وه‌زیرانی دارایی هه‌رێمی کوردستان و عێراق له‌باره‌ی بودجه‌ كۆ ده‌بنه‌وه‌

شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی ئاواتی شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی، سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی عێراق، له‌باره‌ی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2023 كۆ ده‌بێته‌وه‌.

فارس عیسا نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یاند، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تیی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری ده‌گه‌نه‌ به‌غدا.

رێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ بۆ مانگی 11 و 12ی ئه‌مساڵ، عێراق 400 ملیار دینار بنێرێت، به‌ڵام هێشتا پاره‌كه‌ نه‌هاتووه‌

فارس عیسا روونی كرده‌وه‌، سه‌ردانه‌كه‌ له‌باره‌ی گفتوگۆكردنه‌ له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی 2023، پشكی هه‌رێمی كوردستان به‌ 13.9% دیاری كراوه‌.

سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا ئه‌وه‌ی راگه‌یاند، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌لای وه‌زاره‌تی داراییه‌، دوای ته‌واوبوونی كاره‌كانی، ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئابووری ده‌كرێت، پاشان بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بكرێـت.

بڕیار بوو هه‌فته‌ی رابردوو شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی پڕۆژیاسای بودجه‌ی 2023 سه‌ردانی به‌غدا بكات، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و گوته‌بێژی حكوومه‌تیش رای گه‌یاند، هه‌ركات به‌غدا وه‌ڵاممان بداته‌وه‌، شانده‌كه‌ ده‌چێته‌ ئه‌وێ.

هاوكات ساڵی رابردووش هه‌ردوو حكوومه‌ت له‌باره‌ی بودجه‌ رێككه‌وتن كه‌ پشكی هه‌رێم به‌ 12.67% دیاری كرا و بڕه‌كه‌ی 11 ترلیۆن و 482 ملیار و 394 ملیۆن دینار بوو، دواتر رێككه‌وتنێكی تر كرا و له‌و رێككه‌وتنه‌ هاتبوو كه‌ به‌شی هه‌رێم به‌شێوه‌ی مقاسه‌ “ئه‌سه‌ر ره‌جعی” مانگانه‌ ناوه‌ند 200 ملیار بنێرێ، به‌ڵام ئه‌مساڵ ته‌نیا دوو مانگ پاره‌ نێرا.

مقاسە بریتییە لە لێ دەرکردن و زیادکردنی ئەو ئەرکە داراییەی دەکەوێتە سەر شانی دوو لایەن و بە گوێرەی رێککەوتنەکە ئەگەر حکوومەتی عێراق مانگانە 200 ملیار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات ئەوا بەو واتایەیە رێککەوتنەکە جێبنەجێ کراوە.

له‌ كارنامه‌ی نوێ حكوومه‌تی نوێی عێراق، رێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ بۆ مانگی 11 و 12ی ئه‌مساڵ، عێراق 400 ملیار دینار بنێرێت، به‌ڵام هێشتا پاره‌كه‌ نه‌هاتووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سێ مانگ دیاری كراوه‌ بۆ په‌سندكردنی پڕۆژه‌ بودجه‌ی 2023.