کۆڵبەرەکان زیاد بکرێت، ئەوەبوو کراو کاری بازرگانی باش بوو، بووە هۆی باشبونی ڕەوشی خەڵکی ناوچەکەو جوڵەی بازرگانی زیاد بوو، بەڵام لەئێستادا کە ناهێلدرێن کار بکەن ئەمە بۆتە هۆی خاوبونەوەی کاری بازرگانی، بۆیە هەمومان دەبێت کاربکەین ئەو جوڵەیە هەبێتو هەژارانی ناوچەکە سوود وەرگرن”.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانی، سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەدا “بەرهەمەکانی سەوزەو میوە بەشێوەیەکی نەشیاو لەکۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دێت بۆ سەر مەرزەکان، بەبارهەڵگری ساردکەرەوە نایەن ئەوەش بۆ خواردن خراپ دەبێت، بۆیە داواکارین هەوڵبدرێت ئەو بارانە بەشێوەیەکی تەندروست بهێندرێتە کوردستان”.
لەبارەی باری یەکسەرەوە وتی ‘تا ئێستا داواکارییەکان جێبەجێ نەکراوە کە بەردەوام هەوڵدراوە چارەسەر بکرێت، ئەگەر ئەو کارە بەهاوبەشی بکرێت تەنها لەمەرزی باشماخو پەروێزخان، ئەوا دوو بەرامبەر کاری بازرگانی زیاد دەکات، بۆیە دەبێت هەموان پێکەوە بڕیارێکی ئازایانە بدەینو ئەمە داوای ژووری بازرگانیو پیشەسازیو پارێزگای سلێمانییە”.
پاشان بەڕێز ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری کوردستان لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند “سوپاسو خۆشحاڵم بەم پێشوازییە گەرمە، سەردانەکەی ئێمە لەئێستادا بۆ شاری سلێمانی ئەوەیە کە دەمانەوێت کێشەکان دیاری بکەین تا چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، لەبواری ئابوریو بازرگانیو پیشەسازی دوو ڕەشنوسمان ئامادە کردووە کە بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە نەک تەنها واژۆ بکرێتو کاری پێ نەکرێت، بۆیە داوا لە بەرپرسانی گومرگ دەکەم چارەسەری ئەم کێشانە بکەن و کۆتایی پێبهێندرێت”.
راشیگەیاند “ئێمە لەئستادا کار لەسەر ئەوە دەکەین کە کاری بازرگانی فراوانترو بەهێزتر بکەینو مەرزی باشماخ بگەیەنینە لوتکەو کاری زیاتری تێدا بکرێت ، کەمبونەوەی ئاڵوگۆر لەمەرزەکانەوە کاری لەسەر دەکەم بۆ ئەوەی کاریان کەم نەبێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشدا “بەهێزکردنی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ سلێمانی لەفراوانکردندایەو لەئەولەویاتی کارەکانماندایە”.
لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا تەواوی کێشەو گرفتەکان باسکراو بڕیاردرا کاری جدیان لەسەر بکرێتو کۆمیتەیەکی هاوبەش دروستبکرێت بەمەبەستی چارەسەر کردنی کێشەکان.