وەزارەتی نەوتی عێراق کۆی داهاتى هەناردەکردنی نەوتی مانگی کانوونی دووەمى ئەمساڵى راگەیاند، کە بڕەکەى زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتى نەوتى عێراق بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگى کانوونى دووەمى 2024، 103 ملیۆن و 508 هەزار و 438 بەرمیل بووە، هەروەها کۆی گشتی داهاتی نەوتی عێراق گەیشتۆتە 8 ملیار و 25 ملیۆن و 616 هەزار دۆلار.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی کانوونی دووەمى 2024 لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 102 ملیۆن و 25 هەزار بەرمیل بووە، هاوکات بڕی هەناردەکراو لە گەیارە یەک ملیۆن و 19 هەزار و 132 بەرمیل بووە، هەروەها هەناردەکردن بۆ ئوردن 464 هەزار و 306 بەرمیل نەوت بووە.