وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ، ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی هاوبەشی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی كشتوكاڵی دەكرێت و بریاردرا بە دابينكردنى زەوی بۆ خاوەن پرۆژەكانی وەبەرهێنان بەپێی خەسڵەتەكانی وەبەرهێنان.
وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 2021/12/6 لەدیوانی وەزارەت بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ بەئامادەبوونی ستافێكی وەزارەت پێشوازی لە د. محمد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و شاندێكی یاوەریكردووە، كە بەمەبەستی پتەوتركردنی پەیوەندییەكان و هەماهەنگی و هاوكاریكردنی یەكتری بەتایبەتی ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی هاوبەشی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی لەنێوان هەردوولا.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بەپێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی تایبەتمەند بەمەبەستی دیاریكردنی ڕووبەرێك زەوی بۆ خاوەن پرۆژەكانی وەبەرهێنان، كە بە پێی خەسڵەتەكانی وەبەرهێنان بێت و هەروەها دابینكردنی ڕووبەری (400 ) دۆنم زەوی بۆ ناوچەی پیشەسازی لە پارێزگای هەڵەبجە وگرتنەبەری رێكارەكان.
دەربارەی كەمكرنەوەی رۆتین لە مامەڵە و مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ پرۆژەكان و دانانی كۆمەڵێك پرۆژەی وەبەرهێنان بۆ پاكێجكردن و بەبازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆكرا.
لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەو هەنگاوانەی باس كراون بڕیاری لێوە دراوە لەپێناو پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی و پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و دەستەی وەبەرهێنانە لە هەرێمی كوردستان.