بەمەستی کارکردنی ھاوبەشو بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان، ژمارەیەک لە خاوەن کارگە و کۆمپانیاکانی سوریا سەردانی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیان کرد.
لە کۆبونەوەیەکدا کە یاسین ڕەحیمو نەوزاد غەفور جێگرانی سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری ژوور بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی ئامادەبوون، بازرگانانی سوریا ڕایانگەیاند ”زۆر سپاسی میواندۆستی خەڵکی شاری سلێمانی دەکەین کە لە یەکەم دەقەوە لە فرۆکەخانە دابەزین ڕێزێکی زۆریان لێگرتین، سەرسامین بەو ئەمن و ئاسایشەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، هیوادارین بتوانین پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانمان بەهێز بکەین و بتوانین کاری هاوبەش ئەنجام بدەین”.
یاسین رەحیم، و نەوزاد غەفور، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی لە کۆبونەوەکەدا، یاساکانی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوە و داوایان لە بازرگانانی سوریا کرد پرۆژەی وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی ئەنجام بدەنو کارگەکانیان بهێنە شاری سلێمانی لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندە بە چەندین کەرەستەی خاوی پیشەسازیو بازاڕی عێراقیش زۆر گەورە و فروانە بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکان، ئێمەش لای خۆمانەوە وەکو ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی هاوکاری تەواوتان دەکەینو ئاسانکاریتان بۆ دەکەین”.
یاسین ڕەحیم ئاماژەی بەوەشدا، شاری سلێمانی لە ڕووی ئابوورییەوە گەشەسەندنی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە چەندین کەرەستەی بیناسازی، وەک (شیش و چیمەنتۆ و قیر و خشت) یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق و لە ڕووی کشتوکاڵیشەوە پێشەنگە و زۆرترین خانووی پلاستیکی لەسەر ئاستی عێراق لەم شارەدایە و ئەمن و ئاسایش بەرقەرارە، ساڵانە لە شاری سلێمانی چەنیدین پێشەنگای نێودەوڵەتی دەکرێتەوە، داواکارین بەریزیشتان بەشدار بن تاکو کاڵاکانتان بە بازرگانانی هەرێمی کوردستان و عێراق بناسێنن و بتوانن کاری هاوبەش بکەین”.
بازرگانانی سوریا رایانگەیاند، پەیوەندییەکی بازرگانی بەهێز لەنێوان سوریا و عێراق هەیە، خوازیارین بتوانین لەگەڵ بازرگانی کوردستانیش کاری هاوبەش بکەین، سەرسامین بە سەقامگیری ئەمنی لە هەرێـمی کوردستانو یاساکانی وەبەرهێنان دەخوێنیەوە و تاوتێی دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین پرۆژەی وەبەرهێنان ئەنجام بدەین.