وەزارەتی دارایی عێراق داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی 10 مانگی پێشووی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە قەبارەی داهاتەکە زیاتر لە 136 تریلیۆن دینار بووە و داهاتی نەوت 95%ی پێکدەهێنێت.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق پشتبەستن بە داهاتی نەوت لە 10 مانگی رابردوودا 95.3% بووە، داهاتە نا نەوتییەکانیش 4.7%یان پێکهێناوە.
رایگەیاندووە، کۆی داهاتەکان تا مانگی تشرینی یەکەم 136 ترلیۆن و 262 ملیار و 85 ملیۆن و 482 هەزار و 91 دینار بووە، کۆی خەرجییەکان لەگەڵ پێشینەکان بڕی 92 ترلیۆن و 889 ملیار و 853 ملیۆن دینار.
بەپێی خشتەی دارایی، زیادەی بودجە تا مانگی تشرینی یەکەم بڕی 43 ترلیۆن و 372 ملیار و 231 ملیۆن دینار بووە، کە بەرامبەرە بە 29 ملیار و 707 ملیار دۆلار.
سەبارەت چۆنێتیی خەرجکردنی داهاتەکان، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەداوە، 79.73 ترلیۆن دیناری داهات بۆ خەرجیی بەگەڕخستن بووە و تەنها شەش ملیار دینار لە بواری وەبەرهێنان خەرجکراوە.