عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی لە عێراق کۆدەبنەوە. دەشڵێت، “دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە و پێویستیان بە هاوکاری نییە.”
وەزیری دارایی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی و دامەزراوە داراییەکانی دیکە لە واشنتۆن زۆر باش بوو.
روونیشی کردووەتەوە، “لەگەڵیان گەیشتوونەتە چەند رێککەوتنێک، لە دیارترینیشیان پاڵپشتی ئەو دامەزراوانە بوو بۆ چاکسازی و پاڵپشتیکردن لە پەڕاوی چاکسازی.
وەزیری دارایی عیراق دەشڵێت، “لە ئایندەیەکی نزیکدا، دوای جەژنی رەمەزان لە بەغدا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و کە کۆبوونەوەکە بە بەشداری راوێژکاران دەبێت و تایبەتە بە پاڵپشتی تەکنیکی عێراق.
لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمەریکا وەزیری دارایی وتی، رێککەوتنامەی ستراتیژییان لەگەڵ وڵاتەکە هەیە بە تایبەت لە بواری ئابووریدا و ئامادەکارییەکان لەسەرجەم ئاستەکان لە نێوان هەردوو وڵات هەیە.