وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەرگیراوە بۆ دروستكردنی تونێلی دووەمی دەربەندیخان.
ئەمڕۆ هەینی، 29ی نیسانی 2022، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لەمیانەی بەسەركردنەوەی تونێلی دەربەندیخان كە دوێنێ بەهۆی روداوێكی هاتوچۆوە بەشێكی زۆری سوتا و لەئێستاشدا هاتوچۆ تێیدا راگیراوە رایگەیاند: “ئەمڕۆ سەردانی شوێنی روداوەكەمان كردووە، زیانی زۆری ماددی زۆر هەبووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت هاتین بۆئەوەی لەنزیكەوە ئاگاداری چۆنیەتی روداوەكە بین و پلانی كورتخایەنی خێرا بۆ چارەسەری گرفتەكە دابنێن و پلانی درێژخایەنیشمان هەبێت بۆئەوەی تونێلی دیكە دروستبكرێت”.
هەروەها راشیگەیاند:”رەزامەندی وەزارەتی دارایی وەرگیراوە بۆئەوەی تونێلی دەربەندیخان نۆژەن بكرێتەوە، بۆئەو مەبەستەش بەزوترینكات دەست بەهەنگاوەكان دەكەین”.
هاوكات باسی لەوەشكرد كە رێگای ناوتاق- بەردەكەڕ-چەمەرگە قیرتاو دەكرێت بۆئەوەی وەك رێگای بەدیل بەكاربهێندرێت و كێشەی هاتوچۆ دروست نەبێت.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لەمساڵدا دەست دەست بەجێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی تونێلی دووەمی دەربەندیخان دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، “پلانی دریژخایەنمان ئامادەكردوە و رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوە لەدوای پشوەكانی جەژنی رەمەزانیش ئەو لیژنەیەی پێكهێندرابو بۆ دروستكردنی تونێلی دیكە، دەست بەگفتوگۆكردن دەكات لەگەڵ یەكێك لەباشترین كۆمپانیاكانی ناوچەكە بۆئەوەی بەدو تیوبی دیكە بۆ تونێلی دەربەندیخان دروستبكرێت و لەمساڵیشدا دەست بەجێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە دەكرێت”.
ئەوەشی رونكردەوە، پرۆژەكە دەبێتە تونێلی دوەم و لەئێستاشدا هەمو رێكارەكان كۆتاییان هاتوە و دوای گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیایەك جێبەجێدەكرێت.