“هەوڵ دەدرێت توتنی خۆماڵی زیندوو بكرێتەوە”

ئا: رێژەن سەردار

بازرگانێکی توتن ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا لەسەر خواست‌و بڤەڕیژەیەکی زۆر کەم توتن دەچێنرێت، ئەو دەڵێت “هه‌وڵ ده‌ده‌ین توتنی خۆماڵی زیندوو بكه‌ینه‌وه‌، كوردستان ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌وڵاته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی توتن له‌سه‌ر ئاستی جیهان، ئه‌گه‌ر گرنگی به‌كۆكردنه‌وه‌ی ئاوو دروستكردنی به‌نداو بدرێت”.

رابه‌ری مام بایز، بازرگانی توتن‌و خاوه‌نی فرۆشتگای توتنی ڕه‌سه‌ن ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربه‌ی ئه‌و توتنه‌ی له‌شاری سلێمانی ده‌فرۆشرێت له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ دێت له‌شاره‌كانی “مه‌هابادو ورمێ‌و مه‌ریوان” یان له‌شاره‌ كوردیه‌كانی باكوری كوردستان وەک “وان‌و دیاربه‌كرو ئه‌دیمان” هاورده‌ ده‌كرێت، ئەو دەڵێت “له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هاوڵاتیان ڕویان كردۆته‌وه‌ ئه‌و پاكه‌تانه‌ی كه‌ توتنه‌، ئێمه‌ خۆمان ئاماده‌ی ده‌كه‌ین‌و ده‌یخه‌ینه‌ كیسه‌وه‌”.

رابەر ئاماژە بەوە دەکات کە له‌ساڵانی رابردوودا له‌شاری سلێمانی زۆرترین بڕی توتن به‌رهه‌م ده‌هات، به‌ڵام له‌ئێستادا زۆر زۆر كه‌مه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی چاندنی توتن زۆر قورسه‌و بازاڕیشی باش نیه‌، ئەو وتی “جوتیارێك چه‌ند دۆنمێك بكات به‌توتن ته‌نها لەسلێمانی‌و هه‌ولێر بۆی ساغ نابێته‌وه‌، توتنه‌كه‌ كۆن و خراپیش ده‌بێت‌و زیانر ده‌كات، له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان جوتیار ١٥ تۆن توتن به‌رهه‌م بهێنێت خه‌می نیه‌، حكومه‌ت لێی ده‌كڕێته‌وه‌، لێره‌ ئه‌و شتانه‌ نیه”.

وتیشی “له‌هه‌رێمی كوردستان ته‌نها چه‌ند دێرئاوێك توتن ده‌كرێت، ئه‌و جوتیارانه‌ی توتن ده‌كه‌ن دوو یان سێ دێرئاو ده‌كه‌ن به‌گوێره‌ی خواست‌و داواكاریی، بۆ نمونه‌ بازرگانێكی باشوری عێراق داوا ده‌كات جوتیاره‌ ئه‌وه‌نه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، بڕی به‌رهه‌مه‌كه‌ی زۆر كه‌مه‌ له‌ كیلۆیه‌ك تاكو ١٠ كیلۆیه‌، نرخه‌كه‌شی له‌ ٢٥ هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاكو ١٠٠ هه‌زار دینار به‌ گوێره‌ی كوالێتی توتنه‌كه‌ نرخه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت، توتنی بۆندار هه‌یه‌ كه‌ چاندنی هیلاكی زۆری ده‌وێت نرخه‌كه‌ی گرانتره‌ ده‌گاته‌ سه‌روو ١٠٠ هه‌زار دینارو زیاتر له‌ ناوجەی شارباژێر ده‌كرێت، له‌بناری قه‌ندیلیش هه‌یه‌ له‌وه‌رتێ‌و خۆشناوه‌تیش به‌گوێره‌ی داواكاریی توتن ده‌چێنرێت”.

رابەر ئەوە روندەکاتەوە کە له‌هه‌رێمی كوردستان چه‌ند دوكانێك هه‌ن توتن ده‌فرۆشن، له‌دهۆك دوو دوكان هه‌یه‌، له‌هه‌ولێریش سێ دوكان هه‌یه‌، له‌سلێمانی دوو دوكان هه‌بوو یه‌كێكیان داخراوه‌ له‌ئێستادا، ئەو وتی “ئێستا ته‌نها خۆمان كار ده‌كه‌ین، به‌پێی داواكاری ئه‌م دوكانانه‌ توتن له‌توركیا و ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كەین کە ساڵانه‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی ١٠ تۆن، زیاتریش له‌ وه‌رزی زستاندا سه‌رف ده‌بێت”.

وتیشی “باشترین‌و گرانترین جۆری توتن له‌هه‌رێمی كوردستان ناوی (رۆیاڵه‌) له‌باكوری كوردستانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، ئێمه‌ سه‌رجه‌م توتنه‌كان به‌شێوه‌ی توتن ده‌فرۆشین كه‌ به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێت فلته‌رو ئامێری بۆ بكڕێت‌و بیكات به‌جگه‌ره‌ی ئاسایی یان به‌پای بیكشێت یاخود لولی بكات به‌بێ فلته‌ر بیكێشێت، ئێمه‌ خۆمان ئامێرمان هه‌یه‌ زۆرجار له‌ به‌رچاوی كڕیار توتنه‌كه‌ی بۆ ده‌كه‌ین به‌جگه‌ره‌ی ئاسایی”.

رابەر باس لەوە دەکات کە له‌ساڵانی رابردوودا له‌گونده‌كانی شارباژێر بڕێكی زۆر توتن ‌چێنراوە، ئەو وتی “من خۆم خه‌ڵكی گوندی سه‌راوم، ته‌نها له‌گونده‌كه‌ی ئێمه‌ كه‌ گوندێكه‌ له‌شارباژێر له‌ساڵانی رابردوو سه‌روو ٢٠ تۆن توتن ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ حكومه‌تی عێراقی ده‌یكڕیه‌وه‌، كارگه‌ی جگه‌رەی سلێمانی هه‌بوو توتنێكی زۆری له‌جوتیاران ده‌كڕیه‌وه‌، به‌ڵام چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌و كارگه‌یه‌ داخراوه‌، باشترین جۆری توتن له‌خاكی كوردستان ده‌كرێت به‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه‌وه‌، جاران ئه‌و توتنه‌ی له‌شارباژێر ده‌كرا به‌پله‌ی مومتاز وه‌رده‌گیراو لەسەر ئاستی عێراق یەکەم بوو”.

وتیشی “ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بتوانین شەتڵه‌كان له‌باكوری كوردستانه‌وه‌ بهێنین له‌خاكی هه‌رێمی كوردستان بیچینین لێره‌ كوالێتیه‌كه‌ی باشتر ده‌بێت، به‌ڵام له‌ئێستادا كێشه‌ی كه‌م ئاویمان هه‌یه‌، توتنیش ئاوێكی زۆری پێویسته‌ ده‌بێت بیری بۆ لێبدرێت، ده‌بێت هه‌ر كێڵگه‌یه‌كی توتن بیرێكی بۆ لێبدرێت تاكو توتنه‌كه‌ دوو رۆژ جارێك ئاو بدرێت، چاندنی توتن وه‌ك مه‌رزه‌ وایه‌ ئاوی زۆری پێویسته‌”.

ئەم بازرگانەی توتن ئاماژە بەوە دەکات کە توانیویانه‌ له‌ڕێگه‌ی سۆشیال میدیاوه‌ بازاڕێك بۆ خۆیان بدۆزنه‌وەو ریكلام بۆ به‌رهه‌مه‌كانیان بكه‌ن، ئەو وتی “ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌مێكی كوالێتی به‌رز بگه‌یه‌نینه‌ ده‌ست هاوڵاتیان‌و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین توتنی خۆماڵی زیندوو بكه‌ینه‌وه‌، كوردستان ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌وڵاته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی توتن له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌گه‌ر گرنگی به‌كۆكردنه‌وه‌ی ئاوو دروستكردنی به‌نداو بدرێت”.