لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەم ھەفتەیە یان سەرەتای ھەفتەی داھاتوو سەرۆک کۆمار پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکات و سەرەتای مانگی داھاتوو دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕۆژی ١١ی مانگە پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی عێراقی دەركرد، كە بڕی نزیكەی ١٩٩ ملیار دۆلارە و پشكی هەرێم تێیدا ١٦ ترلیۆن دینارە.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، پێدەچێت ئەم ھەفتەیە یاخود سەرەتای ھەفتەی داھاتوو سەرۆک کۆمار پرۆژەیاسای بودجە پەسەند بکات و جێبەجێکردنی بودجە بکەوێتە مانگی داھاتوو، دوای ئەوەش حکومەت دەتوانێت پارەی تەرخانکراو بۆ پرۆژەکان خەرجبکات و ھاوڵاتییان لە قۆناغی داھاتوودا ھەست بە گۆڕانکاری گەورە دەکەن.
هەر لەسەر ئەو پرسە، باسم عەوادیی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، سەرۆک وەزیران پێشوازی لە پەسەندکردنی بودجە کردووە، ئەوەش ئاماژەیەکە لەوەی حکومەت قەناعەتی بە پەسەندکردنی بودجە ھەیە و بەشێوەی گشتی پارێزگاری لە فەلسەفەی بودجە کراوە و تێبینییەکی زۆری لەسەر نییە.