وەزارەتی کشتوکاڵ هێنانی جۆرە “بزنێک” ئازاد دەکرێت

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، پشتیوانی خۆی بۆ هاوردەكردنی جۆرێك لە بزنی شیردەر بەناوی بزنی سانین ڕاگەیاند.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم لە پەیجی خۆی نوسیویەتی: باشترین جۆرەكانی بزنی شیردەر لە جیهاندا دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان ،وەزارەتمان بۆ زیادكردنی بەرهەمی شیر پشتگیری هاوردەكردنی ئەم جۆرە بزنە دەكات.

وەك ئاماژەی پێكردووە، ئەو جۆرە بزنە، بە بزنی سانین ناسراوە، زێدی رەسەنی بزنی سانین (saanen) هەرێمی بێرنی سویسرایە، بەڵام ئێستا بە 80 وڵاتدا بڵاوبووەتەوە.

ئەوەیشی خستووتەڕوو، فەرەنسا و ئوسترالیا و هۆڵەندا و سویسرا پشكی شێریان لە گەشەپێدان و زیادكردنی ئەم بزنەدا بەركەوتووە، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیدا گرنگی بەو جۆرە پڕۆژەیە دەدرێت.
س.س