داتاکان دەریدەخەن تێکڕای ساڵانەی هەڵاوسان لە تورکیا گەیشتووەتە 69.97%، ئەوەش لەسەروو پێشبینییەکانەوەیە و بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی ڕابردوودا.
ئاوێنه: پەیمانگای ئاماری تورکیا بڵاویکردەوە، نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکان بەڕێژەی 7.25% بەرزبووەتەوە لە مانگێکدا ئەوەش لەسەروو ئەو پێشبینییانەوەیە کە پێشتر ڕۆیتەرز بڵاویکردبووەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخ و بە 6% داینابوو.
هەروەها بەپێی پێشبینییەکانی ڕۆیتەرز تێکڕای هەڵاوسانی ساڵانەی کەلوپەلەکان بەڕێژەی 68% دەبێت، لەکاتێکدا ئامارەکان دەریدەخەن هەڵاوسانی ساڵانە 69.97% بووە لە مانگی نیساندا.
هەروەها نرخی بەرهەمە ناوخۆییەکان بەڕێژەی 7.67% بەرزبووەتەوە لە مانگی نیساندا، لەکاتێکدا بەرزبوونەوەی ساڵانە دەگاتە 121.82%.
پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەکردووە بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان لە تورکیا بۆ شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان و داڕمانی نرخی لیرە دەگەڕێتەوە.