بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە كۆی ئەو 55 پڕۆژەیەی لەلایەن جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمەوە چاودێری دەكرا 30 پڕۆژەیان چووەتە مۆڵەتەوە.
سەرەتای مانگی ئەیلولی رابردوو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگای سلێمانی، داوایكرد لە ماوەیەكی دیاریكراودا 55 پڕۆژەی وەبەرهێنەران بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.
قوباد تاڵەبانی داواشی لێكردن سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان وەك یەك تیم كاربكەن تا لە كەمترین ماوەدا سەرجەم پڕۆژەكان بكەونەكار.
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، كاروباری پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە باشی چووەتە پێشەوە، لەو 55 پڕۆژەیە، زیاتر لە 30 پڕۆژەیان مۆڵەتی وەرگرتووە یان چووەتە مۆڵەتەوە.
وتیشی، “ئەودوای پڕۆژەكانیش ژمارەیەكی زۆریان لە مامەڵەی مۆڵەتدان، سایت پلان كراون، تەنها چەند دانەیەكیشیان كێشەی یاسایی زەوییان هەیە و شارەوانی سەرقاڵی چارەسەركردنین”.
دوو لە پڕۆژەكان پڕۆژەی گەشتوگوزارین و دەكەونە شاخی گۆیژە و ناوچەی چەقچەق، عەزیز سەعید وتی، پڕۆژەكەی سەر شاخی گۆیژە ماستەرپلانەكەی تەواو بووە، ئەوەی دووەمیش لە تەواوبووندایە.
روونیشیكردەوە، بۆ پڕۆژەی یەكەمیان بەمنزیكانە راگەیاندنی بۆ دەكرێت بۆ وەرگرتنی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە، پڕۆژەكەی چەمچەق-یش دوای تەواوبوونی ماستەرپلان هەنگاوەكانی دیكەی جێبەجێ دەكرێت.
دەربارەی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بڕیاری لێدراوە، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی وتی، دیاریكردنی ژمارەی یەكەكان بەپێی پارێزگاكان لە دەسەڵاتی ئەواندایە، شارەوانیش ئەركی دابینكردنی زەوییەكەی دەكەوێتە ئەستۆ، پارێزگاش پێوەرەكان دیاریدەكات، سەرجەم ئەو هەنگاوانە یەكلاكراونەتەوە، نوسراو بۆ دەستەی گشتیی وەبەرهێنان كراوە بەمەبەستی رەزامەندیی كۆتایی و دواتر راگەیاندنی تا یەكێك لە كۆمپانیاكان وەریبگرێت و دەست بەكاركردن بكرێت.