وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لەدیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵی کۆریای باشور لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕێین هاوشێوەی رێکەوتنەکەیان لەبارەی بودجەی 2023 و جێگیرکردنی پشکی کورد، کێشەی نەوتیش چارەسەر بکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری، ئەمڕۆ دوشەممە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازیکرد لە چۆ کیجۆنگ کونسوڵی گشتی کۆماری کۆریای باشور لە هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا وەزیری دارایی خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی کونسوڵ بۆ وەزارەتەکەی دەربڕی و ستایشی هەماهەنگی و هاوکاریەکانی وڵاتی کۆریای باشوری کرد کە پێشکەشی هەرێمی کوردستانیان کردوە.
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر دواین پەرەسەندنەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە، ڕایگەیاند، “چاوەڕوانین لەچوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنە سیاسیەی کە پێشتر لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی و حکومەتی عێراق کردومانە کەبوە هۆی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و جێگیرکردنی پشکی کورد، کێشەی نەوتیش بەهەمان شێوە چارەسەر بکرێت”.
لای خۆشیەوە، کونسوڵی گشتی کۆریای باشور لە هەرێمی کوردستان ستایشی هەنگاوەکانی وەزیری دارایی کرد لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابورییەکان لە سەر ئاستی ناوخۆ و بەغدا، بەتایبەت بەشە بودجەی هەرێم و یاسای نەوت و غاز کە هەنگاوی باشی بڕیوە.
کونسوڵی کۆریا لەهەرێمی کوردستان بەڵێنیدا چۆن لە ڕابردودا هاوکارو پشتیوانی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بون و چەندین پرۆژەی گرنگیان ئەنجامداوە، لەداهاتوشدا هاوکاری و هەماهەنگیەکانیان زیاتر دەکەن، هەروەک هیواشی خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی بۆی دانراوە لە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا وەزیری دارایی بە پێویستی زانی کۆریای باشور وەک دۆستێکی هەمیشەیی هەرێمی کوردستان ئاگاداری وردەکاری کێشەکان بن و هەوڵ و فشارە دیپلۆماسیەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبوەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق، هیواشی خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕەزامەندی و کۆدەنگی هەمو لایەنەکان لەوادەی دیاریکراودا بەڕێوەبچێت و ئامادەیی وەزارەتی دارایشی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دوپاتکردەوە.