عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، رای گەیاند، سیاسەتی ئەوان ئەوەیە هەموو ئاراستەكان بەو ئاقارە بڕۆن كە تەنیا مامەڵە بە دینار و دراوی نیشتمانییەوە بكرێت لە هەموو كەرتەكانی بازاڕی ناوخۆدا، دۆلاریش تەنیا بە مەبەستی حەواڵە و بازرگانی و گەشتیاریی بەكار بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممه 16ی ئاداری 2023 لە وتارێكیدا پارێزگاری بانكی ناوەندی لە دیداری سلێمانی، رای گەیاند، ئێستە بانكی ناوەندی هەوڵەكانی خۆی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی مامەڵە داراییەكان لە رێگەی كارتی بانكییەوە بكرێت و لە ناوخۆی عێراقیشدا تەنیا دینار بەكاربێت لە بری دۆلار.
عەلاق هۆشداری دەدا کە دیاردەی پشتبەستن بە بانكی ناوەندی عێراق بۆ پڕکردنەوەی كورتهێنانی بودجەی وڵات، دیاردەیەكی ترسناكە و دەرکەوتوو پشتبەستنی بەشێك لە حكوومەتەكان بە بانكی ناوەندی وڵاتەكەیان، بووەتە هۆی هەڕەشە لەسەر سەقامگیری بڕی “كاش” نەقدی.
پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەیش دا كە كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی دیاردەیەكی نامۆیە لە بازاڕەكانی عێراقدا و بەرەو بە دۆلاركردن دەچێت سیستمی بازاڕەكە ” كاركردن بە دۆلار”، بۆیە ئەو هەڵاوسانە دروست دەبێت.
عەلی عەلاق ئەوەیشی گوت، هیچ كێشەیەكی حەواڵەی رۆژانەمان نییە، بگرە بەردەوام پەنجەرەی نوێی فرۆشتنی دۆلار بەشێوەی كاش زیاد دەكەەین، بەڵام هۆكاری بەرزمانەوەی دۆلار، چەند بازرگانێكن كە ئامادە نین بچنە ژێر باری رێكار و رێنوێنییەكانی بانكی ناوەندی بۆ فرۆشتنی دۆلار. ئەمەیش وەک عەلاق دەڵێ، كورتهێنان لە دابینكردنی خواست لەسەر دۆلار دروست دەكات.