وەزارەتی بازرگانی: بەشە ئاردی دابەشکراو بەباشی نانی لێدروست دەکرێت

تیمەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێم لە سلێمانی و هەولێر ڕایدەگەیەنن، ئەو بەشە ئاردەی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشکراوە، کوالێتی باشە و بۆ نان دروستکردنیش دەبێت.

هەردوو بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی دروستكراوی دانەوێلە لە سلێمانی و هەولێر ئاشەکانی ناوچەکانی خۆیان بەسەرکردووەتەوە و تێستی ئاردەکەیان کردووە، کە بۆ نان دروستکردن دەشێت.

وەزارەتی بازرگانیی هەرێم لەو بارەیەوە ئاشکرایکردووە، ” نەسرین محەمەد، بەرێوەبەری دروستكراوی دانەوێلەی سلێمانی، لەگەڵ تیمێكی تایبەت، بۆ دڵنییابوون لە كوالێتی بە شە ئاردی دابەشكراو سەردانی چەند ئاشێكی دەڤەرەكەیان كرد، لە نزیكەوە تاقیكردنەوە تێستیان بۆ ئاردی دابەشكراو كرد و دەرکەوتووە ئاردەکە گونجاوە”.

هاوکات لادێ ابراهیم، بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی دروستكراوی دانەوێلەی هەولێر، هەڵساون بە دروستكردنی نان، لەو گەنمەی بۆ هەرێمی كوردستان دێت، پاش تاقیكردنەوە و تێستكردن دەركەوت كە هەویرەكە بۆماوەی یەك كاتژمێر، جۆرێكی تر ماوەی دوو كاتژمێر ماوەتەوە، لە ‌‌ئەنجامدا دەركەوت كه نانێكی زۆر باشی لێدروست دەبێت و هیچ كێشەیەكی نییە.