راپۆرتی: زریان محەمەد
بە مەبەستی کردنەوەی نوسینگەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە ئیدارەی گەرمیان و بەسەرکردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و گوێگرتن لە کێشە و گرفتی بازرگانان و پیشەسازان لەو ناوچەیە وەفدێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەو بارەیەوە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: «رۆژی 9/9/2024 وەفدێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد بە مەبەستی باسکردنی کردنەوەی نوسینگەی ژورەکەیان لە گەرمیان».
پێویستە وەبەرهێنەران چاویان لەسەر گەرمیان بێت تا ناوچەکە لە رووی پیشەسازیی کشتوکاڵییەوە ببوژێتەوە، چونکە ناوچەکە بنەماکانی بوژانەوەی ئەو کەرتەی تێدایە و هێزی کاری زۆر و زەوی فراوان و کەرەستەی وەبەرهێنانی هەیە
بەهێزکردنی پەیوەندییەکان
لە سەرەتای سەردانەکەیان چاویان بە جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کەوت لەگەڵ ژمارەیک لە بازرگانانی ئیدارەی گەرمیان و لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و کاری بازرگانی و پیشەسازی لە ئیدارەی گەرمیان کرد. جەختیشکرایەوە لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی بازرگانی و وەبەرهێنان و پیشەسازی لە ئیدارەی گەرمیان.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا وەفدی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە بازرگانان و پیشەسازانی ناوچەکەیان راگەیاند: کاردەکەین بۆ کردنەوەی نوسینگەی ژووری بازرگانی لە ئیدارەی گەرمیان تا بازرگانان و پیشەسازان و خاوەن نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی زەوی و پیشانگاکانی ئۆتۆمبێل کارەکانیان لە کەلار بۆ رایی بکرێت و رێگەی دوور نەبڕن بۆ شاری سلێمانی.
جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیش پشتیوانیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بازرگانان و پیشەسازان و وەبەرهێنەران و هەر ئاسانکارییەک کە سوود بە کەرتی بازرگانی و پیشەسازی بگەیەنێت.
دواتر وەفدی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانی بەسەرکردەوە، بۆ لە نزیکەوە گفتوگۆکردن لەبارەی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشە و گرفتێک کە لە بەردەم کەرتی بازرگانیدا هەیە. وەفدەکە لەگەڵ عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان کۆبۆوە.
فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە کارئاسانی بۆ بازرگانانی دەروازەکە کرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون لە فراوانکردن و بەرەوپێشچوونی کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناو دەروازەی پەروێزخان بە جۆرێک خزمەتی زیاتر بە بازرگانان بکات.
لە گەرمیان چەندین کارگەی گرنگ و بەرهەمهێن هەن، کە بوونەتە سەرچاوەی دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و رەخساندنی دەرفەتی کار و دابینکردنی بژێوی بۆ ژمارەیەک لە خەڵکی ناوەچەکە، وەفدەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، سەردانی چەند کارگەیەکی کرد لە کەلار کە توانیویانە بەرهەماکانیان بخەنە بازاڕەوە و کێبڕکێ بکەن لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی دیکە.
یەکێک لەو پرۆژانەی کە بەسەر کرایەوە پرۆژەی مانگای شیری (مرواری فارم) بوو لە کەلار، ئەم پرۆژەیە پێکدێت لە بەرهەمهێنانی شیری سروشتی و کارگەیەک بە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 280 تۆن شیر و دەیان جۆر ماست و ماستاو و قەیماغی سروشتی بە باشترین و بەرزترین کوالێتی بەرهەم دەهێنێت، بەوەش توانیویەتی کێبرکێی بەرهەمە هارودەکراوەکان بکات و بەرهەمەکانی لە تەواوی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقدا دەفرۆشرێن، جگە لەوەش زیاتر لە 65 هەلی کاری بۆ خەڵکی ناوچەکە رەخساندووە.
بە کوالێتی ستانداردی عیراق
هەروەها بەسەرکردنەوەی کارگەی شیاو لە کەلار بەشێکی دیکەی سەردانەکەی وەفدی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی پێکهێنابوو، کە توانیویەتی دەرفەتی کارکردن بۆ نزیکەی هەزار کەس بڕەخسێنێت. ئەم کارگەیە لە توانایدایە 80 جۆر ئایسکرێم و چەندین جۆر پەنیر و دۆ و ماست بخاتە بازاڕەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە.
کارگەی بەرهەمهێنانی بۆری پلاستیکی ناری لە کەلار یەکێکی تر بوو لەو کارگانەی لەلایەن وەفدی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانییەوە بەسەر کرایەوە، کارگەکە خاوەنی چەندین جۆر بەرهەمی بۆری پلاستیکییە کە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 55 تۆنە و بە پێی کوالێتی ستانداردی عیراقی دەیخاتە بازارەکانەوە و توانیویەتی بە شێوەیەکی پێشکەوتوانە بۆری پلاستیکی لە هەموو جۆرەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کشتوکاڵی بەرهەم بهێنێت، لە پاڵ ئەوەشدا دەرفەتی کاری بۆ زیاتر لە 60 کەس رەخساندووە.
سەبارەت بە گرنگیی ناوچەی گەرمیان لە رووی پیشەسازی و بازرگانیەوە نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی وتی: چەندین جۆر دەرفەتی وەبەرهێنان لە دەڤەری گەرمیان هەیە، هەربۆیە هیوادارین وەبەرهێنەران چاویان لەسەر گەرمیان بێت تا ناوچەکە لە رووی پیشەسازیی کشتوکاڵییەوە ببوژێتەوە، چونکە ناوچەکە بە گشتی بنەماکانی بوژانەوەی ئەو کەرتەی تێدایە، بە تایبەتی کە هێزی کاری زۆر و زەوی فراوان و کەرەستەی پێویستی وەبەرهێنانی هەیە.