وەزارەتی دارایی بڕیاریدا کار ئاسانی بكات بۆ كارگەكان لەپێناو پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و كار لەسەر كەمكردنەوەی باج و ڕسومان بكات.
وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمرۆ دووشەممە لە دیوانی وەزارەت بەسەرپەرشتی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری و بە ئامادەبوونی کوێستان محمد، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەکالەت، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بەڕێوەچوو.
باسی لەوەشكردووە، کۆبوونەوەکە لەبارەی دۆخی کارگەکان و کێشەو گرفتەکانیان لەڕووی باج و ڕسوماتەوە بوو، تیایدا بڕیاردرا کار ئاسانیان بۆ بکرێت، لەپێناو پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی.
ڕوونیشیكردووەتەوە، لە میانی کۆبونەوەکەدا بەوردی باس لە گرفتی کارگەکان کرا لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی وەرگرتنی باج و ڕسومات کەوا ئاستەنگی بۆ کارکردنیان دروستکردووە.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، بڕیاردرا لە ڕێگەی دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بەدواداچوونی چڕ بۆ کارگەکان بکرێت، تابتوانن کێشەکانیان چارەسەربکرێن.