لە ئێستادا جوتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێداویستی ناوخۆی بازاڕەکان سەوزە بەرهەم دەهێنن، لە رێگەی دەروازە سنورییەکانیشەوە سەوزە لە ئێرانەوە دێتە بازارەکانی هەرێمی کوردستان بۆیە جوتیاران داوا لە بەشی کشتوکاڵی ژووری بازرگانی دەکەن هەوڵ بدات ڕێگری لە بەرهەمی هاوردە بکرێت تاکو زەرەرمەند نەبن.
وەسفی خەلیل، راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت ”ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو تێچوی سەوزەی ناوخۆ بەرزبۆتەوە، بەهۆی ناجێگری نرخی دۆلارەوە سەرجەم کەرەستە کشتوکاڵییەکان گران بووە، بۆیە هەوڵ دەدەین بازاڕ بۆ بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ بدۆزینەوە”.
ئاماژی بەوەشدا، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندییدارەکان قسەمان کردوە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی، تاکو بە زوترین کات بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی سەوزە دەربکرێت، بەم نزیکانە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم بڕیاری قەدەغەکردنی بەرهەمی سەوزەی هاوردە دەردەکات.