هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی باس لە شێوازی دابەشكردنی ئەو نەوتە بێبەرامبەرە دەكات كە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوەو یەك ملیۆن لیتری بەر سنوری پارێزگای سلێمانی كەوتوەو دەشڵێت، ئەو نەوتە لەسەر داواكاری من و سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی نێردراوە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە، لەبارەی ئەو بڕە نەوتەی لەبەغداوە نێردراوە، بە روداوی راگەیاند، ”ئەو بڕەی هاتوە یەك ملیۆن لیتری بۆ سلێمانی و هەڵەبجەو هەردو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینە، ئێستا دەستمان بە دابەشكردنی كردوە بۆ خەڵكانی هەژارو كەمدەرامەت و خاوەنپێداویستیی تایبەت.”
لەبارەی شێواز و مەرجی پێدانی ئەو نەوتە، هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی”بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقامەكان راسپێدراون كارەكان رایی بكەن و هەر خێزانێك ئەگەر ئەو پێوەرانەی تێدابو كە دیاری كراوە بۆ پێدانی نەوتەكە، ئەوا 100 لیتر نەوت بێبەرامبەر وەردەگرێت، ئەولەویەتیش بۆ كەسانی هەژاری خاوەنپێداویستیی تایبەتە.”
پارێزگاری سلێمانی باسی لەوە کرد، تەواوی دو ملیۆن لیتر نەوتەكەی بەغدا لەسەر داواكاریی سیروان محەمەد، سەرۆكی ژوری بازرگانیی سلێمانی و ئەو نێردراوە و، وتی”ئێمە وەك منەت ئەوە باس ناكەین، بەڵام راستیی بابەتەكە بەو جۆرەیە سەرۆكی ژوری بازرگانیی سلێمانی لە ئەڵمانیا ئەو داواكارییەی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، دواتر پەیوەندی بە ئێمەوە كرد رێكارە یاساییەكانمان جێبەجێكرد بەو جۆرە دو ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ كوردستان بە بێ بەرامبەر دابینكرا، راستیی باسەكە بەو جۆرەیە نەك لەسەر داواكاریی لایەنێكی سیاسی یان چەند پەرلەمانتارێك هاتبێت.”