وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ بانکی ناوەندی زۆرترین بڕی دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە و گەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە ئاستی پێشووی خۆی.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی راگەیاند، “ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق بڕی 219 ملیۆن و 978 هەزار دۆلاری فرۆشتووە، کە 50 ملیۆن و 50 هەزار دۆلاری بە نەقدی بە بازاڕەکان و 169 ملیۆن و 928 هەزار دۆلاریشی بۆ حەواڵە فرۆشتووە، کە ئەمە زۆرترین بڕە لەماوەی یەک مانگ و نیوی رابردوودا کە لەیەک رۆژدا خستبێتییە بازاڕەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “لە بازاری دۆلارەکەی سلێمانی تا 155هەزار و 500 دینار دابەزی، بەڵام دواتر بەرزبوونەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە”.
باسیلەوەشکرد، “ئەگەر بانکی ناوەندی لەسەر ئەم هەنگاوەی بەردەوام بێت، بە دڵنیاییەوە دۆلار دەگاتەوە ئاستی پێشووی خۆی”.
جەبار گۆران جەختیلەوەش کردەوە، “حکومەتی عێراق هەر کارێکی کردووە، دەبێت نرخی دۆلار دابەزێنێت، چونکە ئابووری وڵاتەکە بەرگەی ئەو بەرزبوونەوەیە ناگرێت و دەڕوخێت، چونکە وڵاتێکە بەرهەمی ناوخۆی کەمە ئاستی بژێوی خەڵک دادەبەزێت”.